حكومەتی نوێی لوبنان پێكدەهێنرێت

جیهان

10/09/2021     ژمارەی بینراو 224

راچڵەكین –

دوای ماوەیەكی زۆر لە ناكۆكییەكانی نێوان لایەنەكانی لوبنان كە ببووە لەمپەر لەبەردەم پێكهێنانی حكومەتی نوێ، دواجار كابینەی نوێی حكومەتی ئەو وڵاتە بە سەرۆكایەتی نەجیب میقاتی پێكهێنرا.

ئەمڕۆ هەینی، رێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی لوبنان لەنێوان میشال عەون سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتەو نەجیب میقاتی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەت واژۆ كرا، بڕیاریشە رۆژی دووشەممەی داهاتوو یەكەمین كۆبوونەوەی حكومەت ئەنجام بدرێت و پلان بۆ رزگاركردن لوبنان لەو قەیرانانەی تێی كەوتووە دابڕێژرێت.

لەیەكەم لێدوانیشدا دوای راگەیاندنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت،  سەعد حەریری راسپێردراوی پێشوو بۆ پێكهێنانی حكومەت، هەموو پشتیوانییەكی خۆی بۆ نەجیب میقاتی نیشاندا لە سەرخستنی هەوڵەكانی بۆ دەربازكردنی وڵات لەو قەیرانە ئابوورییانەی دووچاری بووەتەوە.

ماوەی زیاتر لە ساڵێكە لوبنان بەبێ حكومەتەو لایەنە سیاسییەكانی ئەو وڵاتە نەیانتوانی لەسەر كابینەیەكی نوێی حكومەت رێكبكەونن ئەمەش لەكاتێكدایە ئەو وڵاتە بەهۆی قەیرانی ئابووریی و دابەزینی بەهای لیرە، بە دۆخێكی سەختی ئابووریدا تێدەپەڕێت و ئاستی هەژاری و بێكاریش لەناو هاووڵاتیاندا بەشێوەیەكی بەرچاو رووی لە هەڵكشان كردووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن