راچڵەکین-
جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان پێشبینی دەکات ناوەڕاستی مانگی ئەیلول پرۆسەی خوێندن دەستپێبکاتەوە.
عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ راچڵەکین وتی:" پێشنیار کراوە سەرەتای مانگی ئەیلول پرۆسەی خوێندن دەستپێبکاتەوە، بەڵام پێمان وایە دەگاتە ١٥ی ئەیلول، چونکە سەرەتای مانگی ئەیلول تاقیکردنەوەی خولی دووەمی پۆلی ١٢ی ئامادەیی دەبێت، بۆیەپێمان وایە دوای تەواوبوونی تاقیکردنەوەکان پرۆسەکە دەستپێدەکاتەوە".
دەشڵێت:" پێمان وا نییە وەک ساڵی رابردوو خوێندن بە نۆرە بێت، بەڵکو هەموو رۆژەکان دەبێت، چونکە پلان وایە لەسەرەتادا دەبێت پێداچوونەوە بە بابەتەکانی ساڵی رابردوو بکرێت بەتایبەت قۆناغەکانی بنەڕەتی، ئەوەش کاتی زیاتری پێویستە".
جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان سەبارەت بە وەرگرتنی ڤاکسین بۆ مامۆستایان کە کراوەتە مەرج یاخود نا ئاماژەی بەوەشکرد:" ناتوانرێت وەرگرتنی ڤاکسین بکرێتە زۆرەمڵێ، بەڵام وەک هاندانێک داوا لە مامۆستایان کراوە کە ڤاکسین وەربگرن لەگەڵ خوێندکارانی سەرو تەمەن ١٦ ساڵ، بۆ ئەوەی رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بکرێت".