گۆڕان بۆ شكستی هێنا؟

چاوپێکەوتن

12/10/2021     ژمارەی بینراو 348

راچڵەكین-

ڕێكخەری ژووری پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان، لەبارەی شكستی بزووتنەوەكەی لەدواهەمین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، بزوتنەوەی گۆڕان پـێچەوانەی ئەو پەیامەی بۆی دروستببوو كاری كرد بۆیە تووشی شكست بوو.

كاردۆ محەمەد، بەبەشی كوردی دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە:" گۆڕان و شوناسنامەكەی پڕۆژەی ناڕەزایی خەڵك بوو بەرامبەر ئەو حوكمڕانیەی چەند ساڵە هەیە، كاتێك بە پێچەوانەی ئەم پڕۆژەیەوە كاردەكات بێگومان خەڵك ناچێتە دەنگدان و ئەو هێزە كۆمەڵایەتییە ڕێژەی دەنگەكانی نەك كەم دەكات بەڵكو شكست دەهێنێت لە پڕۆسەكە."

دەربارەی پێشبینی پێش وەختەیان بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، كاردۆ محەمەد نەیشاردەوە" ئێمە پێشتر لە ڕاستیدا خوێندنەوەمان هەبوو بۆ دۆخە گشتیەكە و پاشەكشەكە و ناڕەزایەتی و بایكۆتی خەڵك، بەڵام پێمان وابووە هیچ ڕێگەیەكی تر نەبوو لەبەردەمماندا جگە لە بەشداریكردن لەهەڵبژاردن، بەتایبەت كورد لە عیراقدا كە كێشەی ناوچە دابڕێنراوەكان و دەستوری هەیە، هەروەها كە نەتەوەی تر لەبەرامبەرمان هەیە و پێمان وابووە نوێنەرانێك بنێرین كە خەمی نیشتمان و خەڵكی كوردستانیان هەبێت."

دوێنێ بزوتنەوەی گۆڕان بەفەرمی سەبارەت بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن داوای لێبوردنی لە ئەندامان و لایەنگرانی كرد، بەشێك لە ڕەخنە گرانی بزوتنەوەی گۆڕان و چاودێران پێیان وایە ”هۆكاری سەرەكی شكستی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنەكان جگە لەبەشداریكردن لە حكومەت، بۆ هەڵوێستە سیاسییەكانی ئەو بزوتنەوەیە لەماوەكانی ڕابردوو دەگەڕێتەوە."

كاردۆ محەمەد، لەوبارەیەوە دەڵێت:" بزوتنەوەی گۆڕان چۆن لە سەركەوتنەكاندا بەرهەمەكەی دەچنینەوە، ئاواش لە شكستیدا بەرپرسیارێتی هەڵدەگرین و دەبێت بە خۆماندا بچینەوە، واتە ئەگەر لە یەك ڕستەدا كێشەی خۆمان كۆبكەینەوە هۆكاری ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، پەیوەندی بە وتاری سیاسی گۆڕان و ئەدای سیاسی گۆڕانەوە هەیە بۆ لێكدانەوە و هەڵوێستەكانی لەبەرامبەر ڕووداوەكان. "

كاردۆ محەمەد ئەوەشی وت: " بزوتنەوەی گۆڕان ئەگەر ئیرادەی ئەوەی هەبێت بەردەوامی بەو پڕۆژەیەی سەرەتای دروستبوونی و زەروریەتی دروستبوونی بدات وەك هێزێكی نیشتمانی و ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی، پێویستە بەخۆداچونەوە بكات، هەروەها گۆڕانكاری لە ئەدا و گوتاری خۆیدا بكات، ئەوانە بەرپرسن كە نوێنەرایەتی بزوتنەوەكە دەكەن. "

ڕێكخەری ژووری پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆتایدا جەختیكردەوە” ئیرادەی هەستانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان هەیە، لەو ڕووەوە وتی:" ئیرادەیەك هەیە بۆ ئەوەی گۆڕان بپارێزێت، ئەوەش پاراستنی هەر هەیكەلەكەی نەبێت، بەڵكو پاراستنی پڕۆژەكەشی بێت، زۆرینەی گۆڕان بەوەی ناڕازییە وە بەوەی كە ئێستا بەردەوامی بە كاری ڕێكخراوەیی دەدات لە گەڵ ئەوەن گۆڕان ئەو تایبەتمەندیەی خۆی بپارێزێت كە خەڵكی كوردستان لە حیزبەكانی تر چەشتوییانە و بێزارن، نایانەوێت ئەزمونی حیزبە تەقلیدییەكانی تربێت، پێویستییان بە هێزی نوێیە، گۆڕان داهێنەری ئەو چەمكانە بووە لە كوردستان، داهێنەری بوێری و خەمی نیشتمانەكەی بووە."

لەهەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق كە رۆژی 10ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، بزووتنەوەی گۆڕان سەرباری ئەوەی لەهاوپەیمانێتیدا بوو لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەڵام لەتەواوی ئەو بازنانەی كاندیدە هەبوو، نەیتوانی سەركەتن بەدەستبهێنێت و بۆ یەكەمجار لەسەرتای دروستبوونیەوە لەساڵی 2009، هیچ نوێنەرێكی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق نابێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن