مەلا جەمیل رۆژبەیانی، ئەو پیرە هەڵۆیەی لە (90) ساڵیدا تیرۆركرا !...

کەلتوور

25/12/2021     ژمارەی بینراو 934

مەریوان مەسعود
مەلا جەمیل رۆژبەیانی، منەوەرێكی گەورەی كوردە، چ بە توێژینەوە چ بە تەرجەمە مەزنەكانی خزمەتێكی گەورەی مێژوو و زمانی كوردیی كردووەو ئەوەندەی من موتابەعەم كردووە، بابەتی باش لەسەر ژیان و بەرهەمەكانی نووسراوە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجی منە و دەمەوێت لەم گۆشەیەدا هەڵوەستەی لەسەر بكەم، دوو شتە، یەكێكیان (تیرۆركردن)ەكەیەتی، پیاوێكی پیر نزیك بە (90) ساڵ، بەتەنیا لە ماڵێكی بەغدا دەژیا، نە موڵك و نە پارەی هەبوو، تەنیا كتێب و كتێبخانەیەكی هەبووەو رەفیقەكانیشی شاهیدی ئەوەی بۆ دەدەن بەردەوام سەماوەرو چاكەی گەرم بووە!، لەوەی زیاتر نەبووە، ئەی بۆ لە نێو ماڵەكەی خۆی خەڵتانی خوێنیان كردو (تیرۆریان) كرد؟!.بابەتەكەی تریش ئەو وەسیەتەیە كە تۆفیق وەهبی بەگ كردویەتی بۆ مەلا جەمیل رۆژبەیانیی.
ئەم زاتە مەزنە، هەموو كوردێك بە تایبەت كەركوكییەكان زۆر شانازیی پێوە دەكەن، چونكە هەموو سەناعەتەكانی نووسینی زانیوەو منەوەرێكی دەرەجە یەك بووە، كەچی ئەو پرسیارەی هەمووانی تووشی سەرسوڕمان كردووە لە 2001ەوە زیاتر لە 20 ساڵە تیرۆر كراوە، قسمێك لە خەڵك دەڵێن بەعسییەكان تیرۆریان كردووە، قسمێكی تریش دەڵێن هەندێك توندڕەوی مەزهەبیی بوونەو لەم نێوەندەدا، كورد ئەم زانا مەزنەی بە (تیرۆر) لەدەستدا!.
مەلا جەمیل رۆژبەیانیی، باوەڕێكی سەیری هەبووە، پێی وابووە دەبێت خزمەت بە زمان و كلتوری كورد بكرێت، بۆیە تەرجەمەی بۆ عەرەبیی و فارسیی و لەوانیشەوە بۆ كوردی هەبووەو لە هەموو رێگاكان ویستویەتی فەرهەنگی كوردیی بپارێزێت، ئەوەتا لە یاداشتێكی كورتدا بۆ مامۆستا جەمال خەزنەدار لە رووپەڕی كتێبێكی خۆیدا كە پێشكەشی كردووە دەنووسێت:
«جەمال گیان، دۆستایەتی تەنیا دیدارو هاتوچۆ نییە، پاراستنی بەرهەمی یەكتر هۆی گەورەیە بۆ نەمر هێشتنەوەی ناوی دۆست، بژیت بۆ رۆژبەیانی».
ئەم منەوەرە، ئەوەندە پێگەی كەسایەتی خۆی پاراستووە، ئەوەتا لە ساڵی 1984 دا، كە تەرمی مێژوونووسی گەورەی كورد (تۆفیق وەهبی بەگ) لە لەندەنەوە دەهێننەوە بۆ سلێمانی، بەر لە مردنی وەسیەتی كردووە: دەبێت مەلا جەمیل رۆژبەیانی پێشوازیی لە تەرمەكەم بكات لە فڕۆكەخانەو دوای ئەوە بیبەن بۆ پیرەمەگرون و لەوێ‌ بینێژن.
مەلا جەمیلیش وەسیەتەكەی وەكو خۆی بۆ جێبەجێدەكات، كە دەگەنە گۆڕستان و لە كاتی ناشتنی تەرمەكەی، چەندین كەسایەتیی و ئەشرافی كوردستان لەوێ‌ دەبن، داوا لە رەوانشاد مام جەلال تاڵەبانی دەكەن وتەیەك پێشكەش بكات، لەو كاتەدا مام جەلال دەڵێت: بۆ من نەهاتووە لەبەردەم ماندوو بوون و خەباتی مەلا جەمیلدا وتار بخوێنمەوە، بۆیە داوا لە مەلا جەمیل رۆژبەیانی دەكات وتار بخوێنێتەوە.
مەلا جەمیل، هەرچەندە نزیك بە (90) ساڵ دەبوو (1913-2001)، بەڵام بەردەوام سەرانی بەعس دەیانویست ناوەكەی و قەڵەمەكەی بۆ خۆیان بەكاربێنن و ئەویش وەك هەمیشە رەفزی دەكرد، تەنانەت هەفتەی ئەخیر بەر لە تیرۆكردنی چەندین دیارییان بە ناوی (سەدام حسێن) بۆ هێناوە بەڵام هەر رەفزی كردووەو بە پێی قسەی (فوئاد عارف)یش بێت تەنیا یەك دوو رۆژ بەر لە تیرۆركردنی وتویەتی: گورگان وازم لێ‌ ناهێنن!، ئیتر گورگەكان مەبەستی كێ‌ بووە ئەمە روون نییە!.
لەبارەی ساتی (تیرۆركردن)ەكە، خەسرەو جاف، وا باسی دەكات:
«یەكێك لە برادەرانی حیزبی دیموكرات تەلیفۆنی بۆ كردم گوتی: سەر لەبەیانی مەوعیدم لەگەڵ مەلا جەمیلی رۆژبەیانیدا هەبوو دەرگای حەوشەیان ئاوەڵا بوو، زەنگێكی زۆرم لێدا كەس نەهاتە دەرەوە، كە ورد بوومەوە دەرگای هۆڵەكەشیان كرابووەوە.. وام بە چاك زانی بڕۆمە ژوورەوە، لە دەرگا رۆیشتمە ژوورەوە، مەلا جەمیلم لە هۆڵەكەیدا بە كوژراوی دی ..
– یانی مەلا جەمیلیان كوشتووە؟!
– بەڵێ، من بە مردوویی دیم و ئیدی رانەوەستام و بەپەلە وەدەرهاتم و ئەوسا یەكەمین كەسی تەلەفونت بۆ دەكەم.. كات هەشتی بەیانی بوو، یەشتا بەرچایم نەخواردبوو، بەپەلە خۆم پۆشتە كردەوە، لە پێش ئەوەی وەدەركەوم تەلیفونم بۆ «سەردار جاف» ی ئامۆزام كرد و لە ماڵ وەدەركەوتم.. گەیشتمە بەردەرگای ماڵی رۆژبەیانی، كەسی لێ نەبوو.. كە رۆیشتمە ژوورەوە مەلا جەمیل لەسەر دەم كەوتبوو وایەری تەلەفۆنێك لە گەردنی ئاڵابوو، دەرنەفیسێكی خوێناوی لە زەویدا بوو، دوو بتڵی بیبسی یەكێكیان لێی خورابووەوە ئەوی تریان دەست نەخوردە هەروا دانرابوو، كە ورد بوومەوە دەستگای تەلەفونەكەشی لەولاوە سەرەوخوار لە زەویدا بوو، دوو سێ پەڵە خوێن لە زەویدا وشك بووبویەوە، چەند تەپڵەك و كورسیەك لار و لوێر و تێكەڵ كراو لە هۆڵەكەدا دەبینران. ئەوەی وەدەردەخست كە كێشمەكێشێكی لە دوو كەس زیاتر لەو هۆڵەیدا روویداوە، دیار بوو بكوژەكان دوو كەس بوونە و مەلا جەمیل تا پای مەرگ بەربەرەكانی كردووە، ئەو دەم بەسەریا زاڵ بوونە…هاتمە دەرەوە.. خۆم پێ رانەگیرا. هون هون فرمێسك بە چاوانما هاتە خوارەوە، سەرئەنجام لە پرمەی گریانمدا، زۆری نەخایاند سەردار جاف و خزمان گەیشتن.. مەرگی مەلا جەمیل، ئەویش بەوشێوە پڕ لە نامەردیەی هەمووانی سەرسام كردبوو».
من، ئەوەندە دەڵێم تەمەن بەدەست خودایە، بەڵام ئەم مەلا رۆژبەیانییە، مردنەكەشی هەر گەورەیی بووە، چونكە خۆی تەمەنی خوایی خۆی تەواو كردبوو، نزیك بە (90) ساڵ بوو، بەڵام كاتێك (گورگەكان) دێن و تیرۆری دەكەن، ئەمە وای كرد مردنەكەشی بۆ نەوەی ئێمەومانان سەربەرزیی بێت !!.



داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن