حكومەت كێشەی گرانبوونی نەوت و بەنزین چارەسەر دەكات

کوردستان

14/10/2021     ژمارەی بینراو 267

جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان

راچڵەكین –

حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵەكانی بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەی گرانبوونی نەوت و بەنزین دەخاتەگەڕ، وتەبێژی حكومەتیش رایدەگەیەنێت، بۆ ئەو مەبەستە مەسرور بارزانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی راسپاردووە سەردانی بەغدا بكەن.

جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێكی سەبارەت بە هەوڵەكانی حكومەت بۆ چارەسەركردنی كێشەی گرانبوونی نەوتی سپی و بەنزین بڵاوكردەوەو تێیدا ئاماژەی بەوەكردووە كە لەسەر راسپرادەی مەسرور بارزانی، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان سەردانی بەغدا دەكات.

وتەبێژی حكومەت هاووڵاتیانی دڵنیاكردووەتەوە كە حكومەت هەموو هەوڵێك دەخاتە گەر بۆ چارەسەر كردنی ئەم گرفتە.

دەقی راگەیەندراوەكە:

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی ڕابردوودا بەردەوام لە هەوڵی ئەوە دابووە كەوا بەنزین بۆ هاووڵاتیان  دابین بكات بە نرخێكی گونجاو، بەڵام بە هۆی ئەوەی بەشێكی زۆری بەنزین لە دەرەوەی هەرێم هاوردە دەكرا كە ئەوەش پەیوەست بوو بە نرخی نەوت و لە ڕابردووشدا نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهاندا بەرزبۆوە كە هاوكات بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینیش، هەروەها هەناردەكردنی بەنزین بۆ هەرێمی كوردستان لە هەندێك دەروازە راگیراوە، بۆیە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ‌ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی ڕاسپاردووە سەردانی بەغداد بكەن بۆ گفتوگۆكردن بە مەبەستی چارەسەركردنی بەشێك لە گرفتەكان، لە لایەكی دیكەشەوە سەرۆكی حكومەت وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی ڕاسپاردووە هەماهەنگی بكەن لەگەڵ كەرتی تایبەت بۆ ئەوەی پلانی گونجاو بۆ هاوردەكردنی بەنزین دابنرێت تاوەكو لە داهاتوودا قەیران دروست نەبێت.

سەبارەت بە نەوتی سپی، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕاسپێردراوە بۆ چارەسەركردنی ئەم بابەتە لە ڕێگەی دابینكردنی نەوتی سپی و دابەشكردنی بەسەر هاووڵاتیان لە زووترین كاتدا.

بۆیە هاوڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە كە حكومەت هەموو هەوڵێك دەخاتە گەر بۆ چارەسەر كردنی ئەم گرفتە.

جوتیار عادل
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن