راچڵەكین-
ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند، بەدواداچونی ورد لەسەر وتەكانی پارێزەرێك دەكەن، پەیوەست بە دەنگۆی بونی دەڵاڵ لەدادگای تێهەڵچونەوەی هەولێر.
رۆژی 24ی ئەم مانگە، جواد خۆشناو، پارێزەر لە هەولێر نامەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند:"ژمارەیەك دادوەر لە دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی هەولێر دەڵاڵیان هەیە و پارە لە خەڵك و لە پارێزەران وەردەگرن لە داگاكانی ( كەتن، بەرایی، پێداچونەوە)".
خۆشناو دەڵێت: "بەبەڵگە كێشەیان بۆ هەموو ئەو كەسانە دروستكردوە كە پارەیان پێنەداون، بۆیە سكاڵام تۆمار كردوە لە سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی هەولێر، بەڵام بەداخەوە سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی هەولێر ئامادە نییە بەڵگەكانم لێ وەربگرێت، كە بریتین لە 17 شاهێد و ڤیدیۆی تایبەت بەم داوەرانە و دەڵالەكانیان كە داوای پارە دەكەن".
لەبەرامبەردا ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ یەكشەممە لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاندوە: "دوای ئەوەی پارێزەرێك بەناوی جەواد خۆشناو لە ئەكاونتەكەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نوسینێكی بڵاوكردەوە كە تێیدا تۆمەت دەخاتە پاڵ ژمارەیەك دادوەر لە دادگاكانی كەتن، بەرایی و پێداچونەوە، ئێمە بەدواداچونی ورد دەكەین و لە پەیوەندیداین لەگەڵ سەندیكای پارێزەران بۆ وەرگرتنی ئەو بەڵگەنامانەی كە پارێزەری ناوبراو باسی كردوە".
ئەنجومەنی دادوەری ئاماژەی بەوەشكرد، دوای تەواوبونی رێكارەكانیش، ئەنجامەكان بۆ رای گشتی بڵاودەكەنەوە.
هەر لەسەر ئەو دۆسێیە، دوینێ عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بڵاویكردەوە: "بەدواداچونم كرد بۆ وتەی ئەو پارێزەرەی كە دەڵێ ژمارەیەك دادوەر لە دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی هەولێر دەڵاڵیان هەیە و پارە لە خەڵك و لە پارێزەران وەردەگرن لە داگاكانی (كەتن، بەرایی، پێداچونەوە)، بۆیە قسەم لەگەڵ سەرۆكی دەستەی دەستپاكی و داواكاری گشتی كرد و داوای لێكۆڵینەوەی یاسایم كرد".
ئاماژەی بەوەشكردوە:"پێیان ڕاگەیاندم كە ڕۆژی یەكشەممە (26ی ئەیلول) دەستدەكەین بە لێكۆڵینەوە لە زانیاری و بەڵگەكانی ئەو پارێزەرە، بۆ دڵنیابونەوە لەوەی ئەم زانیاریانە ڕاستە یان نا".