بكوژانی میدیا فەیزوڵا دەستگیركران

کوردستان

12/08/2021     ژمارەی بینراو 4081

راچڵەكین-

پۆلیسی كەركوك دەستگیركردنی سێ كەسی راگەیاند كە تۆمەتبارن بە تەقەكردن لەماڵی محەمەد شەمسەدین- پاڵەوانی نێودەوڵەتی كورد لە بەرزكردنەوەی قورساییدا، كەبەهۆیەوە هاوسەرەكەی بەناوی (میدیا فەیزوڵا) كەئەویش پاڵەوانی هەمان یاریە، گیانی لەدەستداو كچەكەی بریندربوو.

عەمید كاوە غەریب، فەرماندەی پۆلیسی كەركوك رایگەیاند، دوای روداوی تەقەكردن لەماڵی محەمەد شەمسەدین لەگەڕەكی فەیلەقی شاری كەركوك، هێزەكانیان دەستیان بەلێكۆڵینەوە كرد و توانیان لەماوەیەكی كەمدا، تۆمەتبارێكی ئەو روداوە دەستگیربكەن، پاش لێكۆڵینەوەكانیش لەگەڵ ئەو تۆمەتبارەكەدا، دەركەوت 2  كەسی دیكەی لەگەڵدابوە.

ئاماژەی بەوەشكرد:" "هەردوو تۆمەتبارەكەی دیكەش دەستگیركراون و دانیان ناوە بەتاوانەكەیاندا و هۆكارەكەشیان بۆ كێشەی كۆمەڵایەتی گەڕاندوەتەوە".

عەمید كاوە غەریب، روونیكردەوە:''ئەو كەسانەی تاوانەكەیان ئەنجامداوە و خزم و كەسی نزیكی یەكترن لەگەڵ خێزانی كوژراوەكەدا و لەئێستاشدا لێكۆڵینەوەی زیاتر لەوبارەیەوە ئەنجامدەدرێت.''

پۆلیسی كەركوك ئاماژەی بەوەكردووە، یەكێك لەوانەی لەتاوانەكەدا بەشدار بووە، بەشداریكردووە لەمەراسیمی پرسەی میدیا-دا تا گومانەكان لەسەر خۆی دووربخاتەوە.

 

 

 

كۆتایی مانگی رابردوو، ژمارەیەك چەكدار لەگەڕەكی فەیلەقی شاری كەركوك تەقەیان لە ماڵی محەمەد شەمسەدین پاڵەوانی نێودەوڵەتی لە بەرزكردنەوەی قورسایی كرد و لەئەنجامیشدا هاوسەرەكەی بەناوی میدیا فەیزوڵا كە پاڵەوانی لەشجوانیە لەگەڵ كچە تەمەن 10 ساڵانەكەی برینداربون، پاش نۆ رۆژ مانەوە لەنەخۆشخانە، میدیا بەهۆی كاریگەری برینەكەیەوە گیانی لەدەستدا.  


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن