براكەیی و هاوسەرەكەی پێكەوە كوشت

مەڵتی میدیا

07/03/2020     ژمارەی بینراو 5091

راچڵەكین-

(ب) سەعات پێنجی بەیانی خۆی دەگۆڕێ و دەچێ بۆ دەوام، بەڵام پەشیمان دەبێتەوە و دەگەڕێتەوە ماڵەوە و ژنەكەی لەماڵ نابینێ. كاتێك دەچێتە ماڵی براكەی، دەبینێ هاوژینەكەی و براكەی پێكەوەن، هەر لەوێ دەستڕێژیان لێدەكات و دەیانكوژێت.
 
بەرەبەیانی رۆژی 16/2/2020، لە قەزای خەباتی سەر بە شاری هەولێر ژنێكی تەمەن 20 ساڵان بەناوی (ر) و پیاوێكی تەمەن 25 ساڵان بەناوی (ف.م) كوژران. ژن و پیاوە كوژراوەكە ئامۆزای یەكدین و لە ماڵی پیاوەكەدا كوژراون. ژنەكە شووی كردووە و دوو منداڵی هەیە، پیاوەكەش بە هەمانشێوە باوكی دوو منداڵە. بكوژەكەش بەناوی (ب.م) كە مێردی ژنەكەیە و پێشمەرگەیە، برای (ف.م)ـە و دوای رووداوەكە هەڵاتووە.
 
 سەرچاوەیەكی پۆلیس رایگەیاندووە، كوشتنی ئەو ژن و پیاوە بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی بووە. پۆلیس لەوە زیاتر زانیاری لەبارەی رووداوەكە ئاشكرا ناكات.
 
بەڵام كانەبی خدر كە گەورەی ئەو بنەماڵەیەیە، رایگەیاند: "ئەو ژن و پیاوەی كە كوژراون ئامۆزای یەكدین، ئەو كەسەی تاوانەكەیشی كردووە برای كوژراوەكەیە، هەردووكیشیان پێشمەرگەن".
 
 (ر) دوای ئەوەی مێردەكەی بەڕێدەكات بۆ دەوام، كاتێك دەزانێت ژنی شووبراكەی لە ماڵ نییە و چووەتە ماڵی باوكی، منداڵەكانی لە ماڵەوە جێدەهێڵێت و دەچێتە ماڵی شووبراكەی.
 
كانەبی دەڵێت: "مێردی ژنەكە لەگەڵ برای ژنەكەی سەعات پێنجی بەیانی دەچن بۆ دەوام، دوای ئەوان (ر) چووەتە ماڵی ئامۆزاكەی. هەر ئەو بەیانییە مێردەكەی گەڕابووەوە، بەڵام نازانین بۆچی، كاتێك دەچێتە ژوورەوە دەبینێت منداڵەكانی خەوتوون، بەڵام ژنەكەی لە ماڵ نییە، وادیارە پێشتر گومانی لە ژنەكەی هەبووە كە خیانەتی لێدەكات، بۆیە كە لە ماڵ نایدۆزێتەوە، یەكسەر دەچێتە ماڵی براكەی".
 
 (ب) لە ماڵی براكەی تووشی شۆك دەبێت كە بەو بەیانییە زووە هاوژینەكەی لەگەڵ براكەی دەبینێ، ئیدی دەست بۆ چەكەكەی دەبات و تەقەیان لێدەكات. 
 
كانەبی دەڵێت: "ئەو پیاوە كە ژنەكەی بەو شێوەیە لەگەڵ براكەی بینیوە، باوەڕی بەو دیمەنە نەكردووە كە ژنێك دایكی دوو منداڵیەتی و لەگەڵ نزیكترین كەسی كە برایەتی خیانەتی لێدەكەن، بۆیە هەر لەوێ دەستدڕێژی گوللەیان لێدەكات و دەیانكوژێت". 
 
بە وتەی كانەبی، (ف) كە پێشمەرگەیە، شەوی پێش رووداوەكە لە دەوام گەڕابووەوە، ژن و منداڵەكانی لە ماڵی خەزووری بوون. بەڵام ئەو دەڵێت تا ئێستاش نازانین (ب) بۆچی ئەو بەیانییە پەشیمان بووەتەوە و نەچووە بۆ دەوامەكەی.
 
كانەبی وتی: "من بەیانی زوو هەستام نوێژی بەیانیم كرد، لەناكاو تەلەفۆنیان بۆ كردم، خێرا چووم بۆ شوێنی رووداوەكە. كە گەیشتمە ئەوێ بینیم هەردوو تەرمەكە لەسەر زەوی كەوتبوون، یەكسەر پۆلیسم ئاگادار كردەوە. ئەوان هاتن و تەرمەكانیان بردن بۆ پەیمانگەی پزیشكی دادوەری". 
 
وتیشی: "هەردووكیان نزیكەی 10 گوللەیان بەركەوتبوو".
 
دوای ئەوەی پشكنین بۆ تەرمەكان كرا، كانەبی تەرمەكانی لە پەیمانگەی دادپزیشكی وەرگرتەوە. دواتر لەگەڵ ژمارەیەكی كەم لە پیاوانی بنەماڵەكەی تەرمەكانیان لە گۆڕستانێك شاردنەوە.
 
لە كوردستان ئەوانەی بەناوی شەرەفپارێزییەوە دەكوژرێن، رێوڕەسمی ناشتن و پرسەی شكۆداریان بۆ ناكرێ، تەنانەت هەندێك بنەماڵە ئامادە نین تەرمەكانیشیان وەربگرنەوە و دواتر شارەوانی تەرمەكە دەنێژێ.
 
كانەبی دەڵێت: "بەهیچ شێوەیەك پرسە بۆ ئەو جۆرە كەسانە دانانێین، چونكە ئەوان هەڵەیەكیان كردووە جێی شەرمەزارییە بۆ خۆیان و خێزانەكانیان، ئەوان هەردووكیان خاوەن منداڵ بوون. دەبووایە بیرێك لە منداڵەكانیان بكەنەوە".

(ب) دوای تاوانەكە هەڵاتووە، كەسوكاریشی سكاڵایان لەسەر تۆمار نەكردووە. كانەبی دەڵێت "دایك و باوكی ئافرەتەكە و پیاوەكە سكاڵایان تۆمار نەكردووە، بەنیازیش نین سكاڵا تۆمار بكەن، چونكە ئەوان هەڵەیان كرد، دوو بنەماڵەیان وێران كرد. چوار منداڵ بەهۆی ئەوانەوە هەتیو بوون".
 
باوكی ئافرەت و پیاوە كوژراوەكە كە برای یەكدین كێشەكەیان داوەتە دەستی گەورەی بنەماڵەكەیان كە كانەبیە، ئەویش دەڵێت: "بۆ ئەوەی (ب)یش نەكەوێتە زیندان، هەوڵدەدەین كێشەكە بە عەشایەری چارەسەر بكەین".

س:رووداو

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن