فەیسەڵ كەریم خان برادۆستی پەیامێكی بڵاوكردەوە

کوردستان

12/10/2021     ژمارەی بینراو 2386

راچڵەكین-

فەیسەڵ كەریم خان برادۆستی، كاندیدی لیستی هاوپەیمانی كوردستان لەسنووری پارێزگای هەولێر رایدەگەیەنێت، تەواوی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردن رەتدەكاتەوە چونكە یاریەكی مەترسیدار بەدەنگەكان كراوە.

فەیسەڵ كەریم خان برادۆستی لەپەیامێكدا كەئەمڕۆ سێشەممە بڵاویكردووەتەوە ئاماژەی بەوەداوە:" دوای تەواوبوونی پڕۆسەی دەنگدان، لە ڕێگەی چەند تیمێكی شارەزاوە تەواوی شریتەكانی دەنگدانمان كۆكردنەوە و لای خۆمان پاراستمانن. دوای كۆكردنەوەی كۆی دەنگەكان، سەرباری چاوسووركردنەوە و ترساندن و گزیكردن، ژمارەی دەنگەكانی بەندە گەیشتنە نزیكەی (٢٨،٠٠٠) بیست و هەشت هەزار دەنگ و بەمەش زیاتر لە پێویستی كورسییەكی پەرلەمانیمان مسۆگەر كرد."

دەشڵێت:" دوای كاتژمێر (١١)ی شەوی ١٠ی ئۆكتۆبەر، یارییەكی مەترسیدار و بە چەندین ڕێگەی جیاواز جیاواز بە دەنگەكانتان كرا، بە جۆرێك كە ژمارەكان لە هەر شوێنە و بە جۆرێك دەخوێندرانەوە. "

فەیسەڵ كەریم خان ئەوەی روونكردووەتەوە: تەواوی ئەنجامە بەراییەكان ڕەتدەكەینەوە چونكە یارییەكی مەترسیدار بە دەنگەكانتان كراوە، و زیاتر لە ١٦١ سندوقیش تا دوێنێ نەنێردرابوون بۆ بەغدا، كە ٨٠ سندوق لە ناویاندا هی بازنەی یەكی سۆرانن؛ دڵنیاشتان دەكەمەوە كە دەنگی ئێوە ئامانەتە و تەواوی دەنگەكانتان بە ئامانەتەوە سەیر دەكەین و پاراستنییان بە ئەركی لە پێشینەمان دەزانین، و دڵنیابن هەموو ڕێكارە یاساییەكان دەگرینە بەر بۆ ڕێگەگرتن لە دزینی دەنگەكانتان."

ئەوە لەكاتێكدا دێت، دوێنێ د. مەجید محەمەد ئەمین، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی و لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی هەولێری یەكێتی، ئەمڕۆ دووشەممە لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە شاری هەولێر، كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانی سازكرد و ڕایگەیاند: ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لە هەولێر دەستكاری كراون و تەواوی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە هەولێر ڕەت دەكەینەوە. 

وتیشی: لەهەر چوار بازنەكەی هەولێر دەستكاری دەنگەكان كراون:" بەڵگەمان هەیە كە لەهەولێر سندوقی دەنگدان براوەتە دەرەوەی بنكەكان، ئەنجامی هەڵبژاردن ڕەتدەكەینەوە هەتا ئەو كاتەی كە سكاڵاكانمان لە لایەن بەغداوە وەڵامدەدرێتەوە چونكە ئێمە حزبێكی بەرپرسیارین. "

د. مەجید محەمەد ئەمین رایگەیاند:" گومانمان هەیە دەستكاری كردنی ئەنجامەكان دەستی دەركی لەپشتەوە بێت و كۆمسیۆن هەر بڕیارێك بدات ئێمە پێی رازین."


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن