پێنج شاری گەورەی جیهان ژێرئاو دەكەون

جیهان

05/01/2022     ژمارەی بینراو 1105

راچڵەكین –

بەهۆی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوای گۆی زەوی لەئەنجامی بەرزبوونەوەی دیاردەی قەتیسبوونی گەرمی و توانەوەی سەهۆڵەكان و بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاكان، پێشبینی دەكرێت لەماوەی ئەم سەدەیەدا پێنج شاری جیهان ژێرئاو بكەن، كە یەكێكیان لە عیراقە.

بەپێی (راپۆرتی مەترسییەكانی جیهان) كە لەلایەن كۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی ساڵی 2022) دەرچووە، پێش كۆتایی ئەم سەدەیە، پێنج شاری گەورەی جیهان، نقوومی ژێرئاو دەبن بەهۆی كاریگەرییەكانی گۆڕانی دڕاماتیكی كەش و ئاووهەوا لە دیاردەی قەتیسبوونی گەرمیی و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرمای جیهانیی و ئینجا توانەوەی سەهۆڵەكان و بەرزبوونەوەی ئاستی زەریاو دەریاكان.

ئەو شارانەی كە مەترسی ژێرئاوكەوتنیان لێدەكرێت، بریتین لە:

(بانكۆك) ی پایتەختی تایلەند
لێكۆڵینەوەكان ئاشكرایان كردووە كە شاری بانكۆك لە ساڵێكدا بەڕێژەی 2 سانتیمەتر نقومی ژێر ئاوی دەریا دەكەوێ، ئەمە جگە لەوەی خودی ئەو ناوچەیە هەموو ساڵێك دووچاری بارانبارینی بە لێزمەو سەرهەڵدانی لافاوی گەورەش دەبێتەوەو پێشبینی دەكرێ تا ساڵی 2050، نزیكەی 30% ئەو شارە ژێرئاو بكەوێت.

(نیوئۆڕلیانز) لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا
بەپێی هەڵكەوتە جوگرافییەكەی، نیوەی خاك و رووبەری شاری نیوئۆڕلیانز، كە گەورەترین شارەكانی ویلایەتی (لویزیانا)یە لە باشووری ئەمریكا، نزمترە لە ئاستی رووی دەریاوە، لەساڵی 2005 كەوتە ژێر شاڵاوی باهۆزی كاوڵكاریی (كاترینا) و بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیكەی دوو هەزار كەس.

(ڤینیسیا) لە ئیتاڵیا
هەر لە بنەڕەتەوە، شاری (ڤینیسیا) لەسەر 120 دورگەی ئاست نزمدا بونیاتنراوە، بەڵام لە ئێستاوە، بە تایبەتی لە وەرزی زستاندا، ئاستی بەرزبووەوەی ئاو بەشێك لە ناوچەكانی نوقم دەكات و لە رواڵەتەوە ئەمە بۆ گەشتیاران شتێكی ئاساییە، بەڵام بۆ دانیشتوانەكەی وانییە و لە داهاتووشدا بارودۆخەكەی مەترسیدارتر دەبێ.

(بەسرە) لە باشووری عیراق
لەنێو ئەو شارە، كە نزمترین ئاستی هەیە لەگەڵ رووی دەریا بە بەراورد لەگەڵ شارەكانی دیكەی عیراقدا، تۆڕێك لە كەناڵی ئاوی پاك و سازگار هەبوون ئێستا پڕبوونە لە زبڵ و خاشاك و گیراون، ئیدی لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زەریاو دەریاكان، كە بێگومان كەنداوەكانیش لەگەڵیان و لەكاتی روودانی هەر لافاوێكیش ئەوا بەشێكی زۆری ئەم شارە دووچاری كارەساتی نقوومبوون دەبێتەوە.

(كۆلكاتا) لە هیندستان
لە بنەڕەتەوە ساڵانە ئەو شارە دووچاری كێشەو گرفتی زۆر گەورە دەبێتەوە لە روودانی لافاو بەهۆی بارانە وەرزییە زۆر بەخوڕەكانی، بەڵام كێشەی گەورەی ئەو شارەی خۆرهەڵاتی هیندستان بریتییە لە تۆڕی ئاوەڕۆو زێرابەكانی، كە بە كۆنترینیان لەسەر ئاستی وڵات دەژمێردرێت، هەر بۆیە پێشبینی دەكرێت لە سنووری ساڵی 2100 ئاستی ئاوی دەریا وا بەرز ببێتەوە تا ئەو رادەیەی تەواوی شارەكە نقووم دەبێ!

وەرگێڕانی: ئەژی چەتۆ حەسەن
سەرچاوە: CNBC Arabia

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن