راچڵەكین -
دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان، رایدەگەیەنێت، ژمارەی ئەو كەسانەی فۆڕمی وەرگرتنی یەكەی نیشتەجێبوونیان پڕكردووەتەوە، لە 120 هەزار كەس نزیكدەبێتەوە، كە نیوەی ئەو ژمارەیە لەسنووری پارێزگای هەولێرەو لە هەڵەبجەش كەمترین كەس فۆڕمەكەیان پڕكردووەتەوە.
دەستەكە نوێترین ئاماری بڵاوكردووەتەوە لەبارەی پڕكردنەوەی فۆڕم بۆ سوودمەندبوون لەو 20 هەزار یەكەی نیشتەجَبوونەی كە بڕیارە بۆ كەمدەرامەتان و هەژارنشینان دروستبكرێت.
بەپێی ئامارەكەی دەستەی وەبەرهێنان، 119 هەزارو 119 كەس فۆڕمیان پڕكردووەتەوە، كە رێژەی 88%ی خێزاندارە (105 هەزارو 578)و 12%شیان سەڵتن (14 هەزارو 341).
لەسەر ئاستی پارێزگاكان، زۆرترین فۆڕم لەسنووری پارێزگای هەولێر پڕكراوەتەوە، كە 59 هەزارو 410 فۆڕمەو دەكاتە 50%، لەدوای ئەویش پارێزگای سلێمانی دێت كە 30 هەزارو 684 فۆڕم پڕكراوەتەوەو دەكاتە رێژەی 26%، هاوكات لە پارێزگای هەڵەبجە، كەمترین ژمارەی فۆڕم پڕكراوەتەوە، كە تەنها هەزارو 157 فۆڕمەو دەكاتە رێژەی 1%.
دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان ئاشكراشیكردووە، زۆرترین ئەو كەسانەی فۆڕمەكەیان پڕكردووەتەوە، داوای یەكەی 100 مەترییان كردووە، كە رێژەیان 48% بووە.