توركیا ئاماری كۆچبەرە دیپۆتكراوەكان بڵاودەكاتەوە

جیهان

21/06/2022     ژمارەی بینراو 205

راچڵەكین –

حكومەتی توركیا بڵاویكردەوە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاوەكو ئێستا زیاتر لە 42 هەزار كۆچبەر، كە بەشێوەی نایاسایی هاتوونەتە ئەو وڵاتە، دیپۆرتی وڵاتەكانیان كراونەتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە هەژماری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی سەرۆكایەتی فەرمانگەی كۆچی توركیا بڵاوكراونەتەوە، لەنێوان رۆژانی ١٨-٢١ی ئەم مانگە، لەرێگەی پێنج گەشتی ئاسمانییەوە كە لە فڕۆكەخانەی مەڵاتیاوە ئەنجامدراون، هەزار و 135 كۆچبەری نابیاسایی، كە سەرجەمیان هاوولاتیان ئەفغانستان بوون، رەوانەی وڵاتەكەیان كراونەتەوە.

ئامارەكان دەریانخستووە، كۆی ئەو كۆچبەرە نایاساییانەی لەسەرتای ئەمساڵەوە تاوەكو ئێستا لە توكریاوە دیپۆرتی وڵاتەكانیان كراونەتەوە، گەیشتووەتە 432 هەزارو 666 كەس، كە بەشی هەرە زۆریان هاووڵاتی ئەفغانستانن و لەدوای ئەوانیش هاووڵاتی پاكستانی دێن.

سەرۆكایەتی فەرمانگەی كۆچی توركیا باسی لەوەشكردووە، رێكارەكان لەدژی كۆچبەرانی نایاسایی توندتر كراونەتەوەو بەدەگمەن كۆچبەر لە دەستی هێزە ئەمنییەكانی توركیا رزگاریان دەبێت.

لەدوای كۆنترۆڵكردنی ئەفغانستان لەلایەن بزوتنەوەی تاڵیبانەوە، لێشاوی كۆچكردن لەو وڵاتە بەشێوەیەكی فراوان زیادیكردووەو لەرێگەی ئێرانەوە خۆیان دەگەیەننە توركیا، بەئومێدی گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن