بەهۆی نقومبوونی بەلەمێك ژمارەیەك كۆچبەر گیانیان لەدەستدا

جیهان

24/11/2021     ژمارەی بینراو 512

راچڵەكین –

لە ئاكامی نقومبوونی بەلەمێكی كۆچبەران، كە لە فەڕەنساوە بەرەو بەریتانیا بەڕێكەوتبوو، نزیكەی 30 كۆچبەر گیانیان لەدەستدا.

وەزارەتی ناوخۆی فەڕەنسا راگەیەندراوێكی بڵاوكردەووەتەوە و تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو كە كۆچبەرەكان هەوڵیانداوە بەڕێگای نایاسایی لە شاری كالێی باكووری فەڕەنساوە بە دەریای مانش دا خۆیان بگەیەننە بەریتانیا.

لە راگەیەندراوەكەدا باس لەوەشكراوە كە دوای ئەوەی ماسیگرێك لە ناو دەریای مانش چەند تەرمێكی بینیوە، دەستبەجێ لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئاگادار كردووەتەوە، دواتر هێزە ئەمنییەكان لە شوێنی نقومبوونی بەلەمەكە، تەرمی لانی كەم ٢٧ كۆچبەریان دۆزیوەتەوەو پێنج كۆچبەریش بەبێهۆشی رزگاركراون.

بەگوێرەی ئەو ئامارانەی بەرپرسانی فەڕەنسا ئاشكرایان كردووە، لەمساڵدا نزیكەی 31 هەزار و 500 كۆچبەری نایاسایی هەوڵیانداوە لە فەڕەنساوە خۆیان بگەیەننە بەریتانیا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن