وێنە.. ژنانی راگەیاندکار لە ئەفغانستان ناچار کران بە پەچەوە دەربکەون

مەڵتی میدیا

23/05/2022     ژمارەی بینراو 612

راچڵەکین-

ژنان و کچانی راگەیاندکار لە ئەفغانستان ناچار کران بە پەچەوە لەسەر شاشەی راگەیاندنەکان دەربکەون ئەگەر نا لە کارەکانیان دووردەخرێنەوە.

بە فەرمانی بزووتنەوەی تاڵیبان لە رۆژی یەکشەممەوە، ژنانی پێشکەشکار و پەیامنێری کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان لە ئەفغانستان بە پۆشینی پەچەوە چوونە پەخشەوە.

رۆژێک پێش ئەوەی بچنە پەخشەوە بەشێک لە پێشکەشکار و بێژەری کەناڵەکانی ئەفغانستان بۆ بەرهەڵستیکردن، سەرپێچی فەرمانەکەی تاڵیبانیان کردبوو  پەچەیان نەپۆشیبوو، بەڵام وەک خۆیان دەڵێن خاوەنکارەکانیان کەوتوونەتە ژێر فشارەوە و ناچاریان کردوون بە باڵاپۆشییەوە بچنە سەر شاشە.

پێشتر تاڵیبان فەرمانی باڵاپۆشی بۆ ژنان دەرکرد، بەپێی فەرمانەکە دەبێت هەموو ژنان لە شوێنە گشتییەکان و لەکاتی چوونە دەرەوە پەچە بپۆشن، بەپێچەوانەوە ڕوبەڕووی سزا دەبنەوە.

لەو بارەیەوە، سۆنیا نیازی، پێشکەشکاری بەرنامەی TOLOnews بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاندووە: ئێمە لەدژی بووین و نامانەوێت ماسک ببەستین.

سۆنیا رایگەیاندوە، لە لایەن بەرپرسانی تاڵیبانەوە فشار لەسەر خاوەنی کەناڵەکان هەبووە، پێیان وتراوە کە ئەگەر پابەندنەبن بە بڕیارەکە یان دەبێت کارەکانیان بگۆڕن یان  لە کارەکانیان دووردەخرێنەوە.

خپۆلواك سەپایی، جێگری بەڕێوەبەری كەناڵەكە لە پۆستێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك رایگەیاند: "ئەمڕۆ لە خەمێكی قوڵداین".

📷.. AFP

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن