سێكس نهخۆشییهكی مهترسیدار بۆ خانمان دهگوازێتهوه
ڕاچڵهكین-
ههوكردنی دامەن، مەبەست لێی زۆربونی دەردراوی ئەندامی مێینەیە کە لە ئەنجامی هەوکردنێکەوە ڕوودەدات لە ئەندامەکانی زاوزێ( دامەن، ملی منداڵدان، منداڵدان ، جۆگەی فالوپ یان هێلکەدانەکان)، دكتۆره كاژین پزیشکی شارەزای گشتی لهم بابهتهدا ڕێنمایی زیاتر دهداته خانمان بۆ ئهوهی ئاگاداری تهندروستیان بن.
هەوکردنی ئەندامانی زاوزێ چەند جۆرێکی هەیە کە دەکرێ بە هۆی بەکتریا ، کەڕوو یان هەندێک لە پێشەنگیەکانەوە بێت ، یان بەهۆی زۆر هەستیاربوونی شوێنەکە .
دەکرێ یەکێک یان زیاتر لەم نیشانانەی لەگەڵ بێت:
1- ئازار لە خوارووی سک و پشت و ناو دامەن یان ناو کۆم .
2- ئازار لە کاتی سەرجێی کردن .
3- خورانی دامەن و سوربوونەوەی.
4- میز زوورانەوە.
5- بۆنێکی ناخۆش لە دامەن( زیادتر دوای سەرجێکردن هەستی پی دەکرێت)
6- هەندێک جۆریان تا'ی لەگەڵە .
7- لە هەندێک هەوکردنەکان خوێن بینین هەیە کە پەیوەندی بە سوڕی مانگانەوە نیە یان لە دوای سەرجێیکردن دەبینرێت .
بە پێی جۆری هەوکردنەکە ڕەنگی دەردراوەکە دەگۆڕێت کە لەوانەیە : سپی پەیت، زەردباو وکێماویی، سەوزباو ، خاکی یان قاوەیی بێت.
هەندێک لەو هەوکردنانە لە ڕێگەی سێکسەوە لە ئەنجامی سەرجێیکردن لە دەرەوەی خێزان دەگوازرێنەوە بۆ ئافرەتەکە یان پیاوەکە.
لەو جۆرانەی کە لە ڕێگەی سێکسەوە دەگوازێنەوە دەکرێ پیاوەکەش چەند نیشانەیەکی هەبێت سەرەکیترینان : میز زورانەوە، دەرچونی دەردراو لە ئەندامی نێرینە کە پەیوەندی بە ئارەزووی سێکسی نەبێ، ئازاری کۆم و خورانی کۆم و بوونی دەردراو لە کۆم .
دەتوانم بڵێم لە کۆمەڵگای ئێمە و ئەوەی تێبینی دەکرێت زیادتر لە سێ یەکی ئەو ئافرەتانەی سەردانی پزیشکی ئافرەت دەکەن بەهۆی هەبوونی ئەم حاڵەتەیە کە باوترین حاڵەتی ئافرەتانەیە لە بنکە و نەخۆشخانە و کلینیکەکان دەبینرێت لە هەموو جیهان.
هۆشیاربوونی ئافرەتان لێرەدا زۆر گرنگە چونکە:
1- بە خۆپارێزی دەتوانێت بەڕادەیەکی زۆر دووربێت لێی.
2- هەروەها دووبارەبوونەوە و درێژ خایاندنی نەخۆشیەکە چارەسەرەکەی ئەستەم دەکات و دەبێتە هۆی ناڕەحەتیەکی زۆر بۆخۆی و پەککەوتنی ژیانی سەرجێی خۆی و مێردەکەی،
3- وە لە هەندێک باردا کە هەوکردن درێژخایەن بێت شێرپەنجەی دامەن ، ملی منداڵدان یان منداڵدانی لێ دەکەوێتەوە.
ئەوەش گرنگە بزانن هەموو دەردراوێک هەوکردن نیە، دەردراوی دامەن بە شێوەیەکی ئاسایی زیاد دەکات لە کاتی هاتنە خوارەوەی هێلکە لە هێلکەدانەکان ، لە ماوەی دووگیانی و شیردان و بەر لە سووڕی مانگانە و کاتی هەبوونی ئارەزووی سێکسی. بە مەرجێک ئەو نیشانانەی سەرەوەی لەگەڵ نەبێت . وە بە گشتی ڕەنگەکەی ساف و ڕوونبێت یان کرێمیەکی ڕوون بێت .
ئەم هەوکردنانە بە گشتی چەند هۆکارگەلێکیان هەیە و لەو ئافرەتانە زیاتر ڕوودەدەن کە یەکێک یان زیاتر لەم خاڵانە دەیانگرێتەوە :
1. پاک و خاوێن ڕانەگرتنی شوێنەکە.
2. هەندێک لەو هەوکردنانە لە ئەنجامی هەبوونی سێکس لە دەرەوەی خێزان ڕوودەدەن (گواستنەوەی لە پیاو بۆ ئافرەت, وە لە ئافرەت بۆ پیاو)
3. زۆر دووبارە بونەوەی هەندێک هەوکردن لەو کەسانە رودەدات کە بەرگری لەشیان لاوازە نموونە : ئافرەتانی دوگیان، توشبوانی شەکرە، توشبوانی شێرپەنجە .
4. زۆر بەکارهێنانی ماددە پاککەرەوەکانی وەک شامپۆی تایبەت و بۆن خۆشکەرەکان کە ماددەی کیمیاییان تێدایە دەبنە هۆی هەستیاربوون و پوکانەوەی شوێنەکە و لە ئەنجامدا هەوکردنی.
5. لەبەر کردنی جلی ژێرەوەی تەسک و تەڕ و لە مادەی نایلۆن دروستکراو.
6. بەکارهێنانی حەبی دژە سکپڕی و لەولەبی هۆڕمۆنی.
7. پوکانەوەی دامەن لەو ئافرەتانەی لە عوزر وەستاون و یان بە هەر هۆکارێک هۆرمۆنی ئیسترۆجینیان کەمبێت.
8. زۆر بەکارهێنانی دەرمانی دژە زیندەگیەکان (ئەنتیبایۆتیک).
چۆن خۆت دەپارێزی ؟ گرنگترین شت لێرەدا خۆ پارێزیە :
1- شوێنە هەستیارەکەت بپارێزە
1. هەموو ڕۆژ گۆڕینی جلی ژێرەوە و بە جیا شوشتن و تێکەڵ نەکردنی لەگەڵ جلی تر .
2. تارات کردن لە پێشەوە بۆ پشتەوە نەک بە پێچەوانە.
3. وشک کردنەوەی شوێنەکە دوای سەر ئاو و تەڕ کردنی.
4. کەم یان هەر بەکار نە هێنانی شامپۆ و بۆنخۆشکەری شوێنە هەستیارەکان. (بە تایبەت کاتی هەوکردن)
5. لەبەر نەکردنی بێجامە و جلی ژێرەوەی تەسک .
بەکارهێنانی کۆندۆم کە وەک ڕێگری کردن لە هەوکردنەکان و سکپڕیش بەکار دێت . بە تایبەت لەو ئافرەتانەی کە هەوکردنیان بەهۆی حەبی دژە سکپڕی و لەولەبی هۆرمۆنیەوەیە. یان کاتێک گومان هەیە لە پەیوەندی دەرەوەی خێزان هەیە .
2- دوورکەوتنەوە لە ئهنجامدانی کرداری سەرجێی دەرەوەی خێزان .
3- کۆنتڕۆل کردنی شەکرە لەو ئافرەتانەی کە نە خۆشی شەکرەیان هەیە.
4-زوو بە دوای چارەسەردا بگەڕێن و شەرم مەکەن .
لە کۆتاییدا، پزیشکی ئافرەت جۆری هەوکردنەکە دیاری دەکات بە پێی نیشانەکان و هەروەها پشکنینی سەرجێی و دامەنی ئافرەتەکەو چەند پشکنینێکی تاقیگە ئەگەر پێویست بوو . وە چارەسەرەکەی بەپێی جۆرەکەت پێ دەدات . هەروەها ئەگەر پێویست بوو پیاوەکەش چارەسەر وەردەگرێت .