هەمواری یاسای نەوت و گاز… ئەو تاوانەی بە بێدەنگی تێپەڕی!

ڕاپۆرت

پێش 3 هەفتە     ژمارەی بینراو 92

راچڵەکین- عەبدوڵڵای مەلا نوری

کارەسات ئەوە نییە فێڵێکی گەورە کراوە، بەڵکو ئەوەیە هێشتا زۆرێک نازانن چی و چۆن رویدا، وا لێرەدا بە وردی دیوی پشتەوەی باسی دەکەین!

  رۆژی ٢٩ی ٦ی ٢٠٢٢، پەرلەمانی کوردستان دانیشتنێکی ئەنجامداو تێیدا هەمواری یەکەمی یاسای ژمارە (٢٢)ی ساڵی ٢٠٠٧، یاسای نەوت و گازی پەسەند کرد؛ بە تایبەت ماددەی (٤) هەموارکرایەوە، کە پەیوەندی بەپێکهاتەی ئەنجومەنی هەرێمیی نەوت و گازەوە هەیە.

لەو کاتەدا بەهۆی هەڵبژاردنی جۆرێک لەبێدەنگی لەلایەن بەشێک لە پەرلەمانتارانەوە، هەروەها لەبەر ئەوەی ڕۆژێک پێش ئەوەی هەمواری ئەم یاسایە لە هۆڵی پەرلەماندا پەسەند بکرێ، دوو مامۆستاکەی زانکۆی هەولێر لەلایەن خوێندکارێکەوە کوژران، ئەم روداوەش مێدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ چەند رۆژێک سەرقاڵ کرد، ئەمانە بونە هۆی ئەوەی پەردە بەسەر ئەم پرسە هەستیارەدا بدرێ و بابەتی هەمواری یاسای نەوت و گاز، نەبێتە جێگای سەرنج و بایەخی رای گشتی.

لە کاتێکدا ئەم هەموارە تاوانێکی تری گەورەیە بە ئاڕاستەی زیاتر حیزباندنی پرۆسەی نەوت و پشتیوانیکردن لەو سیاسەتە شکستخواردووەی کە ساڵانێکە خەڵکی کوردستان لە رووی سیاسی و ئابوریەوە بە قورسی باجەکەی دەدەن؛ هەروەک پرۆسەی پەسەندکردنی پرۆژەکە لە وێستگەی یەکەمدا لە ئەنجومەنی وەزیرانداو دواتریش بە خێرایی پەسەندکردنی لەناو لیژنەکان و هۆڵی پەرلەمانداو ئاسانکاری و رۆڵی راستەوخۆی بەشێک لە پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن، لە ژێر پرسیاردایەو، وا لە خوارەوە بە بەڵگەوە دەیخەینە روو!

ئەنجومەنی هەرێمی دەسەڵاتی چییەو ئەندامەکانی کێن؟

بە پێی مادەی (٥)ی یاسای نەوت و گاز، ئەم ئەنجومەنە سێ دەسەڵاتی ستراتیجی فراوانی هەیە:

یەکەم: دانانی پلان و پرنسیپەکانی گشتی بۆ سیاسەتەکانی نەوت و غازو بەدواداگەڕان وپەرەپێدانی.

دووەم: پێدانی رەزامەندی لەسەر گرێبەستەکان.

سێیەم: دیاریکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و غاز.

ئەندامەکانی ئەم ئەنجومەنە پێش هەمواری یاسای نەوت و گاز پێکدەهات لە (٥) کەس، کە

بریتیبوون لە: سەرۆکی حکومەت ــ پارتی، جێگری سەرۆکی حکومەت ــ یەکێتی، وەزیری سامانە سروشتیەکان - پارتی، وەزیری دارایی ــ گۆڕان، وەزیری پلاندانان ــ یەکێتی. واتە دوو پارتی، دوو یەکێتی، یەک گۆڕان.

بەڵام نوسراوێکی ئەنجومەنی وەزیران، کە رێکەوتی ١٥ی ٦ی ٢٠٢٢ و واژۆی مەسرور بارزانی لە سەرە، ئاماژە بەوە دەکات لە ئەنجومەنی وەزیراندا پرۆژە یاسایەک پەسەند کراوە، کە مەبەست لێی هەموارکردنەوەی مادەی (٤)ی یاسای نەوت و گازە، بە جۆرێک ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی هەرێمی لە پێنج کەسەوە بکرێن بە شەش، ئەمەش بە زیادکردنی (سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران) بۆ ئەنجومەنی هەرێمییەکە.

داواکاری هەمواری مادەی (٤)ی یاسای نەوت و گاز، وەک ئەوەی لە پرۆژە هەموارەکەی حکومەتدا هاتووە، دوو گۆڕانکاری ریشەیی و کاریگەر، بەڵام مەترسیدار لە یاساکەو پرۆسەکانی بڕیارو بەڕێوەبردنی نەوت و غازی هەرێمدا دەهێنێتە کایەوە، کە ئەمانەن:

یەک: سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، کە زیاد دەکرێ بۆ ئەنجومەنی هەرێمی، لە ئێستادا (ئومێد سەباح)ە کە پارتییە، بەم هەموارە ژمارەی ئەندامانی پارتی لە ئەنجومەنەکەدا لە دوو کەسەوە دەبن بە سێ، بەمەش نیوەی تەواوی ئەنجومەنەکە دەبنە نوێنەرانی پارتی، نیوەکەی تریشی گۆڕان و یەکێتی.

دوو: لە پرۆژە پێشنیازکراوەکەی حکومەتدا هاتووە: ئەگەر لەناو ئەنجومەنی هەرێمیدا لەسەر هەر پرسێک دەنگدان کرا، وە ژمارەی دەنگەکان بەرامبەرو یەکسان بوون، ئەوا دەنگی سەرۆکی حکومەت لەگەڵ هەر گروپێکدابێت، ئەو گروپە براوەیە، واتە دەنگی سەرۆکی حکومەت هەمیشە بە (دوو دەنگ) ئەژمار دەکرێ. بەم شێوە لێرە بەدوا هەر لەرێگەوە هەمو کاتێک پارتی نیوەی دەنگەکانی ئەنجومەنەکەی هەیە، خۆ سەرۆکی ئەنجومەنەکەش هەر پارتیەو دەنگی ئەم یەکلاییکەرەوە دەبێت، کەواتە هەمو کات بڕیاری ئەو ئەنجومەنە بەو شێوە دەڕوات، کە سیاسەتی پارتی رەنگڕێژی دەکات!

پرۆژەکە لە ناو ئەنجومەنی وەزیراندا چۆن تێپەڕی؟

بیرمانە ماوەیەک پێش ئێستا سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە لێداونێکیدا گوتی: "مەگەر بۆری غاز بەسەر لاشەی مندا رابکێشن"، بەڵام زانیاری دروست هەیە، کە لە کۆبونەوەکەی هەولێری ١١ی ٦ی ٢٠٢٢ی نێوان مەسرور بارزانی و باڤڵ تاڵەبانیدا، کە تێیدا باسی کێشەکانی دەزگای زانیاری یەکێتی و غازو پەیوەندییە حیزبییەکانیان کراوە، بە هەر نرخ و گوشارێکبێت سەرۆکی حکومەت توانیویەتی سەرۆکی یەکێتی بەوە رازی بکات، کە کادرێکی تری پارتی بۆ ئەنجومەنی هەرێمی نەوت وگاز زیاد بکرێ! ئەوەش رونە کە دەمێکە قوباد تاڵەبانی پشتیوانی پرۆسەی نەوتییەو بەهەموو شت رازییەو بە پێی زانیاریەکانیش هەر ئەم یەکەم کەس بووە لە تیمی یەکێتی لە ئەنجومەنی وەزیراندا دەستی رەزامەندی بۆ پرۆژەکە بەرزکردوەتەوە. (دواتر هەر لە ڕێگەی قوباد تاڵەبانییەوە رێنمایی بە فرکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان دەگات و پێیان رادەگەیەنرێ گرفت دروست نەکەن و دەنگ بە پرۆژەکەی حکومەت بدەن)

سەبارەت بەهەڵوێستی وەزیرەکانی گۆڕانیش، بە پێی زانیاریەکان (بەتەواوی لە ژێر کاریگەری خودی مەسرور بارزانیدان)، ئەمانیش لە ئەنجومەنی وەزیراندا هیچ رەخنەو سەرنجێکیان نەبووە، جگە لە بەرزکردنەوەی دەستی رەزامەندی  نەبێت. ئەمە لەکاتێکدا بەپێی رێکەوتنی گۆڕان-پارتی بڕیاربوو ئەم کابینەیە، کابینەی بچوککردنەوەی حکومەت و چاکسازی و دروستکردنی سندوقی داهاتی نەوتی و بەنیشتیمانیکردنی دامەزراوەکان و پرۆسەی نەوت بێت، نەک زیاتر حیزباندنی!
ئابەم شێوەیە لەسایەی بێهەڵوێستی تیمی گۆڕان و یەکێتیدا پرۆژە یاساکە بەکۆی دەنگ لە ئەنجومەنی وەزیراندا (وەک خۆی) پەسەند دەکرێت و ئاڕاستەی پەرلەمان دەکرێت بۆ شەرعاندنی. کە گومانی تێدا نییە هەمیشە پارتی بایی ئەوە سەخاوەتی تێدا بووە، لەبەرامبەر ئەم جۆرە سەفەقات و چاکانەی کە ژێربەژێر لە لایەن کەسان و لایەنی خۆفرۆشەوە بۆیان دەکرێ شیرینی دەبەخشن!

ئەم پرۆژە یاسایە لە دوای ئەوەی بە پێی نوسراوی ژمارە (٨٩٤٦)، رێکەوتی ٢٠ی ٦ی ٢٠٢٢، کە ئیمزای ڤالا فەرەیدون (وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان)ی لەسەرە، ئاڕاستەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێ. دو رۆژ دواتر، واتە لە ٢٢ی ٦ی ٢٠٢٢، لە پەرلەماندا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ دەکرێ و لە لایەن سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە ئاڕاستەی (لیژنەی یاسایی) و (لیژنەی پێشەسازی و وزەو سامانە سروشتیەکان) دەکرێ، بۆ ئەوەی راپۆرتی خۆیانی لە سەر بنوسن.


راپۆرتی لیژنەی سامانە سروشتیەکان:

لە کاتێکدا لیژنەکانی پەرلەمان تەنانەت لە (باری خێراشدا) بە پێی بڕگەی (٢) لە مادەی (٨٤)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، دەرفەتی ئەوەیان هەیە لەماوەی (٧) رۆژدا بەبێ پەلەکردن و بە ئارامی راوێژو دراسەی پرۆژە یاساکان بکەن و کۆببنەوەو راپۆرتی خۆیان ئامادە بکەن، هەروەها بە پێی بڕگەی (٢) لە مادەی (٣٠) بۆ ئەوەی لیژنەکانی پەرلەمان کۆببنەوە پێویستە (٢٤) کاتژمێر پێشتر لەلایەن بڕیاردەر (مقرر)ی لیژنەکەوە ئەندامەکان ئاگاداربکرێنەوە بۆ کۆبونەوەکە، بەڵام بە پێچەوانەوەی ئەم دوو ماددەیەی پەیڕەویی ناوخۆوە، هەر هەمان ئەو رۆژەی کە لەهۆڵی پەرلەماندا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژە یاساکە دەکرێ، کاتژمێر (١٠:٣٦ خولەکی سەرلەبەیانی) سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتیەکان لە گروپی وەتسئەپی لیژنەکەیاندا بە نامەیەک ئەندامەکان ئاگادار دەکاتەوە، کە کاتژمێر (١)ی پاش نێوەڕۆ کۆدەبنەوە بۆ نوسینی راپۆرت لەسەر پرۆژەکەی حکومەت. ئەمە دەقی نامەکەیە وەک خۆی: (سەعات یەک کۆدەبینەوە بۆ ئەو پرۆژە...دە خولەکی دەوێت). بەم چەشنە لە کاتێکدا هێشتا کۆبونەوەی ناو هۆڵی پەرلەمان تەواو نەبووە، لەملاوە لیژنەی سامانە سروشتییەکان کۆدەبێتەوەو بە خێرایی و پەلەپروزێ لەماوەی کەمتر لە (٢٠) خولەکدا راپۆرتی خۆیان ئامادە دەکەن! بەم شێوەیە لیژنەی سامانە سروشتییەکان کارێک کە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەرفەتیان هەیە لە ماوەی ٨ رۆژدا ئەنجامی بدەن، بەڵام ئەمان بە ٢٠ خولەک تەواوی دەکەن!

لە لایەکی ترەوە، لە کاتێکدا ئەم لیژنەیە (تایبەتمەند)ە بە پرسی سامانی سروشتی و ئەولەویەتی هەیە لە بابەتی بەشداریکردن لە گفتوگۆو دەرکردنی ئەو یاسایانەدا، کە پەیوەندی بە پرۆسەی نەوتەوە هەیەو لەم روەوە بەرپرسیارێتی تایبەتی لە سەرە، هەروەها بە پێی مادەکانی (٤٠  و ٨٤)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەسەڵات و مافی ئەوەشی هەیە بەنوسراوی فەرمی و لە رێگەی سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە داوا بکات سەرۆکی حکومەت، کە لەهەمان کاتدا سەرۆکی ئەنجومەنی هەرێمیشە بۆ نەوت و گاز، یان جێگری سەرۆکی حکومەت، یان یەکێک لە سێ وەزیرە ئەندامەکانی تری ئەنجومەنەکە، یان ئەگەر هەر کەس نەبێت بەرپرسی کاروباری یاسایی ئەنجومەنی وەزیران بانگهێشتی لیژنەکەیان بکەن، بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارو سەرنج و گومانەکانی ئەندامەکان لەسەر هۆکاری هەمواری یاساکە، بەڵام ئەم مادەیەش پەراوێز دەخەن و ئەم دەسەڵاتەش بەکارناهێنن! کە دەکرا ئەمە بکەن و بە رون و راشکاوی بە نوێنەری حکومەت بڵێن: هەمواری ئەم یاسایە لانی کەم لەم کاتەدا پێویست نییە.

ئێستا پرسیار ئەوەیە، ئایا راپۆرتەکەی لیژنەی سامانە سروشتیەکانی پەرلەمان کە بەو خێراییە ئامادە کرا چی تێدایە؟ ئایا دەشێت ئەمان بەپێچەوانەی بێهەڵوێستی وەزیرەکانی گۆڕان و یەکێتیەوە هەموارەکەی حکومەتیان رەت کردبێتەوە؟ یان داوای چ گۆڕانکارییەکیان کردووە؟ یان چ پێشنیازو زیادەو کەمێکیان بۆ پرۆژەکەی حکومەت کردووە؟

وەڵامی پرسیارەکان لێرەیە؛ بە پێی نوسراوی ژمارە (٢٠) کە رێکەوتی ٢٢ی ٦ی ٢٠٢٢ و واژۆی سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتیەکان (عەلی حەمە ساڵح)ی لە سەرەو ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە؛ لەم نوسراوەدا کە تەنها یەک پەڕەیە و هەم نوسراوی فەرمی سەرۆکی لیژنەکەیە و هەم دەقی راپۆرتەکەشە، تێیدا هاتووە: مادەی چوارەم (وەک خۆی)!، واتە پرۆژەکەی حکومەت کتومت وەک ئەوەی بۆ پەرلەمانیان ناردبوو لە لیژنەی سامانە سروشتیەکاندا پەسەند دەکرێت! رونتر کۆی راپۆرتەکەی ئەم لیژنەیە لە (دوو وشە) پێکدێت، کە بریتین لە (وەک خۆی)!

لە سەر کۆنوسی کۆبونەوەی لیژنەکەیان، کە هیچ کاریگەری و نرخێکی یاسایی نییە ناو و واژۆی (٩) پەرلەمانتار هەیە، سێ پەرلەمانتاریان کە بریتین لە: سەرۆکی لیژنەکە لەگەڵ دوو پەرلەمانتاری یەکێتی (سەرکۆ ئازاد و کاروان گەزنەیی) تەنها نوسیویانە (تێبینی یاسایی و ئیداریم هەیە)!، پەرلەمانتارێکی یەکگرتوش کە (د.شێرکۆ جەودەت)ە و ئەندامی ئەم لیژنەیەیە، ناو و واژۆی لە سەر کۆنوسەکە نییە!
لێرەدا دەبێ هەندێک زانیاری تری یاسایی و پرسیار هەیە بخرێنە روو، ئێمە لە سەرەوە وتمان لیژنەکە هەمان رۆژی کۆبونەوەی پەرلەمان و لە ماوەی کەمتر لە ٢٠ خولەکدا راپۆرتەکەیان ئامادە کرد و بانگهێشتی نوێنەری حکومەتیشیان نەکرد و کۆی راپۆرتەکەشیان بریتییە لە دوو وشە، تەنها دەقێکیش کە گوزارشت بێت لەبونی بۆچونی جیاواز، تێبینی ئەو سێ پەرلەمانتارە بوو، کە لە سەر کۆنوسەکە تۆماریان کردبوو!

لە کاتێکدا بە پێی مادەکانی (٨١ و ٨٤ و ٨٥ و بە تایبەتتریش مادەی ٨٧) ی پەیڕەوی ناوخۆ، سەرۆک و ئەندامانی لیژنەکە پێکەوە یان بەشێکیان مافی ئەوەیان هەیە لە راپۆرتەکەیاندا، (داوای) رەتکردنەوەی پرۆژەهەموارەکەی حکومەت بکەن، (بۆ نمونە دەکرا بنوسن بەهۆکاری ئەوەی کە دادگای فیدراڵی عێراق یاسای نەوت و گازی هەرێمی هەڵوەشاندوەتەوە، هەروەها بۆ ئەوەی کێشەکانمان لەگەڵ بەغدادا قوڵتر نەکرێنەوە پێشنیازەکەی حکومەت رەت دەکەینەوە)، یان دەکرا پێشنیازو داڕشتنێکی تر بۆ پرۆژەکەی حکومەت بکەن، یان هاوتەریب لەگەڵ پرۆژەکەی حکومەتدا ئەمانیش دەیانتوانی پێشنیازی بەدیلی لیژنەکە یان بەشێک لە ئەندامانی لیژنەکە لەراپۆرتەکەیاندا بچەسپێنن، بەڵام هیچکام لەمانە ناکەن، لە کاتێکدا ئەمانە کەسانێکی نەشارەزاو بێئاگا نەبون!

خۆ رەنگە لێرەدا یەکێک بڵێت: ئاخر ئەندامانی لیژنەکە زۆرینەیان پارتین بەدەنگدانی ناو لیژنەکە ڕیگەنادەن هیچ پێشنیازێکی تر لەراپۆرتەکدا جێگیر بکرێ، لە وەڵامدا دەڵێین: ئەمە وا نییە بەڵکو بە پێی پەیڕەو و ئسوڵی کاری لیژنەکان دەکرا سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان تێبینییە یاسایی و ئیدارییەکانی خۆی و ئەو پەرلەمانتارانەی تریش لە شێوەی دەقێکی یاساییدا دابڕێژن و هاوتەریب لەگەڵ پێشنیازەکەی حکومەتدا لەناو راپۆرتەکەدا جێگیری بکەن. ئەو کات لە راپۆرتەکەدا دەنوسرا:

لە سەر هەمواری ماددەی (٤) دوو پێشنیاز هەیە، کە یەکێکیان ئەوەی حکومەتە کۆمەڵێک پەرلەمانتار (وەک خۆی) پشتیوانی دەکەن، رای دووەمیش هەیە کە ڕایەکی جیاوازە، دوو یان سێ یان چوار پەرلەمانتاری ئەندامی لیژنەکە پشتیوانی دەکەن. (لەم بارەوە دکتۆر شێرکۆ جەودەت ئەوەی بۆ باسکردین کە خۆی پێشنیازو رای جیاوازی هەبووەو داوای کردووە لە راپۆرتی لیژنەکەیاندا جێگیر بکرێ، بەڵام پشتگیری نەکراوەو پێشنیازەکانی پشتگوێ خراوە، بۆیە دواتر لەهۆڵی پەرلەماندا جەختی لەسەر پێشنیازو قسەکانی خۆی کردەوەتەوە)

یەکێک لە گرنگی و تایبەتمەندییەکانی راپۆرتی (لیژنەی تایبەتمەند) ئەوەیە، کاتێک پێشنیازو بۆچونە جیاوازکان لە راپۆرتەکەیاندا جێگیر دەکەن، پاشان دەبرێتە هۆڵی پەرلەمان و دەخوێنرێتەوە، ئەمە بەرچاوڕونی و دەرفەتی تەواو دەدات بە کۆی پەرلەمانتاران، بۆ ئەوەی لەناو هۆڵی پەرلەماندا چ بە پشتیوانیکردن یان بە رەتکردنەوەی گفتوگۆی لە بارەوە بکەن و پاشان دەنگی لە سەر بدرێت. بێگومان ئەمەش هەم لەناو هۆڵی پەرلەماندا هۆشیاری و گوشارێکی گەورە دروست دەکات، هەم لە ناو مێدیاو شەقامدا دەبێتە جێگای باس و خواس و پرسیاری هاووڵاتیان.

رەنگە ئا لێرەشدا کەسێکی تر بڵێ: ئینجا گریمان ئەو چەند پەرلەمانتارە پێشنیازێکی جیاوازیشیان لە راپۆرتەکەدا جێگیر کردو برایە ناو هۆڵی پەرلەمانیش بۆ گفتوگۆ و دەنگدان، بەڵام خۆ لەو سەرەوە سەرئەنجام هەر پێشنیازەکەی پارتی-حکومەت سەرکەوتو دەبوو چونکە زۆرینەن، کەواتە هیچ سودی نەدەبوو!

لە وەڵامدا دەڵێین: ئاخر خۆ یەکێک لە کارە هەرە گرنگەکانی هێزی سیاسی و پەرلەمانتار ئەوەیە روئیای جیاوازو بەدیلی بۆ چارەسەری کێشەکان هەبێ، ئەم روئیایەش هەر نابێت قسەی سەرپێی و لێدوانی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سەر شاشەکان بێت، بەڵکو دەبێت وەک پێشنیازی دەقی یاسایی گەڵاڵە بکرێت و لە ڕاپۆرتی لیژنەدا جێگیر بکرێ، خۆ ئەگەر ئەمە نەکرێ ئیدی چۆن بزانین بۆچونی جیاواز هەیە؟ چۆن بزانین ئەو لایەنانەی کە خۆیان لە بەرامبەر بیرو پرۆژەی دەسەڵاتدا بە جیاواز دەزانن بە کردار جیاوازن نەک بە قسە؟ خۆ ئەگەر ئەم بۆچونە جیاوازانە لەناو ڕاپۆرتە فەرمییەکاندا جێگەیان بۆ نەکرێتەوەو نەبنە بابەتی گفتوگۆی ناو هۆڵی پەرلەمان ئیدی گرنگی و حیکمەتی گفتوگۆی ناو لیژنەکان و نوسینی راپۆرت و پرۆسەی یاسا دەرکردن کامەیەو چییە؟ ئایا کە پەرلەمانتاران بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ دەسەڵاتی ئەوەیان هەبێت تێبینییە یاسایی و ئیداری و بۆچونە سیاسیەکانی خۆیان وەک دەقی یاسایی گەڵاڵە بکەن و لە راپۆرتی فەرمیدا جێگیر بکرێ، بۆ ئەمە ناکەن بەڵام لە کۆنوسێکدا کە هیچ بەهایەکی نییە بە دێڕێک تێبینی تۆمار دەکەن؟!
 
هەر پەیوەست بەمە، ئێمە بیرمانە لە ساڵی ٢٠١٥ دا، کاتێک کۆمەڵ و گۆڕان و یەکگرتو و یەکێتی پرۆژەیان پێشکەش کرد بۆ هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم، ئا لەو کاتەدا سەرۆکی لیژنەی یاسایی، کە پەرلەمانتارێکی پارتی بوو، بایکۆتی تەواوی کارەکانی لیژنەکەی خۆی کردو، بەهەمو شێوەیەک رەتیکردەوە کە سەرۆکایەتی هیچ کۆبونەوەیەکی لیژنەکەی بۆ نوسینی راپۆرت بکات، بێگومان هەمواری یاسای نەوت و گاز زیاتر لەو پێداگری و هەڵوێستەی دەخواست.

راپۆرتی لیژنەی یاسایی:

پاش ئەوەی راپۆرتەکەی لیژنەی سامانە سروشتیەکان، کە پرۆژەکەی حکومەتی وەک خۆی پەسەند کردبوو، ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکرێ، سەرۆکایەتیش هەر ئەو رۆژە یەکسەر بە نوسراو و واژۆی هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان راپۆرتەکە ئاڕاستەی لیژنەی یاسایی دەکات، ئەم لیژنەیەش کە سەرۆکەکەی پەرلەمانتارێکی پارتییە، هەمان رۆژ کاتژمێر (٤)ی پاش نیوەڕۆ کۆدەبنەوەو بە پێی مادەی (٨٥) لە پەیڕەوی ناوخۆ راپۆرتەکەی لیژنەی سامانە سروشتیەکان بە بێدەستکاری، وەک خۆی راستاندن (تەسدیق)ی بۆ دەکەن.

لە ناو ئەندامانی لیژنەی یاساییشدا دو پەرلەمانتاری یەکێتی (عەباس فەتاح و رۆژان محەمەد) لە گەڵ پەرلەمانتارێکی کۆمەڵی دادوەری (روپاک ئەحمەد) واژۆی دەکەن و دەنوسن تێبینیمان هەیە، کاوە عەبدولقادری سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێش، کە ئەندامی ئەم لیژنەیەیە دەنوسێ: تێبینیم هەیەو واژۆی ناکەم.

ئەم کەینوبەینەی لیژنەی یاساییش هەر کەمتر لە ٤٠ خولەکێکی پێچووبوو، دوای کۆبونەوەکەیان سەرۆکی لیژنەکە راستەوخۆ بە نوسراوی ژمارە (٢٧)ی رێکەوتی ٢٢ی ٦ی ٢٠٢٢، راپۆرتە راستێندراوەکە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکاتەوە.

خوێندنەوەی دووەم بۆ راپۆرتەکە (گفتوگۆی کۆتایی ناو هۆڵی پەرلەمان):
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان راپۆرتی لیژنەی سامانە سروشتیەکان، لەکارنامەی دانیشتنی ژمارە (٩)ی وەرزی بەهارە-رۆژی ٢٧ی ٦ی ٢٠٢٢ دا دادەنێت، بەمەبەستی گفتوگۆکردنی کۆتایی لەهۆڵی پەرلەماندا. کە وەک لەسەرەوە رونمان کردەوە ئەم راپۆرتە هەر پرۆژەکەی حکومەت بوو، کە بەبێ دەستکاری و زیادو کەم، بە فلتەری هەردو لیژنەی سامانە سروشتەیەکان و یاساییدا تێپەڕێنرابوو.
لە سەرەتای ئەم دانیشتنەدا سەرۆکی پەرلەمان بە پێی مادەی (٨٧)ی پەیڕەوی ناوخۆ، رووی لە پەرلەمانتارەکان کردوو پرسی: کێ لەگەڵ ئەوەیە راپۆرتی لیژنەی تایبەتمەند (لیژنەی سامانە سروشتییەکان) بکرێتە بنەمای گفتوگۆکانمان؟ لە وەڵامدا زۆرینەی پەرلەمانتاران بە بەرزکردنەوەی دەستەکانیان رەزامەندییان پیشاندا.
ناونوسین بۆ قسەکردن دەستی پێکرد؛ سەرەتا لەسەر (ناونیشان)ی هەمواری یاساکە قسەکرا، لەم بەشەدا بەڵێن ئیسماعیل کە پەرلەمانتارێکی گۆڕانە، وتی: "...لە کابینەی نۆدا، ئەمە سێ ساڵە ئەم ئەنجومەنە کۆنەبووەتەوە...، ئەگەر بڕیارە ئەم یاسایە هەموار بکرێ ئەوا ماددەی گرنگتر هەیە نەک زیادکردنی کەسێک بۆ ئەنجومەنەکە، بە تایبەت ئەو مادانەی کە پەیوەندی بە خەرجیەکانی گەڕاوەی بواری نەوتەوە هەیە هەموار بکرێ...، نەتوانراوە کۆمپانیا نیشتیمانیەکانی بواری نەوت دروست بکرێ، نەک ئەوەی خۆمان بەم هەموارەوە سەرقاڵ بکەین".
پاشان پەرلەمانتار شێرکۆ جەودەت دەستی بە قسەکردن کردو گوتی: "ئەم هەموارە دابەشکاری حیزبی دەکات بە یاسا، لە بەرامبەر ئەوەی لە ئێستادا یەکێتی و گۆڕان پێکەوە لەم ئەنجومەنەدا سێ ئەندامیان هەیە، بەم هەموارە پارتی دەیەوێ ئەندامەکانی لە دوو کەسەوە بکات بە سێ...، دەبو لەبری ئەمە هەمواری مادەکانی پەیوەست بە گرێبەستە نەوتییەکان بکرێ، لەم بارەوە ئێمە دەمانەوێ پێشنیازەکانمان داخلی ئەم هەموارە بکەین...، ئەوەی گرنگە یاسای سندوقی داهاتە نەوتیەکانە کە لەم پەرلەمانەدا پەسەندمان کرد تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە...، مانای چییە دابەشکردنی حیزبی بکەین بە یاسا بەڵام یاسای سندوقی داهاتە نەوتیەکان جێبەجێ ناکرێ؟! ئەمانە پەیوەندیان بە شەفافیەت و کێشەو گەندەڵیەکانی نەوت و گازەوە هەیە...، کیشەی نەبونی بەنزین و سوتەمەنی وەلا بخەیەن کەچی خەریکی دابەشکاری حیزبی بین! بۆیە داواکارم ئەوانەی کە باسم کردن لە هەموارەکەدا جێگەیان بکرێتەوە".
ئینجا عومەر گوڵپی پەرلەمانتاری کۆمەڵی دادگەری ئاوا دوا: "لە مادەی (١٠ تا ١٩)ی ئەم یاسایە سڕکراوەو لەلایەن حکومەت و ئەنجومەنی هەرێمی و وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە کاریان پێناکرێ، ئێستا فەلسەفەی ئەم هەموارە چییە کە کەسێکی بۆ زیاد دەکرێ؟ بۆ کۆمپانیای کوردستان بۆ پاڵاوتنی نەوت دروست ناکەن لە کاتێکدا لە ٢٠٠٧ وە لە یاساکەدا جێگەی کراوەتەوە، لە کاتێکدا ئەم هەموو کێشەی گرانی و خراپی سوتەمەنیمان هەیە؟ ئەبو سەرۆکی حکومەت یان ئەندامێکی ئەم ئەنجومەنی هەرێمییە بێتە پەرلەمان و پێمان بڵێ حیکمەتی هەمواری ئەم یاسایە چییە، لە کاتێکدا ئەم یاسایە لە لایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە هەڵوەشاوەتەوە؟ ئایا ئێمە دەمانەوێ دژایەتی بڕیاری ئەو دادگایە بکەین؟ لە کاتێکدا بە پێی دەستور ئێمە بەشێکین لەم عێراقە و دوو نوێنەری کوردستانیش لە دادگای فێدراڵیدایە؟ ئەگەر دان بەو دادگایەدا نانێن بۆ نوێنەری کوردی تێدایە، ئەم ئینکاری و تەحدایە خراپە، نەدەبو ئەم هەموارە بێتە پەرلەمانی کوردستان، دەبو بەبێدەنگی لە گەڵ بەغدا لە سەر دۆسیەی نەوت رێکبکەوین". لە هەمان کۆبونەوەدا روپاک ئەحمەد جەخت لەسەر قسەکانی ئەم پەرلەمانتارەی فراکسیۆنەکەیان دەکاتەوە.
پاشان ئەبوبەکر هەڵەدنی دەستی بە قسە کردو وتی: "دەبو لە جیاتی تەحدای بەغداو هەمواری ئەم یاسایە بڕۆشتینایە لە بەغدا گوشارمان دروست بکردایە بۆ ئەوەی یاسای نەوت و گازی عێراق دەربچێت، بۆ ئەوەی لە رێگەی دەستورەوە کێشەکانمان لەوێوە چارەسەر بکەین...، پێمان بڵێن جەدوای هەمواری ئەم مادەیەو زیادکردنی کەسێک بۆ ئەم ئەنجومەنە بۆ خەڵکی کوردستان چییە جگە لە ئاڵۆزکردنی کێشەکانمان لە گەڵ بەغدادا؟ کە زەرەرمەندی یەکەم خەڵک دەبێت...، بۆیە دەبو ئەم هەموارە رابگیرایە تا ئەو کاتەی کێشەکانمان لە گەڵ بەغدا چارەسەر دەکرا".

گفتوگۆی مادەی (٤):
ئینجا بە دیاریکراوی گفتوگۆ لە سەر مادەی (٤) دەستی پێکرد، واتە ئەو مادەیەی کە حکومەت داوای هەموارکردن و زیادکردنی کەسێکی کردبوو، لەم بەشەدا سەرەتا پەرلەمانتار مەم بورهان قانع قسەی کردوو وتی: "من لە لیژنەی سامانە سروشتیەکان دەپرسم ئایا بەم هەموارە کێشەکانی گرانی و خراپی بەنزین و جۆرەکانی تری سوتەمەنی چارەسەر دەبن؟! ئایا بەم هەموارە کێشەکانمان لە سەر پرسی نەوت لە گەڵ بەغدا چارەسەر دەبن؟! پێموایە کۆی ئەم هەموارە دوو شتە: یەک: کەسێکی (حیزبی) بۆ ئەنجومەنەکە زیاد دەکرێ. دوو: لێرە بە دوا هەر بڕیارێک لە ناو ئەم ئەنجومەنەدا سەرۆکی حکومەتی لە گەڵدابێت ئەوا ئەو بڕیارە تێدەپەڕێ و پەسەند دەکرێ...، ئەمەش دابەشکاری حیزبییە...، بۆیە ئەم هەموارە هیچ پێویست نییە...، لە راستیدا لەم پرسەدا "ئەرکی پەرلەمان وەک ئەوەی لێهاتووە شتێکی بدەیتێ تەنها خومی بکات"!
دواتر سەرەی عەباس فەتاح پەرلەمانتاری یەکێتی هات، کە جێگری سەرۆکی لیژنەی یاساییەو لە قسەکانیدا باسی ئەوەی کرد: "لە ڕووی عورفی یاساییەوە ژمارەی ئەندامانی ئەم جۆرە ئەنجومەنانە تاک بووە، واتە جوت نەبووە ئەمەش بۆ ئاسانکاری لە پرۆسەی دەنگدان، زیادکردنی سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەنجومەنی هەرێمی بەهۆکارێکی سیاسی دەزانم نەک قانونی، چونکە ئەم کەسە کاروباری کارگێڕی ئەنجومەنی وەزیران دەکات، وە کاتەکەشی کە کیشەمان لە گەڵ عێراق هەیە گونجاو نییە...، هەروەها هۆکارەکانی دەرچواندنی ئەم هەموارە، کە لە راپۆرتەکەدا هاتووە دەیسەلمێنی بۆ خەڵک هیچ گرنگیەکی تێدا نییە، وە کە لە هەموارەکەدا ئەو دەسەڵاتە دراوە کە سەرۆکی حکومەت لە کاتی دەنگداندا (دوو دەنگ)ی هەبێت، ئەمەش دەیسلمێنی ئەم هەموارە سیاسیە...، وە ئەنجومەنی هەرێمیەکە بەبێ ئەم هەموارەش هەر دەیتوانی کۆببێتەوەو کاری خۆی بکات!". (بە پێی زانیاریەکان کاروان گەزنەیی و سەرکۆ ئازاد بۆ خۆبەدورگرتن لە پاڵپشتی هەموارەکە لە رۆژانی گفتوگۆو دەنگدان، بەشداری دانیشتنی پەرلەمانیان نەکردووە)

پاشان سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتیەکان، بە وەڵامدانەوەی پەرلەمانتار مەم بورهان دەستی بە قسەکردن کردو وتی: "ئەم پرۆژە هاتووە لە گەڵ هیچ لایەنێکی فەرمی کۆبونەوەمان نەکردووە یەعنی، پرۆژەکە هی ئەنجومەنی وەزیرانەو بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ دەبێت لیژنە راپۆرتی لەسەر بکات، جا هەیە تێبینی هەیە لەسەری هەیە نیەتی، من خۆم هەم تێبینی یاساییم هەیە، یەعنی مولا پرسیارم هەیە کەس نەبووە لێبکەم جوابم، هەم لەروی ئیداریشەوە پرسیارمان هەیە، من بەردەوام ێم موتابەعەی دۆسیەی نەوتم دەکرد، تەنانەت یەکەم گرافت هات ئەوکاتە پێشنیاری ئەوە هەبو وەزیری کارەبا ئەندام بێت تیایا، چونکە تەقریبەن ٩٠% کارەبای کوردستان پشت بە نەوت و غاز ئەبەسێ یەعنی، بۆ وەزیری کارەبا نییە بۆ، لە روی یاساییشەوە پرسیارمان هەبووە ئێستاش پرسیارمان هەیەو لە هینەکەش نوسیوومە، بریا ئیسە بەرپرسێکی حکومەت لێرەبوایە جوابمان باتەوە، ئەوەی کردومانە تەلەفۆن ئەمە چییە، ئەڵێن ئەنجومەنی هەرێمی کۆنەبوەتەوە، قەرارە دوای ئەم هەموارە کۆبێتەوە، ئەگەر کۆبێتەوە وەڵامی هەمو ئەو پرس، ئێمە تەقریبەن وابزانم لیژنە دە جار داوای کۆبونەوەمان لە گەڵ ئەنجومەنی هەرێمی کردووە نەکراوە، لە بەر ئەوەی ئەنجومەنەکە خۆی کۆنەبوەتەوە، بۆ پرسی بەنزین بۆ پرسی گاز کورە بۆ پرسی ئەو دۆخەی ئیستا هەیە، قەرارە لە هەفتەی ئایندەوە ئەگەر ئەم یاسا دەرچێ ئەنجومەنەکە خۆیان کۆبونەوە بکەن، بۆیە لە راستی ئێستاش وەکو خۆم پرسیاری ئیداری و یاساییم هەیە، بەڵام هەیە تێبینی هەیە یان تێبینی نیە لە کاتی ئیمزاکردنەکە ئەوەشمان تۆمار کردووە".
ئەمەی سەرەوە قسەکانی سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتیەکان بوو وەک خۆی، لە سەر مادەی (٤)، لێرەدا بە لای ئەوەدا ناچێ ئەوە لیژنەکەی خۆیان بوو لە ماوەی کەمتر لە ٢٠ خولەکدا پرۆژەکەی حکومەتیان وەک خۆی تێپەڕاند، هەر خۆشیان داوایان نەکردبوو نوێنەری حکومەت بێتە ناو لیژنەکەیان بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەکانیان بداتەوە.
(ئێمە لە سەرەوە باسی ئەوەمان کرد لیژنەی سامانە سروشتیەکان، لیژنەی تایبەتمەندەو لەدەرکردنی ئەو یاسایەنەی کە پەیوەندی بە کۆی پرۆسەکانی نەوت و گازەوە هەیە رۆڵی بەرچاو دەگێڕێ، بە تایبەت لە بابەتی هەمواری یاسای نەوت و گازدا، ئا لەم سۆنگەیەوە دەبێ تەرکیز لەسەر بەرپرسیارێتی ئەم لیژنەیە بکەین).
هەروەها لەقسەکانی سەرۆکی لیژنەکەدا ئەوەش دەبینرێ وەک چۆن لەناو لیژنەکەیاندا پێداگری و قسەیەکی رون و راشکاوی نەبووەو هیچ پێشنیازێکی خۆیان یان پەرلەمانتارەکانی تریان لە راپۆرتەکەدا جێگیر نەکردووە، بەهەمان شێوە لەناو هۆڵی پەرلەمانیشدا بە بەراورد بە قسەی چەند پەرلەمانتارەکەی تر، ئەم بەلای سەرچاوەی کێشەکان و پرسە جدییەکاندا ناڕوات، کە پەیوەندی بە زیاتر حیزباندنی ئەنجومەنەکەوە هەیە، تەنانەت بە وشەیەکیش دژایەتی خۆی بۆ تێپەڕاندنی ئەم یاسایە دەرنابڕێت و بە لای ئەو هەمو قەیرانانەشاندا ناڕوات کە بە هۆی خراپی ئیدارەدانی نەوتەوە روبەڕوی میللەتەکەمان بووەتەوە، وەکو کێشەکانمان لە گەڵ بەغدا، بڕیاری دادگای فیدراڵی بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گاز، گرێبەستی ٥٠ ساڵە لە گەڵ تورکیا، دانەمەزراندنی پاڵاوگە، دانەمەزراندنی سندوقی داهاتی نەوت، ٣٠ ملیار دۆلار قەرزارکردنی خەڵک...هتد، کە هەمو ئەمانە پەیوەندی بە شکستی ئەنجومەنی هەرێمی و تاکڕەوی و زاڵبونی عەقڵیەتی حیزب بەسەر پرۆسەی نەوتەوە هەیە!
سەرۆکی لیژنەکە لە قسەکانیدا دەڵێت: بە پێی پەیڕەو دەبێت راپۆرت لەسەر پرۆژەکەی حکومەت ئامادەبکرێ، ئەم قسەیە راستە؛ بەڵام لەراستیدا ئەم لیژنەیە راپۆرتی ئامادەنەکردبوو، بەڵکو هەر بە (دوو وشە) پرۆژەکەی حکومەتی پەسەند کردبوو! کامە راپۆرت کە یەک دێڕ پێشنیازو بۆچونی جیاوازی تێدا جێگیر نەکرابێ؟! لەلایەکی ترەوە پرسیار ئەوەیە: بۆ تا ئەو کاتەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان لەخزمەتی ئەجێندای حکومەت و خێراتێپەڕاندنی پڕۆژەکەدایە جێبەجێکردنی باسکردنی پەیڕەوی ناوخۆ لە گۆڕێدایە، وەلێ لەو شوێنەی کە پەیڕەو ماف و دەسەڵات دەدات بە لیژنەکەو ئەندامەکانی کەچی مادەکان پەراوێز دەخرێن و ئەم ماف و دەسەڵاتە مومارەسە ناکەن و لەناو لیژنەکەو لەهۆڵی پەرلەمانیشدا پێداگرانە بەرهەڵستی ئەم هەموارە ناکرێ؟!

سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتیەکان لە بەشێکی تری قسەکانیدا دەڵێت: "ئەوەی لە تەلەفۆن پرسیومانە ئەمە چییە، ئەڵێن ئەنجومەنی هەرێمی کۆنەبووەتەوە، قەرارە دوای ئەم هەموارە کۆبێتەوە...، قەرارە لە هەفتەی ئایندەوە ئەگەر ئەم یاسایە دەرچێ ئەنجومەنەکە کۆبونەوە بکەن ". لەم قسەیەدا بە رونی دیارە کە لەگەڵ لایەنی پارتیدا قسەی کردووەو پێیان راگەیاندووە بۆ ئەوەی ئەنجومەنەکە کۆببێتەوە ئەوا دەبێت کەسێکی تری پارتی (ئومێد سەباح) بۆ ئەنجومەنەکە زیاد بکرێ، بەبێ ئەوەی لە لیژنەکەو لەهۆڵی پەرلەمانیشدا بپرسێت: ئەرێ خۆ ئەم ئەنجومەنی هەرێمییە لە سەردەمی نێچیرڤان بارزانیدا هەر بە پێنج کەسەوە کۆ دەبونەوە، ئەی ئێستا بۆ ناتوانن؟! بەبێ ئەوەی بڵێت: ئێوە بە چ حەقێک سێ ساڵە ئەم ئەنجومەنەتان سڕکردووە ئێستاش هاتووەن زیادکردنی کادرێکی تری پارتی بۆ ئەنجومەنەکە دەکەنە مەرجی کۆبونەوەو چالاکبونی؟ بە بێ ئەوەی لە لیژنەکەو هۆڵی پەرلەماندا بڵێت: تا کەی نەوت لە ژێر چەپۆکی حیزبدا بێت؟!

لە شوێنێکی تردا دیسان سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتیەکان قسە دەکات و دەڵێت: "پێشتریش تێبینیم هەبووە ئەگەر ئەکرێ بە پێشنیارێک بێت، ئەم ئەنجومەنە بەرزترین دەسەڵاتی نەوتی و غازییە لە هەرێمی کوردستان، هیچ گرێبەستێک بەبێ پەسەندکردنی ئەم ئەنجومەنە تێناپەڕێ، ئایا کارەکانی ئەم ئەنجومەنە گرنگتر نییە لە کارەکانی شەریکاتی نەوت؟ ئایا ئەم ئەنجومەنە هەر بدرێ بە پێڕەوێ خۆی دروستی بکا یان ئەکرێ بە بڕگەیەک بەمادەیەک جێبەجێبکرێ کە قانونێکی تایبەت بە کاری ئەم ئەنجومەنە دروستکرێ لەوێ، چونکە ئەم ئەنجومەنە چەند ساڵە پەیڕەوی نییە، حەزم کرد لە روی قانونیەوە ئەمە جێگیر بکرێ زۆر باشە".
لەم قسانەشدا دیسان خۆی بەدور دەگرێت لەوەی پەنجە بخاتە سەر جەوهەری کێشەکان و هۆکاری سەرەکی هەمواری یاساکە، کە بریتییە لە بە یاساییکردنی بەپارتیبونی تەواوەتی دەسەڵات و بڕیار لە ئەنجومەنی هەرێمییەکەدا، لە لایەکی تریشەوە باشە ئەگەر پێشنیازت هەیەو دەتەوێ جێگە بکرێتەوە ئەی بۆ لەراپۆرتی لیژنەکەی خۆتاندا، کە کرا بە بنەمای سەرەکی گفتوگۆی ناو هۆڵی پەرلەمان جێگیرتان نەکرد؟!

ئێمە لە سەرەوە باسی ئەوەشمان کرد کە سەرۆکی لیژنەکە لە ڕێگەی دانانی ئەم نامەیەوە: (سەعات یەک کۆدەبینەوە بۆ ئەو پرۆژە...دە خولەکی دەوێت)، لە گروپی وەتسئەپەکەیاندا، خۆی ئەندامانی لیژنەکەی ئاگادار کردەوە لە کات و ساتی کۆبونەوەکە، نەک بڕیاردەری لیژنەکە!
دەقی ئەم نامەیە بەڵگەی تەواوە لەسەر ئەوەی هەر پێشوەختە سەرۆکی لیژنە زانیاری و بەرچاوڕۆشنی و بڕیارو پلانی ئەوەی هەبووە کە پرۆژەکەی حکومەت بە (دە خولەک) لە لیژنەکەیدا تێدەپەڕێنێت، بەبێ حسابکردن بۆ ڕێکاریەکانی پەیڕەوی ناوخۆو بەبێ بانگکردنی بەرپرسێکی حکومەت و گفتوگۆو بەبێ لەبەرچاوگرتنی هەمو ئەو قەیرانانەی کە بەهۆی پرۆسەی نەوتەوە توشی هەرێم هاتووە، تەنات بەبێ ئەوەی هەڵوەستەیەک لە سەر ئەوە بکرێت کە ئەم هەموارە یەک ئامانجی هەیە کە بریتیە لە کۆنترۆڵکردنی کۆی پرۆسەی نەوت لە لایەن پارتیەوە بە یاسا، بە بێ ئەوەی بیرێک لەوە بکرێتەوە ئەرێ ئەم حیزبە لە رابردودا زۆر باش هەڵسوکەوتی لەگەڵ کەیسی نەوت کردووە تا ئەمە وامان لێبکات قەدەری داهاتوشمانی پێبسپێرین؟! لە راستیدا مە‌غزای نامەی دەسپێکی سەرۆکی لیژنەکە بەڵگەو پیشاندەری ئەوەیە هەر لەسەرەتاوە بڕیاری ئەوەی هەبووە بە خێرایی وبێچەندوچون هەموارەکە تێپەڕێنێت.

بۆچی نەوەی نوێ دەنگەدەنگی نەبوو؟
نەوەی نوێ هیچ ئەندامێکی لە لیژنەی سامانە سروشتیەکاندا نییە، بەڵام وەک لە سەرەوەش وتمان سەرۆکی فراکسیۆنەکەیان، کاوە عەبدولقادر ئەندامی لیژنەی یاساییە، ئەم ئەندامەیان لەسەر راپۆرتەکەی لیژنەی یاسایی نوسیویەتی تێبینیم هەیەو ئیمزای نەکردووە، بەڵام ئەم پەرلەمانتارەش کە نوێنەرایەتی هێزێکی ئۆپۆزسیۆن دەکات، تەنها لە سەر راپۆرتەکە نوسیویەتی تێبینیم هەیە، بەبێ ئەوەی بزانرێت تێبینیەکان چین و چی نین، هەروەها لە ناو هۆڵی پەرلەمانیشدا لەو بەشەی کە پەیوەندی بە (گفتوگۆ لە سەر هەمواری یاساکە) هەیە قسەی نەکردووە تا لە قسەکانی ئەوێیدا تێبگەین تێبینیەکانی چیبون و چەند پێداگر دەبوو؟! تەنها یەک پەرلەمانتاری نەوەی نوێ، کە مژدە مەحمودە لە هۆڵی پەرلەماندا دەپرسێ: "ئەم بڕیارە لە دادگای فیدراڵی دراوە دوو ئەندامی کوردی تێدایەو واژویان هەیە، ئیدی نازانم ئەوە چۆن معالەجە دەکرێ؟" ئەم چەند وشەیەی ئەم خانمە پەرلەمانتارە هەمو قسەکانی نەوەی نوێیە لەسەر ئەم پرسە هەرە گەورەو چارەنوسسازە!

خوێندنەوەی سێیەم (پەسەندکردنی هەموارەکە):
دوای گفتوگۆی ناو هۆڵی پەرلەمان جارێکی تر هەردوو لیژنەی یاسایی و سامانەسروشتییەکان بەهاوبەشی کۆدەبنەوە بۆ داڕشتنەوەی ئەو پێشنیازو قسانەی کە لەناو هۆڵی پەرلەماندا کراون، لەم کۆبونەوەیەشدا دو پێشنیاز بۆ  مادەی (٤) گەڵاڵە دەبێت.
یەکەم: لابردنی ماددەکە.
دووەم: هەموارەکەی مادەی (٤) وەک خۆی پەسەند بکرێ.

سەرئەنجام لە دانیشتنی ژمارە (١٠)ی رۆژی ٢٩ی ٦ی ٢٠٢٢ ، پرۆژەکەی حکومەت خرایە دەنگدانەوە، دوای ژماردن دەنگەکان بڕیاردەرو سەرۆکی پەرلەمان وتیان: پرۆژەکە بە دەنگی ٧٩ پەرلەمانتار پەسەند کرا. لە راستیدا ئەمەش وا نەبوو، چونکە زانیاری دەقیق هەیە پرۆژەکە بە دەنگی ٦٨ پەرلەمانتار پەسەند کراوە؛ لێرەشدا بڕیاردرا (هەر لەگەڵ پەسەندکردنیدا یاساکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوەو پاشان لە وقایعی کوردستان بڵاوبکرێتەوە، لە کاتێکدا لە دۆخی ئاساییدا یاسا ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە تا ئەو کاتەی لە وقایع بڵاو دەکرێتەوە).

لەم کۆبونەوەیەدا ئەوانەی لە لیژنەکان و هۆڵی پەرلەماندا قسەو پێشنیازی جدییان نەبوو دەنگیان بە یاساکە نەدا، بەڵام وەک وتمان دژیشی نەبون، (تەنانەت دەنگیان بەو مادەیەش نەدا کە داوای لابردنی مادەی ٤ی دەکرد!)
لە رۆژی پەسەندکردنی یاساکەدا سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە لێدوانێکدا بۆ nrt کە یەک خولەک و نیوی قسەکانی پەیوەندی بەهەمواری یاساکەوە هەیە (ئەوی تری باسی کێشەی کەم ئاوییە لە هەولێر)، دەڵێت: "ئێمە دژی یاساکە بوین و دەنگمان پێنەدا، لە لیژنەش ئیمزامان نەکرد، ئەم یاسایە لە دوای بریارەکەی دادگای فیدراڵی رای جیاوازی لە سەرە، هەموارەکە زیادکردنی کەسێک بوو، لە بەرژەوەندی حکومەت بوو".

هەمو دەزانین یەکێک لە سەرچاوە زەبەلاحەکانی فەسادو راگرتنی کۆڵەکەی دەسەڵات و حکومڕانی پارتی و یەکێتی، هەروەها یەکێک لەهۆکارە هەرە سەرەکییەکانی نەمانی دڵنیایی لەسەر چارەنوس و ئایندەی هەرێم و کۆی کێشە سیاسی و ئابوریەکانمان چ لە ئاستی ناوخۆو چ لە ئاستی عێراق و ناوچەکەشدا بە پلەی یەکەم لێکەوتەکانی پرسی نەوت و بەناو ئابوری سەربەخۆییە، کەچی لە لایەن بەشێک لە پەرلەمانتاران و موعارەزەوە نە لەناو لیژنەکان و نە لەهۆڵی پەرلەماندا بەرهەڵستی و هەوڵێکی پێداگرانە نەدرا بۆ راگرتنی و رای گشتی لێئاگادار نەکرایەوە، لە کاتێکدا لەسەر زۆر بابەتی سادەو ئاسایی دەنگەدەنگ و هەرا دەکرێ و کۆنگرەی رۆژنامەنوسی و بەرنامەی تەلەفزوێنی بۆ رێکدەخرێ!

راستە لە شوێن و کاتی تردا لە سەر داهاتی نەوت و موچەو زۆر بابەتی تریش قسە دەکرێ، بەڵام دەبێ بزانین کێشەکانی تر لە چاو ئەمەدا وردەواڵەو لێکەوتەی پرۆسەی بەڕێوەبردنی نەوتن، کە ئەم یاسا و ئەنجومەنە گوزارشتی لێدەکەن. بە مانایەکی تر هەمواری یاسای نەوت و غاز و بەیاساییکردنی زاڵبونی پارتی بە سەر کۆی پرۆسەی نەوت و غازدا روداوێکی ئاوا سەرپێی و ئاسایی نەبوو تا بەچەند قسەیەکی ناڕۆشنی بێکردار تێپەڕێت.

ئێمە دەزانین دوو یاسا ساڵانێکە هەرێمی کوردستانی توشی هەزارو یەک کێشەو دەردەسەری کردووە

یەکەم: یاسای سەرۆکایەتی هەرێم، کە هەر لە بنەچەوە لە پەرلەماندا پڕ بە باڵای بارزانی بڕاو پەسەندکرا.

 دووەم: یاسای نەوت و گاز کە لە روی سیاسی و ئابوری و فەسادەوە گەورترین گورزی لە پێگەی هەرێم و ژیان و گوزەرانی خەڵک دا و نەوەکانی داهاتوشمان باجەکەی دەدەن، کە بۆ پەسەندکردنی ئەم یاسایەش لە ساڵی ٢٠٠٧ ، دیسان خودی مەسعود بارزانی لە گەڵ خوالێخۆشبو جەلال تاڵەبانی هاتە سەرخەت بۆ ئەوەی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەماندا ناچار بکات دەنگی پێبدەن؛ (کە من ئەو کات رۆژنامەنوسبوم و بابەتێکی تێروتەسەلی رۆژنامەوانیم لە سەر بڵاو کردەوە)؛ بۆیە ئەگەر ئاوا بە ئاسانی تێپەڕاندنی ئەم یاسایە رێگەخۆشکردن و بێدەنگی نەبێ لە ئاستی پرۆژەو هەنگاوی سەرانی ستەمکارو فەساددا، بۆ زیاتر قورخکردنی دەسەڵات و پرۆسەی بڕیارو بەڕێوەبردنی سەرچاوی ژیانی خەڵک ئەدی چییە؟!

خاڵێک هەیە دەبێ ئاماژەی پێبدەین: بابەتی بەکارهێنانی دەستەواژەی (تێبینیم هەیە) لە سەر کۆنوس، دەمێکە هەم لە پەرلەمانی کوردستان و هەم لە پەرلەمانی عێراقیشدا بۆ چەواشەکردنی رای گشتی (ماء الوجه ، ئاوی روو) بەکار دەهێنرێ، رەنگە کەسێک بپرسێ چۆن؟ وەڵامەکە ئەمەیە: بۆ نمونە هێزێکی دیاریکراو داوا لە پەرلەمانتارێکی دەرەوەی فراکسیۆنەکەی خۆی دەکات لەسەر فڵان پرۆژە یاسا یان فیسار دۆسییە لەناو لیژنەو هۆڵی پەرلەمان و لە مێدیادا نەیکاتە هەراو بەرهەڵستی نەکات، بەڵام وەک (ئحتیاتێک) لە سەر کۆنوس بنوسێت تێبینیم هەیە، ئەمەش بۆ ئەو کاتەی ئەگەر خەڵک پرسییان فڵان پەرلەمانتار بۆ لەسەر ئەو بابەتە هەڵوێستی نەبوو؟! ئا لەم کاتەدا پەرلەمانتارەکە وێنەی کۆنوسەکە بڵاو دەکاتەوە دەڵێ: ئەوە نییە تێبینیم هەبووە، ئیدی ئا لەم رێگەیەوە دەتوانرێ زۆرینەی ئەو خەڵکەی هوشیاریان نییە بە وردەکاری کاری پەرلەمانی چەواشە بکرێن.

لەراستیدا تێبینی نوسین لەسەر کۆنوس تەنها کاتێک مانادارەو بەڵگەی بونی هەڵوێستە، کە خاوەنی تێبینیەکە لەهەنگاوی یەکەمدا لەناو لیژنەکەیدا هەوڵی تەواوی دابێت بۆ چەسپاندنی ئەو دەق و پێشنیازو ئامانجەی کە هەیەتی، پاشان لە هۆڵی پەرلەمانیشدا بە رون و راشکاوی داکۆکی لە دەق و پێشنیازەکەی خۆی کردبێت و دواتریش هەر خۆی رای گشتی ئاگادار کردبێتەوە، بەبێ ئەمە هەر تێبینییەک دەبێتە بەڵگەو دەرخەری دوڕویی و دەبڵ مۆراڵی لە سەر خاوەنەکەی!
ئێمە لەوە تێدەگەین یەکێتی و گۆڕان لە ئەنجومەنی وەزیراندا بونەتە دەستباری پارتی، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئەوە چ جۆرە ئامادەسازیەک بوو، کە بۆ تێپەڕاندنی ئەم پرۆژە یاسایە کرابوو، کە وەک رۆکێت و بەبێ هیچ بەربەستێک و بەو تیژییە بەناو پەرلەمان و لیژنەی سامانە سروشتیەکان و لیژنەی یاسایی و بەشێک لە هێزو پەرلەمانتارە ئۆپۆزسیۆنەکاندا تێپەڕی؟!

وەڵامەکە ئەمەیە: بە پێی زانیاریەکان مەسرور بارزانی بۆ خۆی لە ئاستی سیاسیدا زەمینەی بۆ تێپەڕاندنی پرۆژەکە سازکردبوو، هەروەها خودی ئومێد سەباحیش لەنزیکەوە لەگەڵ بەشێک لە پەرلەمانتارەکان قسەو دیداری ئەنجامدابوو، ئەمەش بۆ ئەوەی هەمواری یاساکە بەبێ هەراوهۆسە تێپەڕێ و هەرواش کرا. لێرەدا پرسیار ئەوەیە: ئەگەر سەرکزی و بێهەڵوێستی جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکانی یەکێتی و گۆڕان لە ناو ئەنجومەنی وەزیراندا وەک خزمەتکردن بە ئەجێندای پارتی تەماشا بکرێ، ئەی ئایا ئەوەی لە ناو پەرلەماندا رویدا چییە؟!
 
 سەرئەنجام؛ وەک وتمان یاساکە لە ٢٩ی ٦ی ٢٠٢٢ لە هۆڵی پەرلەماندا پەسەند کرا، رێک یەک رۆژ دواتر، واتە ٣٠ی ٦ی ٢٠٢٢ ، دوای ٣ ساڵ بۆ یەکەمین جار لە سەردەمی کابینەی نۆدا ئەنجومەنی هەرێمی نەوت و گاز بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی و ئامادەیی ئومێد سەباح کۆبویەوە، بەم هەنگاوەش ئەگەر تا دوێنێ پارتی تەنها بەرێگاو ئامرازی خۆسەپاندن پرۆسەی نەوتی کۆنترۆڵکردبێت، ئەوا لێرەبەدوا لەپرۆسەیەکی یاسایی و دیموکراتیانەدا شەرعییەتی خۆی بەسەر پرۆسەکەدا بەرجەستە دەکات. ئا لەم نمونەیەوە ئیدی دەبێ خوێنەری بەڕێز بپرسێت و تێبگات بۆ دەسەڵات بێمنەتەو لاواز نابێت؟! بۆ هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی تۆکمەی یەکگرتو دروست نابێت؟! بۆ هەر هێزێک دروست دەبێت لەو سەرەوە لە ناو خۆیدا پارچە پارچەو داغان دەکرێ؟!
گومانم نییە ئەم سەرکێشی و هەموارە لە داهاتودا چ لە ئاستی هەرێمی کوردستان و چ لە ئاستی عێراق و وڵاتانی ناوچەکەشدا لێکەوتەی خراپی دەبێ، بۆیە ئەرکی منە بەم نوسینە کە پشتئەستورە بە بەڵگەو پرسیاری رەوا دیوی پشتەوەی پرۆسەکە وەک خۆی تۆمار بکەم، لە هەمان کاتدا هیوادارم کۆی ئەو لایەن و کەسانەی کە ناویان هاتووە ئەگەر پێیان وایە غەدریان لێکراوە، بە بەڵگەوە پێچەوانەی ناوەڕۆکی ئەم نوسینە بۆ رای گشتی بسەلمێنن. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن