کاروان ئەنوەر: لەبەر شانوشەوکەتی سەندیکا نەبووایە دەتوانم چوار هەزار واژۆ دژی نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنوسان کۆبکەمەوە

چاوپێکەوتن

03/05/2022     ژمارەی بینراو 578

راچڵەکین-

سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی سلێمانی رایگەیاند، تا ئێستا خۆی سکرتێری لقی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانە لە سلێمانی و وتیشی"کێشەکانی ئەم سەندیکایەی هەولێر و نەقیبی سەندیکا لەگەڵ ئێمە ئەوەیە کە دەڵێن، ئەم سەندیکایە نابێت ئازادتر بێت، دەبێت سلێمانی وەک هەولێر و دهۆک بێت، نە من وەک سکرتێری لق نە خەڵکەکەی قبوڵییان نیە سلێمانی وەک هەولێر بێت، من وەک ئەخلاقێکی ڕۆژنامەوانی خۆم قسە لەسەر پێشێلکارییەکان و لێدان لە ڕۆژنامەنوس لە هەولێر و دهۆک دەکەم مافی خۆمە". 

کاروان ئەنوەر بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە. کێشەکە دەرکردنی من نییە، چونکە من دەرنەکراوم لە پۆستەکەی خۆمم(سکرتێری لقی سلێمانی) بەڵام ئەگەر بێن جیاوازی بکەن لە نێوان سلێمانی لەگەڵ هەولێر و دهۆک، بەس لقی سلێمانی سەندیکا توانیوێتی سەد هێندە خزمەت بەخەڵک و ڕۆژنامەنوسان بکات لەم دەڤەرە".

وتیشی:" ئەوەندەی لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەوانان چالاکە، هێندە لقەکانی تر چالاک نین، دەرکردنی من بە دەستی نەقیب نییە، چونکە من بە هەڵبژاردن هاتوم، نوێنەری حیزبێکم لە ناو سەندیکا کە (یەکێتی نیشتمانی کوردستانە)، یەکێتی نیشتمانی پێم بڵێ وەرە دەرەوە من دێمە دەرەوە ئێستا، بەڵام حاکم ئازادی نەقیبی سەندیکا بۆی نیە بە من بڵێت، ئەم پیاوە قسەی خۆی دەشکێنێت، ئەگەر ئەو دەڵێت، چوار واژۆم کۆکردووەتەوە بۆ لادانی من ، ئەوە من چوار هەزار واژۆ کۆ دەکەمەوە بۆ لادانی ئەو ئەگەر بە واژۆ کۆکردنەوە لادان دروست دەبێت، ئەمە خەوێکی بەرتەسکبوونەوەی حیزبییە کە چاوییان بە سلێمانی و چالاکییەکان و ئازادی ئەم شارە هەڵنایەت، لێرە خەڵک هەمووی ئازادانە ڕەخنە دەگرێت".

کاروان ئەنوەر جەختیکردەوە" کە وەک سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسان بەردەوامە لە کارەکانی، چونکە وەک ئەو دەڵێت “هیچ کێشەیەکمان نییە و بڕیارەکەش یاسایی نیە، چونکە سەندیکا پەیڕەوی ناوخۆ و یاسای خۆی هەیە".

سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسان وتیشی:" تا ئێستا لە سلێمانی کێشەمان نییە و نوێنەری پارتی-ش لە سەندیکا دەوامی خۆی ئاسایی دەکات، خۆی سلێمانی و سەندیکا و ڕۆژنامەنوس و خەڵکەکەشی جیاوازن، ڕۆژنامەنوسی خەسێنراو لە سلێمانیدا نیە، هەمووی خەڵکی چالاک و بە جەرگن، بەڕەش دەڵێن ڕەش، بە سپی-ش دەڵێن سپی، من خۆم چەندین جار چومەتە ناو خۆپیشاندانەوە".

کاروان ئەنوەر  ئاماژەی بەوەشکردووە:" لە سلێمانی دوو ئیدارەیی بۆ سەندیکا قبوڵ ناکەین لە لقی سلێمانی شتی وامان نییە، بەڵام لە هەولێرەوە هەیە ماوەی هەشت ساڵە لە هەولێرەوە یەک دینارییان نەناردووە بۆ لقی سلێمانی، واتە لەسلێمانیەوە نەکراوە بەڵام بەداخەوە کێشە حیزبییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی کاریگەری هەبووە لەسەر نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنوسان".

سکرتێری لقی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی سلێمانی هۆشداری دا بە نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی هەرێم و وتی:" ئەگەر عاقڵ نەبن واتە بە لۆژیک مامەڵە نەکەن لەگەڵ سلێمانی، ئەوا ئێمە ئەوەی لە ژێر بەڕەیە دەیخەینە سەر بەڕە کەچی بەرامبەر بە سلێمانی کراوە ئەوکات بابەتەکە دەبێتە بابەتی ڕای گشتی، و دەبێتە ئەوەی چۆن دەیانەوێت قاچی سلێمانی بشکێنن و سلێمانی بخەنە سەر ئەژنۆ".

کاروان ئەنوەر ئاماژەی بەوەشکرد:"بە سیفەتی پلە حیزبیەکەم کە ئەندامی مەکتەبی ڕاگەیاندن و سەرنوسەری سایتی فەرمی یەکێتیم چل و دوو ساڵە لەو حیزبەدام هەرکات بەو سیفەتە لێدوانم دابێت، ئەوە ئەوان لە هەوڵەرەوە لێییان توند کردومەتەوە، من یەک جانتا نوسراوم هەیە ئەگەر بڵاوی بکەمەوە ئەوا دەبێت نەقیب هەرچی ئەو باڵەیە لەناو لقی سەرەکی سەندیکا لە هەولێر (کە پارتی و ئەوانەی لەگەڵ نەقیبن) پاڵپشتی دەکەن ئەوا دەبێت قفڵ بدەن لە دەرگا و پەنجەرە و جانتایان کۆبکەنەوە و بڕۆن چونکە زۆر بێ ئیتیکی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنوسان لەو سەندیکایە کراوە".

 "هەر لەبەر شان و شەوکەتی سەندیکا نەبووایە، من ئەگەر سکاڵا تۆمار بکەم لەسەر نەقیبی سەندیکا و ئەوانەی واژۆی لادانی منیان کردووە، ئەوا ئێمە دەتوانین چوار هەزار واژۆ دژی ئەوان کۆبکەمەوە، بەداخەوە کار گەیشتۆتە ئەوەی کۆمەڵێک شتیان وتووە زۆر بێ مۆراڵانە، دەمەوێت ئەوەش بڵێم، ئەم پیاوەی خۆی ناو ناوە نەقیبی سەندیکا ، خۆی نازانێت و ڕۆژنامەنوس نیە، کاک سلمانی نە بە من لغاو دەگیرێت نە بە ئازاد، نە بە پارتی نە بە یەکێتی، سلێمانی جیاوازە کە هاتیتە سلمانی دەبێت خزمەتی بکەیت، ڕۆژنامەنوسی سلێمانی جیاوازە لە شوێنەکانی تر" کاروان ئەنوەر وادەڵێت.

سکرتێری لقی سلێمانی دەشڵێت:" ماوەیەکی تر من بە هەموو نوسراوەکانی خۆی(نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنوسان) بە بەڵگەوە لەبەردەم هەموو کەناڵەکان دەیخەمەڕوو، کە نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامنوسان چۆن دژایەتی ڕۆژنامەنوسانی سلێمانی دەکات، مەعقولە نەقیب وتویەتی من چۆن دەهێڵم شوقە دابەش بکرێت بەسەر ڕۆژنامنوسانی سلێمانی، ئەی ئەوانەی هەولێر و دهۆک چی؟!مەعقولە هەموو مانگێک پارە لە حکومەت بۆ سەندیکا وەردەگرن، کەچی ماوەی هەشت ساڵە یەک دینار نانێرن بۆ سلێمانی ؟! ئیتر کاتی ئەوە هاتووە بە سەندیکای ڕۆژنامەنوسان بڵێین(ستۆپ) ئمە سلێمانیە و لقی سلمانیە، ئەگەر من شەرعیەتم نەبێت کە بە هەڵبژاردن هاتووم، ئەوا تۆ وەک سەندیکا لە 15/07/2015 وە شەرعیەتت نەماوە وەک سەندیکا، سەرۆکی هەرێم و جێگری سەرۆکی حکومەت دەڵێن کۆنگرە بکەن نایکات، کە دەڵێت پارە نیە بۆیە کۆنگرە ناکەم وتویانە ئەوە پارە، ئێستا هەر کۆنگرە ناکات ئەمەش بۆ ئەوەیە خەڵک زمانی ببرێت ، وەداد حسێن زمانی بڕدرا و پەنجەی شکێنرا، سەردەشت عوسمان گولەیەک نرا بەناوی دەمیەوە و لە پشتە سەریەوە هاتەدەر بۆ ئەوی خەڵک قسە نەکات لەسەر ئەم بابەتانە، کۆمەڵە خەڵکێک و باڵێک لەناو حیزبێک دەیانەوێت ئەم سەندیکایە ئاوا کار بکات کە ئەوە دەست نادات، کاتی ئەوەش هاتووە کە ئیتر هەموو نهێنیەکان ئاشکرا بکرێن".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن