راچڵەكین-
پۆلیسی بەریتانیا بەدواداچوون بۆ تۆمارێكی ڤیدیۆیی دەكات كە تیایدا كەسێك هەڕەشەی كوشتن لە شاژنە ئێلیزابێس دەكات.
لەو تۆمارە ڤیدیۆییەدا كە رۆژنامەی ( The Sun)ی بەریتانی بڵاویكردووەتەوە، كەسێك بەجلوبەرگێكی رەشەوە دەردەكەوێت كە دەمامكی كردووەو تیرو كەوانێكی لەدەستە، رایدەگەیەنێت:" هەوڵی كوشتنی شاژنە ئێلیزابێس دەدەم لەتۆڵەی كوشتارگەكەی ئامریتسار لە ساڵی 1919"دا. لەوكوشتارگەیەی كە ئاماژەی پێدەكات سەدان خۆپیشاندەری لایەنگری سەربەخۆی هندستان لەسەر دەستی سەربازانی بەریتانیا لە ناوچەی بنجاب كوژران.
چەند كاتژمێرێك پێش بڵاوبوونەوەی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییە، پۆلیسی بەریتانیا دەستگیركردنی كەسێكی راگەیاند كە تەمەنی 19 ساڵە. بەووتەی پۆلیس ئەو كەسە دزەیكردووەتە كۆشكی ووندسوور كە بڕیارە تیایدا شاژنە ئێلیزابێس ئاهەنگەكانی سەری ساڵی تێدا بەسەر ببات.
ئەو كەسەی دەستگیركراوە دانیشتووی شاری ساوسهامبتۆن-ەو تۆمەتباركراوە بە بەزاندنی ناوچەیەكی پارێزراوو هەڵگرتنی چەك. وەك پۆلیسی بەریتانیا بڵاویكردووەتەوە.
تائێستاش پۆلیسی بەریتانیا ئەوەی ئاشكرانەكردووە، ئەو كەسەی دەستگیركراوە، خاوەنی تۆمارە ڤیدیۆییەكەیە یاخود لەلایەن ئەوەوە رەوانەكراوە وە یان پەیوەندی بەو تۆمارە ڤیدیۆییەوە نییە.