پاسی هێڵەكان.. نرخی گواستنەوەی هاوڵاتیانیان دابەزاندووە؟

کوردستان

23/06/2022     ژمارەی بینراو 380

راچڵەكین- کۆچەر عەزیز

لەگەڵ ئەوەی لەئێستادا دووجۆر بەنزینی پاڵپشتی بەنرخی ٦٩٠ دینار بۆ هێڵەكانی گواستنەوەی تاكسی و پاس دابینكراوە، بەڵام شۆفێرانی پاس نرخی كرێی گواستنەوەیان وەك خۆی هێشتووەتەوە و هەر ٧٥٠ دینارە.

راچڵەكین بۆ بەدواداچوونی ئەو بابەتە لەگەڵ چەند شۆفێرێكی پاس لە هێڵە جیاوازەكانی راپەڕین، سەرچنار، هەواری شار و چەند هێڵێکی دیکە قسەی كرد، تا ئێستاش نرخی كرێی گواستنەوەی هاووڵاتییان بە ٧٥٠ دینارە، بە بیانووی ئەوەی كە بەنزینەكە كوالێتی باش نییە و بەشێك لە شۆفێران وەریناگرن، هەروەها بەنزینی ٦٩٠ دیناریش رۆژێك هەیە و دوو رۆژ نییە.

محەمەد رەسوڵ، سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزاری شارەوانی بۆ راچڵەكین وتی، ئەوان وەك لیژنەی گواستنەوە بەدواداچوونی بۆ دەكەن و سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی لێ ئاگاداردەكەنەوە بۆئەوەی ڕێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر بۆ ئەوەی ئەو بابەتە چارەسەر بكرێت، چونكە تەنها هاووڵاتییان زەرەرمەندی یەكەمن لەو بابەتەدا.

لای خۆشییەوە رێكان جەمال، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئەمڕۆ پێنجشەممە بۆ راچڵەكین وتی:" ئەوان بە دواداچوون دەكەن و رێكاری پێویست دەگرنە بەر."

لە ماوەی رابردوودا بەهۆی گرانبوونی نرخی بەنزین شۆفێرانی پاس لە بەشێك لە هێڵەكانی شاری سلێمانی نرخی كرێی گواستنەوەی هاووڵاتیانیان لە ٥٠٠ دینارەوە بۆ ٧٥٠ دینار بەرزكردەوە.

ماوەی چەند رۆژێکە نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان جێگیرە. نرخی هەر لیترێک بەنزینی نۆرماڵ ١٢٠٠ دینارە، بەنزینی موحەسەن ١٣٥٠ دینارە و بەنزینی سوپەریش ١٤٥٠ دینارە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن