" نابێت كاندیدان بەڵێنێك بدەن كە یاسا ئەو مافەی پێنەداون"

کوردستان

15/09/2021     ژمارەی بینراو 128

راچڵەكین-

سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایدەگەیەنێت، دەبێت كاندیدی لایەنەكان دەستووری عیراق و یاساو پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەران بە باشی بخوێننەوە، نابێ بەڵێنێك بدەن كە یاسا ئەو مافەی پێنەداون.

ئامانج رەحیم، ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی ئەیلوول، لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردوەتەوە: "لە روانگەی بواری شارەزایی 25 ساڵەم لە كاری حكومی و پەیوەندی بەردەوامم لەگەڵ لیژنە پەرلەمانیەكانی ئەنجومەنی نوێنەران لە بەغدا لە دوای ساڵی 2005 ەوە بە تایبەتی بۆ دانووستان بۆ شایستە داراییەكانی هەرێم لە یاسای بودجەی فیدڕاڵ و ئەو پڕۆژە یاسا فیدڕاڵیانەی كە پەیوەندی بە مافەكانی كورد هەیە، پێم وایە كاری راستەقینەی پەرلەمانی چ لە بواری تەشریعی قانونەكان یان بەدواداچوون و لێپرسینەوە بە پێی یاسای ئەنجومەنی نوێنەران تەنھا لە رێگای لیژنە پەرلەمانییەكانەوە دەبێت".

دەشڵێت: "تەنانەت لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانیش پێش ھەموو شتێك لیژنەكان دەچنە سەر سەكۆی بەردەم دەستەی سەرۆكایەتی، و گفتوگۆ و بڕیاردان تەنھا لەسەر راپۆرتی لیژنەكان دەبێت".

ئامانج رەحیم دەڵێت: "دەبێت كاندیدە كوردستانییەكان دەستووری عیراق و یاسا و پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەران بە ووردی بخوێننەوە و بەپێی بڕوانامە و شارەزاییان خۆیان لە لیژنە پەرلەمانیەكاندا بدۆزنەوە، چونكە پێویستە بەڵێن و پەیمان و كارنامەی كەمپینەكانیان بە پێی تایبەتمەندییان بۆ خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران لەو چوارچێوەیە بێت، پەیمانێك نەدەن كە لە بنەڕەتدا قانون مافی پێنەداون یان ئەسڵەن كاری پەرلەمانتاری فیدڕاڵی نیە، بنەمایەكی قانونیش ھەیە دەڵێ: كەسێك كە خۆی خاوەنداری شتێك نەبێ ناتوانێ بیبەخشێ".

ئەمەی خوارەوە لینكی یاسای ژمارە13 ساڵی 2018 تایبەت بە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و پێكهاتەكانییەتی:
كلیك بكە

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن