قوباد تاڵەبانی لەسەر دەستگیركراوانی رووداوەكەی لالەزار دێتە دەنگ

کوردستان

2 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 1043

راچڵەكین -

جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم هەڵوێستی خۆی لەبارەی دەستگیركراوانی رووداوەكەی لالەزار ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت: بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت و وەك هەر تۆمەتبارێكی دیكە مافە یاساییەكانیان پارێزراو دەبێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 1-9-2025، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ محەمەد ئەلحەسان، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عیراق، كۆبووەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێك كە وێنەیەكی دەست راچڵەكین كەوتووە، لە دیدارەكەدا گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهاتەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق كرا، قوباد تاڵەبانی باسی لە پێویستی سەروەریی یاسا و رێزگرتن لە دامەزراوەكان كرد و رایگەیاند: ئەوەی لە ماوەی رابردوودا لە سلێمانی روویدا، لە درێژەی هەوڵەكانی چەسپاندنی سەروەریی یاسا و جێبەجێكردنی بڕیاری دادگا و پاراستنی ئارامی و ئاسایشدا بووە.

جێگری سەرۆكەزیران وتیشی:" وەكچۆن سلێمانی هەمیشە بە شاری ئازادی و كاری سیاسی و ئازادیی رادەربڕین لە كوردستان و عیراق و ناوچەكەدا ناسراوە، لە ئێستا و لە داهاتووشدا هەر وەك شاری ئازادییەكان دەمێنێتەوە، بەڵام لە هەمان كاتیشدا رێگە بە دروستبوون و جموجوڵی میلیشیا و هێزی چەكدار لە دەرەوەی یاسا نادرێت".

سەبارەت بە دەستگیركراوانی رووداوەكانی ئەم دووایە، قوباد تاڵەبانی جەختی كردەوە كە بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت و وەك هەر تۆمەتبارێكی دیكە مافە یاساییەكانیان پارێزراو دەبێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن