هەولێر.. بكوژی هاووڵاتییەكی بەتەمەن لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركرا

کوردستان

14/10/2021     ژمارەی بینراو 215

راچڵەكین –

دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ 14-10-2021، هاووڵاتییەكی بەتەمەن لەنزیك پردی سەیداوە لە هەولێر، بە سێ فیشەك كوژرا، هێزەكانی پۆلیس بكوژەكەیان دەستگیركردو هۆكاری روداوەكەش بۆ كێشەیەكی كۆنی كۆمەڵایەتی نێوان بكوژو كوژراوەكە دەگەڕێنێتەوە.
 
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە روونكردنەوەیەكدا بڵاویكردەوە، كاتژمێر 6ی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە شەقامی (30) مەتری نزیك پردی سەیداوە، بەهۆی ڕووداوێكی تەقەكردن، كەسێك بەناوی (سەرهەنگ سالح پاشا) تەمەن (69) ساڵ سێ گوللـەی بەركەوت و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداو تۆمەتبارەكەش هەڵات.

پۆلیسی هەولێر ئاشكراشیكردووە، دوای لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە، ناسنامەی تۆمەەتبارەكە ئاشكرابوو بەناوی (ن. س. ح)، تەمەن (67) ساڵ، كە دواتر لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە دەستگیركرا.

وەك لە روونكردنەوەكەی پۆلیسی هەولێردا هاتووە، هۆكاری رووداوەكە دەگەڕێتەوە بۆ كێشەیەكی كۆمەڵایەتیی كۆن لەنێوان تۆمەتبارو كوژراودا، بۆ ئەم مەبەستەش پەڕاوی لێكۆڵینەوە ڕێكخراوە و بۆئەوەی ڕادەستی دادگا بكرێت و ڕێڕەوی یاساییش بەرامبەر تۆمەتبارەكە بگیرێتەبەر.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن