ئیسرائیل دوو زیندانیی هەڵاتووی فەڵەستینی دەستگیركردەوە

جیهان

10/09/2021     ژمارەی بینراو 219

راچڵەكین –

میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویانكردەوە، هێزە ئەمنییەكان توانیویانە دوو زیندانی هەڵاتووی فەڵستینی دەستگیر بكەنەوە، كە چوار رۆژ لەمەوبەر لەگەڵ چوار زیندانيی دیكە لە گرتوخانەیەكی ئەو وڵاتە هەڵاتبوون.

بەگوێرەی هەواڵێكی كەناڵی 12ی ئیسرائیلی، ئەمڕۆ هەینی، هێزە ئەمنییەكانی ئیسرائیل لەدوای پێنج رۆژ لە گەڕان بەدوای زیندانییە هەڵاتووەكانی گرتوخانەی جلبوع، دووانیان دەستگیر بكەنەوە، كە لەناوچەیەكی دەوروبەری گرتوخانەكە خۆیان حەشاردابوو.

رۆژی 6ی ئەم مانگە، شەش زیندانیی فەڵەستینی، كە پێنجیان سەر بە بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی بوون و یەكێكیشیان فەرماندەی كەتائیبی ئەقسا بوو، توانیان لە گرتوخانەی جلبوع هەڵبێن، كە یەكێكە لە گرتوخانە هەرە پتەوو بەناوبانگەكانی ئیسرائیل لەڕووی ئەمنییەوە.

بەگوێرەی میدایاكانی عەرەبی، زیندانییەكان لەرێگەی دروستكردنی تونێلێكەوە كە بە كەوچك هەڵیانكەندبوو، توانیان لە گرتوخانەكە هەڵبێن و خۆیان رزگار بكەن، لەدوای رووداوەكەش، كە كاردانەوەی زۆری لەناوخۆی ئیسرائیل لێكەوتەوە، هێزەكانی ئەو وڵاتە هەڵمەتێكی فراوانیان لەو ناوچەیەی كە گرتوخانەكەی تێدایە، دەستپێكرد بۆ گەڕان بەدوای زیندانییە هەڵاتووەكان. 

 

میدیاكانی ئیسرائیل، وێنەی ئەو دوو زیندانییە هەڵاتووەیان بڵاوكردەوە كە ئەمڕۆ دووبارە دەستگیركرانەوە، ئەوانیش هەریەك لە (مەحمود ئەلعارزەو یەعقوب قادری)ین، كە ئەندامی بزوتنەوەی جیهادی ئەیسلامین و تاوانبارن بە ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستی لەدژی هاووڵاتیانی مەدەنیی ئیسرائیل.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن