بەلەمێكی كۆچبەران لەئاوی نێوان فەڕەنساو بەریتانیا ژێر ئاوكەوت و 27 كۆچبەر خنكان

کوردستان

25/11/2021     ژمارەی بینراو 565

راچڵەكین-

لەئاوی نێوان فەڕەنسا بۆ بەریتانیا بەلەمێكی كۆچبەران ژێر ئاو كەوت و لەئاكامدا لە كۆی  سەرنشینانی ناو بەلەمەكە كە پێشبینی دەكرێت لەنێوان 35-40 كەس بووبن 27 یان خنكان كە ژن و منداڵیان تێدایە.

لەو ژمارە كۆچبەرە چەند كەسێكیان بێسەرووشوێنن و دووانیشیان رزگاركراون و لە نەخۆشخانەن. چاوەڕێن بەهۆش خۆیان بێنەوە و بزانن خەڵكی كوێن. لەنێو قوربانییەكان 5 ژن و منداڵێك هەن و چوار قاچاخچیش دەستگیركراون. رۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی، بەپێی چەند سەرچاوەیەك رایگەیاندووە كە زۆربەی سەرنشینەكانی بەلەمەكە كە گیانیان لەدەستداوە، "كوردی ئێران و عیراق" بوون.

لەلایەن خۆیەوە، ئاری جەلال، سەرۆكی دەزگای لووتكە بۆ كاروباری پەنابەران رایگەیاند:" هێشتا بەڵگەی سەلمێنەر لەبارەی ناسنامەی قوربانییەكانەوە نییە و دیارنییە كە كوردن یان نا، ئەگەریش كوردیان تێدایە ژمارەیان چەندە". وەك رووداو بڵاویكردووەتەوە.
 
ئاری جەلال داوا لە كەسوكاری ئەو كەسانە دەكات، كە سەرنشینی بەلەمەكە بوون، هەموو زانیارییە كەسییەكانیان بۆ بنێرن بۆ ئەوەی لە رێگەی نوێنەری دەزگاكەیانەوە بتوانن سۆراخیان بكەن و بیاندۆزنەوە.

هاوكات، عەلی دۆلەمەری، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە فەڕەنسا رایگەیاند:" سەرنشینانی بەلەمەكە سەرجەمیان كوردنین و چەند نەتەوەیەكی جیاوازن، لەنێو كوردەكانیشدا دیارنییە كە خەڵكی كام پارچەی كوردستانن، ئێمە دەستمان بە هەوڵەكانمان كردووە بۆ ئەوەی بە هاوكاری پۆلیسی فەرەنسا ناسنامەكانیانمان دەستبكەوێت".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن