راچڵەكین
بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و تەشەسەندنی زیاتری گەندەڵی لە عێراقدا، هۆشداری لە هەرەسهێنانی ئابووری ئەو وڵاتە دەدرێت و هاوپەیمانێتییەكەی حەیدەر عەبادیش ئاشكرایدەكات، ئەگەری هەیە تا كۆتایی ئەمساڵ حكومەت نەتوانێت موچەی فەرمانبەران دابین بكات.
هاوپەیمانیی نەسڕ بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی سەرۆكی پێشووی حكومەتی عێراق، لە راگەیاندراوێكدا مەترسی خۆی لە هەرەسهێنانی ئابووری وڵات نیشانداوە، كە حكومەت نەتوانێت پابەندبوونە داراییەكانی جێبەجێ بكات.
ئەو هاوپەیمانیەتییە رایگەیاندووە، لەگەڵ بەردەوامبوونی دیاردەی گەندەڵی و دابەزینی نرخی نەوت، كە شادەماری ئابووری عێراقە، وڵات دووچاری قەیرانێكی قووڵی دارایی و ئابووری دەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، خەمڵاندنی ئاستی كورتهێنان لە بودجەی ئەمساڵ بەبڕی 50 ترلیۆن دینار، دۆخی ئابووری وڵات بە ئاقارێكی ترسناك دەبات، كە حكومەت چیتر نەتوانێت پابەندبوونە داراییەكانی سەرشانی بەرامبەر هاوڵاتیان جێبەجێ بكات، لەوانەش دابینكردنی موچەی فەرمانبەران و بودجەی بەكاربردن.
هاوپەیمانی نەسڕ ئاشكراشیكردووە، لەئەگەری بەردەوامبوونی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان، كە شادەماری ئابووری عێراقە، ئەگەری زۆرە لە كۆتایی ئەمساڵ، حكومەت توانای پێدانی موچەو دابینكردنی بودجەی بەكاربردنی نەمێنێت.
لە راگەیاندراوەكەدا هاتوووە، سیاسەتە هەڵەكانی حكومەت لەهەردوو بواری دارایی و ئابووری و شكستهێنانی لە ئیدارەدانی داهاتەكان بەشێوەیەكی تەندروست، هەروەها بێ دەسەڵاتبوونی لەئاست بنبڕكردنی گەندەڵی، وڵاتی بەرەو چارەنووسێكی نادیار بردووە، كە مەترسی دەكرێت ئابوورییەكەی دووچاری هەرەسهێنان ببێتەوە.