وەزیری بازرگانی هۆكاری گرانبوونی نرخی خواردەمەنی و ئارد ئاشكرا دەكات

چاوپێکەوتن

24/08/2021     ژمارەی بینراو 345

راچڵەكین-

وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێم دەڵێت، گرانبونی نرخی خواردەمەنی بەتایبەت ئارد هۆكارەی لەدەرەوەی دەسەڵاتی ئەوانەو پەیوەندی بە بۆرسەی جیهانییەوە هەیە.
 
ماوەی چەند رۆژێكە نرخی ئارد لەهەرێمی كوردستان بەرزبووەتەوە، ئەوەش گرفتی بۆ ژیانی هاوڵاتیان دروستكردووە بەتایبەت كە بەهۆیەوە نرخی نان بەرزبووەتەوەو نرخی شەش نان لەبەشێك لەنانەواخانەكانی سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان بوو بە هەزار دینار.

كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، لەبارەی ئەز گرفتەوە بەبەشی كوردی دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە:" ئەوەی پەیوەندی بە ماددەی خۆراكیەوە هەیە بەتایبەتی ئارد كە چەند ڕۆژێكە نرخی نان بەرزبۆتەوە ئێمە بەدواداچوونی تەواومان لەگەڵ بازرگانەكان كرد چونكە ئاردی سپی كە بۆ نانەواخانەكان لەدەرەوە دەهێنرێت، ئێمە دانیشتنمان لەگەڵ كردن هۆكارەكەی ئەوەیە لەسەرئاستی جیهانی گەنم لە بۆرسەی جیهانی گرانبووە هەر تەنێك ئارد 60 دۆلاری چۆتەسەر بۆیە نرخی ئەو ئاردەش لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان زیاد بووە."

وتیشی:" كۆبوونەوەیەكمان كرد لەنێوان وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بۆ دراسەكردنی ئەو بابەتە بەو شێوازە بوو ئەوەی پەیوەندی بە بۆرسەی جیهانییەوە هەیە لەدەسەڵاتی ئێمەدا نییە، ئەوی تریان كۆبوونەوەمان كرد و ڕۆژی پێنج شەممەی داهاتووش دوای ئەوەی هەر وەزارەتە دەچێت دراسەی بارودۆخی وەزارەتەكەی خۆی دەكات لەسەر ئەو پەیوەندیەی وەزارەتەكە بەو بابەتەوە هەیەتی بەرچاوڕوونی تەواو لەگەڵ ستافێك لە ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر دەكەین بۆئەوەی بزانیین چۆن بتوانین ئەم بابەتە چارەسەر بكەین ئەوەی پەیوەندی بە حكومەتەوە هەبێت لەمەسەلەی باج و ڕسومات و لە مەسەلەی كارەبا و پێدانی سوتەمەنی و ئەو كارئاسانیانەی كە حكومەت بۆخۆی دەتوانێت بیكات، ڕۆژی پێنج شەممە جارێكی تر ئەو وەزارەتە پەیوەندیدارانە كۆدەبینەوە بۆ ئەو بابەتە."

كەمال موسلیم دەشڵێت" ئەو ئاردەی كە لە وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە بۆ فۆڕمی خۆراكەكە دابەشدەكرێت ئەوە پەیوەندی بەو ئاردەوە نییە كە دەدرێتە فڕنی نانەواخانەكان چونكە ئەوەی لای ئێمە لای وەزارەتی بازرگانی دابەشدەكرێت بۆ هاوڵاتیانە نەك ئێمە بیفرۆشینەوە بە فڕن و نانەواخانەكان."

وەزیری بازرگانی حكومەتی هەرێم ئەوەشی وت" بێگومان كاتێك كە شت گران دەبێت خواست لەسەری كەمدەبێتەوە بەتایبەتی لەلایەن ئەو خەڵكانەی كە داهاتێكی دیاریكراویان هەیە، گرانبوونی كەلوپەلی خۆراكیەكان پەیوەندی بە بۆرسەی جیهانییەوە هەیە لەوێوە گرانبووە نەك بڵێین بازرگانێك یان خەڵكێك لای خۆیانەوە گرانیان كردبێت چونكە لیژنەكانی چاودێری بازرگانی و لیژنەكانی تریش هەیە لە قایمقامیەت بەردەوام سەردانی بازاڕ دەكەین بۆ ئەوەی هیچ كەسێك ئەو دۆخە نەقۆزێتەوە و لە بازاڕدا شت گران بكات بەخواستی خۆی، هەندێك گرانبوون هەیە كە لە ئاستی جیهاندایەو لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە."

وەزیری بازرگانی حكومەتی هەرێمی كوردستان جەختیكردەوە لە هەنگاوەكانی حكومەت بۆ ڕێگریكردن لە گرانبونی نرخی كەلوپەل و خۆراك لەو ڕووەوە وتی" وەكو باسمكرد ئەوانەی پەیوەندی بە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هەیە خۆمان پێرێ دانیشتنمان لەسەر كردووەو پێنج شەممەش جارێكی تر هەموو وەزارەتە پەیوەندیدارەكان كۆدەبینەوە بۆئەوەی بتوانیین ڕێكارێك بگرینەبەر كە نرخەكە لەئاستێكی گونجاودا بهێڵینەوە نەك لەو نرخە بەرزەی كاریگەری لە هاوڵاتیان بكات."

 ئاماژەی بەوەشكرد:" هەر بازرگانێك كە بیەوێت بچێت ماددەی خۆراكی لەدەرەوە بهێنێت ئێمە ڕێگەی پێدەدەین و مۆڵەتی هاوردەكردنی دەدەینێ."

كەمال موسلیم ئاماژەی بەوەكرد" من وەكو وەزیری بازرگانی هیچ بازرگانێك نەهاتووە لای من بڵێت دەمەوێت ئەو ماددە خۆراكییە بهێنم و ڕێگریم لێكراوە و داوای سەرانەیان لێكردووم كەس نەهاتۆتە لای من ئەو سكاڵایە بكات چونكە هەركەسێك لای ئێمە ئەو سكاڵایە بكات ئێمە بەدواداچوونی بۆ دەكەین و ڕێگری دەكەین لە هەر دەستێوەردان و قۆرخكارییەك."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن