ئەو توخمە خۆراکیانە چین کە ڕووەک بۆ تەواوی زیندەچالاکیەکانی پێویستی پێیەتی

کشتوکاڵ

02/01/2022     ژمارەی بینراو 1534

راچڵەکین-

چۆن مرۆڤ پێویستی بە خۆراکە، ئاواش ڕووەکەکان پێویستیان بە خۆراکە

کورتە باسێکی زانستی لەسەر گرنگترین ئەو توخمە خۆراکیانەی ڕووەک بۆ تەواوی زیندەچالاکیەکانی پێویستی پێیانە، هەر لە زیندوو مانەوەی تۆو هەتا چەکەرەو دواتر گەشەو دواتریش کردارەکانی ڕۆشنەپێکهاتن و هەناسەدان...هتد

١٧ جۆر توخمە خۆراکی بنەڕەتیمان هەیە بۆ ڕووەک، کە هیچ ڕووەکێکی سەوز بەبێ ئەمانە گەشەیەکی ئاسایی و سروشتی ناکات، ئەمەش دابەش دەبێت بۆ دوو بەش:

یەکەم: توخمەخۆراکیە گەورەکان، ئەمانە زۆر  گرنگن بۆ گەشەی ڕووەک، کە بە بڕێکی زۆر پێویستی پێیەتی، بەجۆرێ بڕەکەی زیاترە لە ١٠٠٠ مگم/کگم(وەزنی مەوادی وشکی ڕووەکەکە)، ئەمانیش دوو جۆرن:

١-کانزاکان ،کە سەرچاوەکەیان ئاوو خاکە، بریتین لە( N,P,K,Ca,Mg,S)نایترۆجین، فۆسفۆڕ،پۆتاسیۆم،کالسیۆم،مەگنسیۆم،سەڵفەر.

٢-ناکانزاکان، کە سەرچاوەکەیان هەواو ئاوە، ئەوانیش (C,O,H)کاربۆن، ئۆکسجین،هایدرۆجین.

دوهەم: توخمە خۆراکیە بچوکەکان، ئەمانە گرنگن بۆ ڕووەک بەڵام بە بڕێکی کەمتر پێویستی پێیەتی، بەجۆرێ کەمترە لە ١٠٠مگم/کگم(وەزنی وشکی ڕووەکەکە)، ئەوانیش(Fe,Mn,Zn,Cu,Ni,B,Mo,Cl)ئاسن، مەنگەنیز،زیو،مس،نیکڵ،بۆڕۆن،مۆڵیبدینەم،کلۆر).

ئەم توخمە خۆراکیانە هەر ئاوا ڕووەک ناتوانێ سودیان لێ وەربگرێت، دەبێت بگۆڕێن بۆ شێوەی ئایۆنی و ئامادە بۆ ئەوەی ڕووەک بتوانێ هەڵیان بمژێت، هەر یەکەیان بەهۆی چەند کردارێک و کارلێکی کیمیائیەوە دەگۆڕدرێت.

ــــ ئەوانەی کە زۆر گرنگن و پێویستە بەشێوەی پەین زیاد بکرێن بۆ خاک، بریتین لە ناترۆجین، فۆسفۆڕ،پۆتاسیۆم.

٭نایترۆجین، بەشداری دەکات لە دروستبونی کلۆرۆفیل، ترشە ناوکیەکان(DNA,RNA)، یەک دەگرێ لەگەڵ کارربۆ هایدرایت لە کرداری دروستکردنی ترشی ئەمینی و پڕۆتین بەشداری دەکات، بۆیە گرنگیەکی زۆری هەیە بۆ گەشەی سەوزی لە ڕووەکدا، جۆرو بڕی مادەی وشکی باش دەکات لە سەوزەواتەکان، وە پڕۆتین لە دانەوێڵەکاندا.

٭فۆسفۆڕ، بەشداری لە گواستنەوەی وزەدا دەکات، ڕۆڵی هەیە لە شکاندنی کاربۆهادرات و بۆ دەرچونی وزە، هەروەها دابەشبونی خانە، هانی گەشەو بەرەوپێشچونی پێشوەختەی ڕەگ دەدات، یارمەتی بەروو دروستبونی تۆو دەدات.

٭پۆتاسیۆم، زۆر گرنگە بۆ بەرگری نەخۆشی، و پێکهاتنی نیشاستە لە ڕووەکدا، هانی چالاکی ئەنزیمی دەدات بۆ ڕۆشنەپێکهاتن، بەکاردێت لە دابینکردن و هەڵگرتی وزەدا، کاریگەری هەیە لە کرداری دابەشبونی خانە و پێکهاتنی کاربۆهادرات و گواستنەوەی شەکر،گرنگی زۆری هەیە بۆ دروست بونی بەر و تۆو، پۆتاسیۆ ڕۆڵی بنەڕەتی هەیە لە هاوسەنگی ئاو لە ناو ڕووەکداو بەرپرسی کرانەوەو داخرانی دەمیلەکانە.

بۆیە پەینکردنی خاک زۆر گرنگە، جا سەرچاوەکەی ئەندامی یان نا ئەندامی بێت، بۆ ئەوەی بەرهەمێکی باشت هەبێت و بەروبومەکەت لاواز نەبێت، دەبێت زۆر ئاگات لە کەمی مەوادە خۆراکیەکانبێت، هەرچۆن کەممیان زیانی هەیە، ئاواش زیاد لە حەد زیانی هەیەو ڕووەکەکە توشی ژەهراوی بون دەکات، و دەبێتە هۆی لەناوبردنی، بۆیە دەبێت بە وریاییەوە مەمەڵەی لەگەڵدا بکرێت و زانستیانە زیادبکرێت بۆ خاکەکە بەپێی پێویست.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن