جەڵتەی چاو چییە و چۆن دەزانیت کە خەریکە توشی دەبیت؟

تەندروستی

21/11/2021     ژمارەی بینراو 773

راچڵەکین-

پزیشکێکی پسپۆڕی چاو باس لە جەڵتەی چاو هۆکارەکانی دەکات دەڵێت، دەكرێت كەسی تووشبوو بەجەڵتەی چاو چاك بێتەوە، بەڵام بە دەگمەن بیبینی وەک خۆی دەگەڕێتەوە، وە لەهەندێك حاڵەتدا كاریگەری مەترسیداری هەیە لەكاتی وەرنەگرتنی چارەسەر لەكاتی پێویستدا لەوانە كوێربوون و زیادبوونی ئازار و فشاری سەر چاو.

د. ئاری ساڵەیی پزیشکێکی پسپۆڕی چاو ئاماژە بەوە دەکات کە جەڵتەی چاو ناسراوە بەتەسكبوونەوە یاخود گیرانی دەماری سەرەكی خوێن لەتۆڕی چاو یان لقەکانی و وەستانی رۆیشتنی خوێن وادەكات تۆڕی چاو لەكار بوەستێت بەشێوەیەكی تەواوەتی یاخود لاوەكی و دەبێتە هۆی دروستبوونی پەڵەیەك لەنێو چاو. 

هۆكارەكانی جەڵتەی چاو: 
* گیرانی دەمارەكانی تۆڕی چاو ، چونكە چاو وەك تەواوی ئەندامەكانی دیكەی لەش لەكارەكانیدا پشت دەبەستێت بە گەیشتنی خوێنی پڕ لەئۆكسجین.
* لەكاركەوتنی تۆڕی چاو بەهۆی كەمبوونەوەی گەیشتنی خوێنی هاتوو لەمێشكەوە.
* كاتێك خوێن و دەرداوەكان دزە دەكەنە نێو تۆڕی چاو دەبنە هۆی دروستبوونی پەڵە و جەڵتەی چاو. 
نیشانەكانی جەڵتەی چاو:
- هەستكردن بە لەرینەوە لەناو چاوەكان و ئاستەنگی لە بینایی.
- بوونی ئازار یاخود فشار لەسەر چاو.
- ناروونی لەبینایی لەهەردوو چاو.
- لەدەستدانی بینایی لەپڕ یاخود ووردە ووردە. 

چارەسەری جەڵتەی چاو:
چەند رێگایەك هەیە بۆ چارەسەری جەڵتەی چاو بەئامانجی كەمكردنەوەی ئەو زیانانەی بەر تۆڕی چاو كەوتووە ئەوانیش: 
* بەكارهێنانی ئەو دەرمانانەی پزیشك دیاری دەكات بۆ توانەوەی پەڵەی خوێن و دوورخستنەوەی لەتۆڕی چاو و فراوانكردنی دەمارەكان.
* ئەنجامدانی پشكنینی پزیشكی و کۆنتڕوڵ کردنی  نەخۆشیەكانی دیكەی وەك شەكرە و فشاری خوێن و نەخۆشیەكانی دڵ و بەرزی كۆلیسترۆل.
* چارەسەركردن بە لەیزەری تۆری چاو ئەگەر پێویست بكات.
* لە هەندێک حاڵەتدا پێویستە دەرزی تایبەت لەناو چاو بدرێ 

دەكرێت كەسی تووشبوو بەجەڵتەی چاو چاك بێتەوە، بەڵام بە دەگمەن بیبینی وەک خۆی دەگەڕێتەوە، وە لەهەندێك حاڵەتدا كاریگەری مەترسیداری هەیە لەكاتی وەرنەگرتنی چارەسەر لەكاتی پێویستدا لەوانە كوێربوون و زیادبوونی ئازار و فشاری سەر چاو.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن