پۆلیسی سلێمانی روونكردنەوە لەبارەی گیانلەدەستدانی لیا دەدات

کوردستان

20/05/2022     ژمارەی بینراو 877

راچڵەكین –

پۆلیسی سلێمانی روونكردنەوەیەك لەبارەی گیانلەدەستدانی لیای تەمەن 10 ساڵ دەدات كە بەهۆی پەلاماری سەگەوە گیانی لەدەستدا، رایدەگەیەنێت خاوەن ماڵی رووداوەكە بە سپاردە ئازادكراوە، رەخنەش لە میدیاكان دەگرێت كە بێ گەڕانەوە بۆ لێدوانی پۆلیس، هەواڵ لەسەر رووداوەكە بڵاودەكەنەوە.

لە روونكردنەوەكەدا هاتووە، لەسەرەتای رووداوی گیانلەدەستدانی لیا عەلی، هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، لێكۆڵینەوەكانی دەسپێكردووەو سەرجەم كامێراكانی چاودێریی وەرگیراون و سەیركراونەتەوە، بە بڕیاری بەڕێز دادوەر خاوەن ماڵی رووداوەكە، بانگهێشتی دادگا كراوەو لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا كراوە و بە سپاردە ئازاد كراوە.

پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشكردووە كە بە بڕیاری دادوەر و بە ئامادەبوونی مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی راپەڕین و تیمەكانی بەشی بەڵگەی تاوان و پزیشكانی دادوەری، تەرمی لیا لە ناو گۆڕەكەی دەرهێنراوەتەوەو لە پزیشكی دادوەری سلێمانییە، توێكاری بۆ لاشەكەی دەكرێت و لێكۆڵینەوەش لە رووداوەكە بەردەوام دەبێت.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، رەخنەشی ئەوەشی گرتووە كە هەندێ لە دەزگای راگەیاندن و میدیایی، هەواڵ لە سەر گیانلەدەستدانی لیای 10 ساڵ بڵاودەكەنەوە، بێ گەڕانەوە بۆ لێدوانی پۆلیسی سلێمانی، كە ئەمەش زیان بە لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس دەگەیەنێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن