لیژنەی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گیانلەدەستدانی ژنەکەی کەلار پێکدەهێنرێت

کوردستان

25/05/2022     ژمارەی بینراو 216

راچڵەکین-

تەندروستی گەرمیان لیژنەی لێکۆڵینەوەی لەسەر گیانلەداستدانی ئەو ژنەی نەشتەرگەری منداڵبوونی بۆ ئەنجامدراوە پێکهێنا، پۆلیس دەڵێت، تا ئێستا کەس لەسەر رووداوەکە دەستگیرنەکراوە". نەخۆشخانەکەش ئاماژە بەوەدەکات:" لە ئەگەری هەبوونی هەر کەم و کورتییەک لە نەخۆشخانەکەمان کە هۆکاری گیان سپاردنی ئەو ژنە بوبێت،ئامادەی هەر ڕێکارێکی یاسایین کە بەرامبەرمان بگیرێتە بەر"

شەوی رابردوو لە نەخۆشخانەی لافی-ی تایبەت لە کەلار  ژنێک نەشتەرگەری منداڵبوونی بۆ ئەنجامدرا، دوای تێپەڕبونی چەند كاتژمێرێك بە خێزان و كەسوكارەكەی راگەیەندراوە گیانی لەدەستداوە، كەسوكارەكەشی نەخۆشخانەكە بە كەمتەرخەم دەزانن.

سیروان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەسەر رووداوەکە لیژنەیەكیان دروستكردوە هەر ئەمڕۆ چوارشەممە لیژنەكە بە ئامادەبونی نوێنەری داواكاری گشتی دەستبەكاردەبێت بە مەبەستی لێكۆڵینەوە لە گیانلەدەستدانی ئەو ژنەی نەشتەرگەری منداڵبوونی بۆ كراوە.

وتیشی:"لەئێستادا تەرمەكە لە پزیشكی دادی سلێمانییە، دوای تەواوبوونی رێكارەكانی توێكاری و سەیركردنی دۆسیەكە و وەڵامی پرسیارەكانی ئەوان و دەزگا پەیوەندیدارەكان دەدەنەوە، لەدوای تەواوبونی لێكۆڵینەوەكان ئەنجامەكانی بۆ رایگشتی بڵاودەكەنەوە".

لای خۆشییەوە عەلی جەمال قەدوری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاندووە، ژنەکە تەمەنی 30 ساڵە و خاوەنی 2 منداڵە، تاوەكو ئێستا هیچ كەسێك دەستگیر نەكراوە، تەرمەكەی لە پزیشكی دادوەری سلێمانییە بۆ ئەوەی هۆكاری مردنەكەی ئاشكرا بكرێت و چاوەڕێی راپۆرتی كۆتایین.

نەخۆشخانەی لایفی تایبەتیش روونکردنەوەیەکی لەسەر گیانلەدەستدانی ئەو ژنە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت:" لە ئەگەری هەبوونی هەر کەم و کورتییەک لە نەخۆشخانەکەمان کە هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو ژنە بوبێت، ئامادەی هەر رێکارێکی یاسایین کە بەرامبەرمان بگیرێتە بەر، بۆ دەرئەنجامیش چاوەڕێی لیژنەی پزیشکی دەکەین و پابەند دەبین بە تەواوی بڕیارەکانی".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن