پلاسخارت داوایەكی بەپەلە ئاراستەی هادی عامری دەكات

عێراق

25/11/2021     ژمارەی بینراو 144

راچڵەكین –

نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق، لەگەڵ سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح كۆدەبێتەوەو داوای لێدەكات چارەسەرێكی سیاسیی جددی بدۆزنەوەو حكومەتێكی گشتگیر پێكبهێنن كە لە ئاست داخوازییەكانی گەلی عیراقدا بێت.

ئەمڕۆ 25-11-2021، جێنین هێنیس پلاسخارت نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق، بەمەبەستی هێوركردنەوەی ئەو دۆخە گرژەی كە بەهۆی دەركەوتنی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، لەعیراق هاتووەتە كایەوە، لەگەڵ هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح كۆبووەوە.

پلاسخارت لە بارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە، لە تویتەر نووسیوویەتی: "هیوامان خواست كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن، بەبێ لایەنانە هەموو گازندەكان لەبەرچاو بگرن".

نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق راشیگەیاندووە: "هانی هەموو لایەنەكانم دا كە چارەسەری سیاسیی جددی بدۆزنەوە و حكومەتێكی گشتگیر پێكبهێنن كە لە ئاست داخوازییەكانی گەلی عیراقدا بێت".

لەدوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و كەمبوونەوەی دەنگ و ژمارەی كورسییەكانی چەند لایەنێكی شیعە، لەوانەش هاوپەیمانی فەتح، هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانییەكە، هێرشێكی توندی كردە سەر پلاسخارت و بەوە تۆمەتباری كرد كە دەستوەردانی لە كاروباری كۆمسیۆن كردووەو لە بەرژەوەندی چەند لایەنێك كاریكردووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن