مانچستەر سیتی بووە پاڵەوانی خولی پریمەرلیگ

وەرزش

22/05/2022     ژمارەی بینراو 199

راچڵەكین –

یانەی مانچستەر سیتی بە بردنەوەی لە یانەی ئەستۆن ڤێلا، توانی ببێتە پاڵەوانی خولی نایابی ئینگلیزی ناسراو بە پریمەرلیگ.

ئەمڕۆ 22-5-2022، لە یارییەكی چارەنوسسازداو لە گەڕی كۆتایی خولی نایابی ئینگلیزی ناسراو بە پریمەرلیگ، هەردوو یانەی مانچستەر سیتی و ئەستۆن ڤێلا بەیەكگەیشتن، مانچستەر سیتی بە راهێنەرایەتی گواردیۆلا، هەرچەندە لەناو یاریگای خۆی یاری دەكرد، بەڵام لە گێمی یەكەمی یارییەكەدا ئاستێكی زۆر خراپیان پێشكەش كرد بەگۆڵێك لەدواوە بوون، لە خولەكی 69 یارییەكەدا ئەستۆن ڤێلا گۆڵی دووەمی تۆماركرد.

لەكاتێكدا هەمووان چاوەڕوان بوون مان سیتی یارییەكە بدۆڕێنێت و پلەی یەكەمی خولەكەش لە بەرژەوەندی یانەی لیڤەرپول لەدەستبدات، بەڵام یاریزانانی یانەكە لەماوەی تەنها پێنج خولەكدا توانیان سێ گۆڵی یەك لەدوای یەك (76، 78 و 81) تۆماربكەن و ئەنجامی یارییەكە لە بەرژەوەندی خۆیان كۆتایی پێ بهێنن، كە بەهۆیەوە كۆی خاڵەكانیان بۆ 93 خاڵ بەرزكردەوەو یانەی لیڤەرپولیش هەچەندە بەئەنجامی 3 – 1 گۆڵ لە یانەی ووڵفرهاموتۆن-ی بردەوە، بەڵام بە 92 خاڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندییەكەدا مایەوە.

لەدوای لێدانی فیكەی كۆتایی یارییەكەش، هاندەرانی مانچستەر سیتی رژانە ناو گۆڕەپانی یارییەكەو لەگەڵ یاریزانان و گواردیۆلای راهێنەر، خۆشی و شادیی بەدەستهێنانی هەشتەمین نازناویان لە مێژووی یانەكە دەربڕی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن