راچڵەکین-
یەکێتی مامۆستایان لە بارەی سزادانی ئەو مامۆستایانەی ناچنەوە هۆڵەکانی خوێندن نیگەرانە و دەڵێت، دەبوو بەریوەبەرایەتییە گشتییەکان پشتگیری مامۆستاکان بکەن نەک سزایان بدەن، چونکە خۆ ئەوان خۆشیان مووچەیان وەرنەگرتووە.
عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان لە لێدوانێکدا بۆ راچڵەکین وتی:" ئێمە حکومەتێکی نابەرپرسیارمان هەیە کە باکی بە گوزارەنی خەڵک نییە و لەگەڵ بەڵێنەکانی خۆشی راستگۆ نییە، هەروەها بە ئاشکرا پارە هەیە و دابەشی ناکات.
سەبارەت بەوەی کە ئایا لەگەڵ بەڕێوبەەری پەروەردەکان و وەزارەتی پەروەردە قسەتان نەکردووە ئاماژەی بەوەشکرد:" حکومەت حساب بۆ پەرلەمان ناکات چ جای بۆ مامۆستای بکات، مامۆستا لەسەر حەقە هەر رێگەیەک بگرێتە بەر ئیتر بایکۆت دەکات خۆپیشاندان دەکات ئەوە مافی خۆیەتی بەڵام ئێمە ناتوانین هیچ هەڵوێستێکمان هەبێت بۆیە بڕیار لە دەستی مامۆستا خۆیدایە، چونکە ئەگەر بڵێین بایکۆت بکرێت سودی نییە و خوێندنی خوێندکارانیش دەفەوتێت، ئەگەر بایکۆتیش نەکرێت لەولاوە حکومەتێکی بێ باک و خەمسارد هەیە و باکی بە ژیان و گوزەرانی خەڵک نییە"..
دەشڵێت:" ئەو بڕیارەی بە رێوەبەرایەتییە گشتییەکان راستە لەلایەن وەزارەتەوە دەرچووە، بەڵام شتێکی ناشرینە دەبوایە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و بەرێوەبەری خوێندنگاکان پشتگیری مامۆستاکانیان بکەن، چونکە ئەوانیش مووچەکانیان دواکەوتوووە، بۆیە بڕیارەکان لێرە زۆربەی سیاسییە".
لە ماوەی رابردوودا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەوە بە نووسراوێک بەڕێوەبەری خوێندنگاکان ئاگادارکرانەوە کە دەبێت ئەو مامۆستایانەی بایکۆت دەکەن ناوەکانیان بۆ بنێرن بۆئەوەی رێکاری یاسایی پێویستیان دژ بگرنە بەر.