ناوەندەكانی خوێندن و فەرمانگە حكومییەكان لە تارانی پایتەختی ئێران داخران

جیهان

17/05/2022     ژمارەی بینراو 423

راچڵەكین-

بەهۆی پیسبوونی هەوا تا رادەیەكی بەرز لە تارانی پایتەختی ئێران، لە ناوەندەكانی خوێندن و فەرمانگە حكوومییەكانی تاران كرایە پشوو

میدیای ئێران بڵاوی كردەوە، عابید مەلەكی، جێگری سەرۆكی شارەوانی تاران، دەڵێت، بەهۆی نالەباری رەوشی هەواوە، لیژنەی دۆخی لەناكاو كۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجام داوە و وتی: "رۆژی سێشەممە پیسبوونی هەوا چڕ دەبێتەوە. بەم هۆیەوە بڕیار دراوە لە ناوەندەكانی خوێندن و سەرجەم فەرمانگە حكوومییەكانی تاران بكرێتە پشوو".

لەلایەن خۆیەوە یەزدی مەهر، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبردنی قەیرانەكان لە پارێزگای تاران، رایگەیاند "بەپێی پێشبینییەكانی دامەزراوەی كەشناسیی تاران پیسبوونی هەوا گەیشتووەتە ئاستی پرتەقاڵی. داوا لە دانیشتووانی تاران دەكەین بە تایبەت گرووپە هەستیارەكان ئەمڕۆ و سبەی لە ماڵەكانیان نەیەنە دەرەوە".

جگە لە نەگونجاوی ئاڵوگۆڕی هەوا و زۆری ژمارەی دانیشتووانی تاران، هەروەها بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلە مۆدێل كۆنەكان و بەكارهێنانی ماتۆرسكیل بەشێوەیەكی بەربڵاو كە گازی ژەهراوییان لێ دەردەچێت لەو هۆكارانەن كە پیسبوونی هەوای شارەكەیان زیاد كردووە.

تاران لە ریزبەندی سێیەمی ئەو شارانەی جیهاندایە كە هەوایان زۆر پیسە، بەم هۆیەوە زوو زوو خوێندن لە قوتابخانەكانی ئەم شارە دەكرێتە پشوو.

بەپێی دەرخستەی كوالێتیی هەوا، تەنۆچكەی "PM10" لەنێو یەك مەتر سێجا هەوادا بەم جۆرە پۆلین كراوە:

٠-٥٠ "هەوای پاك" (سەوز)، ٥١-١٠٠ "مامناوەند" (زەرد)، ١٠١-١٥٠ "هەستیار" (پرتەقاڵی)، ١٥١-٢٠٠ "ناتەندروست" (سوور)، ٢٠١-٣٠٠ "خراپ" (مۆر) و ٣٠١-٤٠٠ "مەترسیدار" (قاوەیی).

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن