ژن و مێردێكی كورد لەئاوی یۆناندا خنكان

کوردستان

15/01/2022     ژمارەی بینراو 260

راچڵەكین-

ژن و مێردێكی كوردی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان كەبەمەبەستی كۆچكردن بۆ ئەوروپا رێگای قاچاخیان گرتبووەبەر،لە ئاوەكانی یۆنان خنكان.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكردووەتەوە، پێنج شەممەی رابردوو تەرمی ژن و مێردێكی گەنجی خەڵكی مەریوان بە ناوەكانی جەلیل ڕەوانگەرد تەمەن ٣٤ ساڵ و سومەیە جامخانە تەمەن ٢٨ ساڵ كه لەكاتی ڕۆشتن بۆ ئەورووپا  و لە یەكێك لە ڕووبارەكانی دوورگەی سیریسی یۆنان خنكابوون، دۆزرایەوە.

عەبدوڵڵا جامخانە برای سومەیە كە لەم سەفەرەدا لەگەڵیان بووە، رایگەیاندووە:" كاتژمێر ٩ی شەوی ڕابردوو كاتێك كە ویستوومانە لە شاری سالۆنیك بەرەو ئاتن بڕۆین، لەكاتی پەڕینەوە لە ڕووبارێك بە هۆی نائاشنا بوون بە جوغرافیای ناوچەكە و هەروەها تاریكی شەو، خۆشكەكەم توانای ڕۆشتنی نەماوە و ئاوی ڕووبارەكە لەگەڵ خۆی بردی. زاواكەشمان بەشوێنیدا ڕۆشتووە و هەردوویان گیانیان لە دەست داوەو تەرمەكانیان دۆزراوەتەوە. 

 ئەم ژن و مێردە گەنجە ساڵی ڕابردوو زێدی خۆیان بەجێهێشتبوو و بە تازەیی لە توركیاوە بەرەو یۆنان ڕۆشتبوون.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆماركراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەكانی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەبەهاری رابردووەوە، لانیكەم ١٠ پەناخوازی كوردی خەڵكی كرماشان، سەلاسی باوەجانی، مەریوان (٥ كەس) و سەردەشت (٣ كەس) لە كاتی چوون بۆ ئەورووپا گیانیان لەدەست داوە كە ٣ كەسیان ژن بوون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن