عەلی حەمەساڵح هۆشداری دەدات

کوردستان

13/10/2021     ژمارەی بینراو 295

راچڵەكین-

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەگەر لەماوەی دوو هەفتەدا ئەو پلانەی هەیانە، جێبەجێ نەكرێت، نرخی بەنزین، گازوایل، نەوتی سپی و غاز بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزدەبێتەوە.
 
عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد: "لە 70%ی بەنزینی كوردستان لە ئێرانەوە دێت، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخە تایبەتەی ئێران هەیەتی ناردنی بەنزین، نەوتی سپی و گاز وایل لە ئێرانەوە بۆ كوردستان رادەگیرێت. ئەوەی كە دێت كۆمەڵێك ماددەی پترۆكیمیاوی مەترسیدارە كە لەكۆمەڵێك ماددەی بێكەڵك تێكەڵ دەكرێن و كوالیتی ئۆتۆمبێل تێكدەدات، ئەگەر ئێستا نرخەكەی بە 800 دینار بێت ئەو ماددە مەترسیدارە سەرەتانییە خراپە دەبێتە هەزار بۆ هەزار و 100 دینار."
 
وتیشی: "ئەگەر تاوەكو دوو هەفتەی ئایندە گوێمان لێنەگیرێت و بە قسەمان نەكرێت، نرخی بەنزین دەبێتە هەزار و 300 دینار. ئەمەش ئەگەر بێت و لە دوبەیەوە بێت. ئەمە بۆ گاز وایل و غازیش راستە."
 
عەلی حەمە ساڵح، ئاماژەی بەوەشكرد:" ئێستا تۆنێك غاز لە 650 هەزارەوە بووەتە ملیۆنێك و 100 هەزار دینار و دەشڵێت "راستە ئێستا بەرهەمهێنانی دانەگاز لە هەزار و 20 تۆنەوە كەمیكردووە بۆ 520 تۆن، بەڵام ئەوە تاوەكو 26ی مانگە. پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ غازەكە كۆنتڕۆڵی كارگەكان بكات، چونكە كارگەكان ئەو بەشەی وەریاندەگرت بەشێكیان بە گرانتر دەیفرۆشتەوە. ئەوەی دیكەش كە غازی بەنزینخانەكانەكانە نرخەكەی دیاری بكرێت."
 
ئێستا نرخی نەوتی برێنت بووەتە 83 دۆلارە، عەلی حەمە ساڵح لەبارەی نرخی نەوت دەڵێت "لە بەرمیلێك نەوت سافی 30 دۆلار بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەمێنێتەوە، كە ئەوە "زۆر زۆر خراپ"ەو دەڵێت "لە دونیا نەبووە نەوتی خاوت هەبێت و پاڵاوگەت هەبێت و نەیپاڵێوی، بچی لە دەرەوەی وڵات بەنزین بهێنیت. ئێستا پاڵاوگەی بازیان - قەیوان رۆژانە توانای پاڵاوتنی 30 بۆ 40 هەزار بەرمیلی هەیە كە بۆ عێراقی دەپاڵێوێت. هەروەها پاڵاوگەی كار بە تەنیا دەتوانێت لە 80% بۆ 85%ی پێداویستی هەرێمی كوردستان دابین بكات و توانای پاڵاوتنی 175 هەزار بەرمیلی هەیە و 25 هەزاری بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن