چارەنووسی نۆڤاك جۆكۆڤیچ لە ئوستورالیا یەكلا دەبێتەوە

وەرزش

15/01/2022     ژمارەی بینراو 519

راچڵەكین-

دوای ئەوەی بۆ جاری دووەم لەلایەن حكومەتی ئوستورالیاوە ڤیزەكەی هەڵوەشێندرایەوە، پاڵەوانی جیهانی تێنس، نۆڤاك جۆكۆڤیچ بۆ داوا كردنی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكەی حكومەت داوایەكی پێشكەشی دادگا كرد و بڕیارە لە دانیشتنی سبەیدا چارەنووسی ئەو یاریزانە لە ئوستورالیا، یەكلایی ببێتەوە.

نۆڤاك جۆكۆڤیچ، داوایەكی پێشكەشی دادگای ئوستورالیا كرد و داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكەی وەزیری كۆچی ئەو وڵاتە، ئالێكس هاوكی كرد كە بە بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی خۆی بۆ جاری دووەم ڤیزەی جۆكۆڤیچی هەڵوەشاندەوە.

بڕیارە سبەینێ كاتژمێر ٠٩:٣٠ی بەیانی بە كاتی ناوخۆی ئوستورالیا، دادگای ئەو وڵاتە دەربارەی مانەوەی ئەو یاریزانە لە ئوستورالیا، بڕیار بدات.

بەگوێرەی یاسای ئەو وڵاتە ئەگەر سێ دادوەر سەرۆكایەتی دانیشتنەكەی دادگا بكەن ئەوا ناتواندرێت بڕیارەكە تەمیز بكرێتەوە.

- چی روویدا؟

نۆڤاك جۆكۆڤیچ، بە مەبەستی بەشداریكردن لە یارییەكانی "Grand Slam" كە لە ١٧-٣٠ی كانوونی دووەم سازدەكرێت، چووبووە ئوستورالیا، بەر لە گەشتەكەشی ئەوەی ئاشكرا نەكردبوو كە ئایا ڤاكسینی كۆرۆنای وەرگرتووە یان نا، تەنها ئەوەی خستبووەڕوو كە بە بڕیاری لێبووردنی پزیشكی دەتوانێت بەشداری یارییەكان بكات.

بەڵام لە فڕۆكەخانەی شاری مێلبۆرن ئەم بڕیارە رەتكرایەوە و ڤیزەكەی جۆكۆڤیچ هەڵوەشێندرایەوە، دواتر لە هۆتێلێكی ئەو شارەدا جێگیر كرا كە پەنابەران و ئەوانەی ڤیزەی هاتنیان بۆ ئوسترالیا هەڵوەشێندراوەتەوە لەوێدا دەهێڵدرێنەوە.

پاشان ئەو یاریزانە سڕبییە تانەی لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڤیزەكەی دا و دواتر دادگای خێزان و خولی فیدڕالی ئوستورالیا، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڤیزەكەی جۆكۆڤیچی هەڵپەسارد.

بەڵام ئێوارەی دوێنێ وەزیری كۆچی ئوستورالیا، ئالێكس هاوك، ئەوەی ئاشكرا كرد كە بە بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی جارێكی دیكە ڤیزەی یاریزانی سڕبی نۆڤاك جۆكۆڤیچی هەڵوەشاندوەتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن