10 ڕێگا بۆ یارمه‌تیدانی منداڵه‌كه‌ت له‌م كاته‌دا به‌كاربهێنه‌

کەلتوور

24/03/2020     ژمارەی بینراو 591

سەلام عومەر


ڕاچڵه‌كین-

منداڵان ژیان بە وازی تێگەیشتوون، پێویستیشە ئەو یارییە هەر بەردەوام بێت. بەڵام لەگەڵ تەنگپێهەڵچنینی پەتای کۆرۆنادا، منداڵ پێویستی بە کەسوکارییەتی تا قۆناغەکە تێبپەڕێنێت و دەم بە خەندە بگەڕێتەوە قوتابخانە. لەڕێی ئەم (١٠) رێنماییەوە، پێویستە گەورەساڵان یارمەتی منداڵان بدەن تا زانیاریی دروستیان پێبگات و ڤایرۆسەکە ببەزێنن.

یەکەم: هەموو منداڵێک پێویستە بزانێت ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید-١٩) چییە و نیشانەکانی نەخۆشییەکە چین. زۆر سەرچاوە لە بەردەستدان تا بە سادەیی پێناسەی نەخۆشییەکە و نیشانەکانی بکەن. سەرچاوەی بەسود بەردەستن لەوانە، ئامرازەکانی راگەیاندنی هەردوو وەزارەتی تەندروستی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی.

دووەم: مەترسە و رۆژانە جارێک یان دوو جار دواین ئەو زانیارییانە لەگەڵ منداڵەکەتدا باسبکە لە سەرچاوەی متمانەپێکراوەوە وەرتگرتوون. گرنگە منداڵەکە دڵنیابکەیتەوە ئەزمونی کورتی ئەم ماوەیە فێریکردویین کۆرۆنا کەمتر کاریگەریی خراپی لەسەر منداڵان دەبێت. هەوڵبدە پرسیارەکانی منداڵەکە وەڵامبدەیتەوە لەباتی ئەوەی بە زانیاری زۆر و بۆر بۆمبارانی بکەیت.

سێیەم: هەر زانیارییەک بە منداڵەکە دەڵێیت پێویستە دڵنیاکەرەوە بێت کە دواجار سەلەمەت دەبێت بە مەرجێک بە ڕێنماییەکانی پاکوخاوێنی و لە ماڵەوە مانەوە پابەندبێت؛ ئەوەش وادەکات زووتر قەرەبوی قوتابخانە و چوونەدەرەوەی بۆبکرێتەوە.

چوارەم: منداڵەکە دەپرسێت: دەتوانرێت نەخۆشییەکە چارەسەربکرێت؟ دەتوانیت بڵێیت چەندین زانا لەسەرتاسەری جیهاندا سەرقاڵی دۆزینەوە ڤاکسینێکن بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە بەڵام ئەوە کاتی پێویستە، بۆیە گرنگە ئێستا ڕێنماییەکانی جێبەجێبکەین.

پێنجەم: دەپرسێت: تاکەی ئاوا لە ژوورەوە دەبم؟ ڕاشکاوانە بڵێ، دڵنیانیم بەڵام لە زوربەی وڵاتان چەند هەفتەیەک منداڵانی وەک تۆ و کەسوکاریان لەماڵەوە دەبن تا ڕێبگرن لە زیاتر بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە.

شەشەم: ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان سۆشیاڵ مێدیا بەکاردێنن بەتایبەت تیکتۆک و سناپچات. دەکرێت ئەو ئامرازانە سەرچاوەی نیگەرانی و زانیاری ناڕاست بن، چونکە بەشێوەیەکی گشتی ئامرازەکانی سۆشیاڵ مێدیا لەسەر هەستەکانی وەک پەسەندکردن، غەمباری، خۆشحاڵبون، سەرسوڕمان، خۆشویستن و توڕەبون کاردەکەن وەک لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی راست، بۆ نمونە هەواڵی ناڕاستی مردنی دوو کەس بە کۆرۆنا لە وڵاتدا سەرەتا لە تیکتۆک بڵاوبوەوە بەرلەوەی نەخۆشییەکە بگاتە عیراق. هیچ عەیبێک لە دەربڕینی ئەو هەستانەدا نییە کە باسمانکردن، بەڵام بۆ روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسەکە پێویستمان بە زانیاریی راست و دروستە.

حەوتەم: ئەگەر ئێستا کاتێکی زۆرت هەیە لەگەڵ منداڵەکەتدا، تکایە فێری بکە زانیاری بەراورد بکات و هەرکاتێک زانیارییەکی پێگەیشت هەوڵبدات لەڕێی سەرچاوەی ترەوە دڵنیابێتەوە یان پرسیار لە کەسانی نزیکی بکات.

هەشتەم: گەورەکان ئاوێکیان ڕشتووە پێویستە منداڵان پێی تێنەکەن. زۆر لە باوان ناونیشانی بابەتێک دەخوێننەوە و راستەوخۆ شێریدەکەن بێئەوەی ناوەرۆکەکەی بخوێننەوە، پێویستە منداڵان فێرببن هیچ بابەتێک شێرنەکەن تا ناوەرۆکەکەی نەخوێننەوە و تەواوی بابەتەکە چێکنەکەنەوە.

نۆیەم: "خوێندەواری دیجیتاڵی" پێداویستییەکی گرنگی سەردەمە؛ پێویستە هەموو منداڵان و هەرزەکاران شارەزای جیاکردنەوەی زانیاری راست بن لە زانیاری بێ بنەما. دوای کۆتایی قەیرانەکە پێویستە دایکان و باوکان لەگەڵ بەڕێوەبەری قوتابخانەکان گفتوگۆ بکەن لەسەر تەرخانکردنی خولێکی کورت لە قوتابخانە بۆ شێوازی ناسینەوەی هەواڵی راست. حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان بەرپرسن لە پشتگوێخستنی هۆشیارکردنەوەی مێدیایی بۆ منداڵان، هەرزەکاران و گەنجان. لە ساڵی ٢٠٠٦دا، پارلەمانی ئەوروپا پەرەپێدانی لێهاتوویی دیجیتاڵی بە یەکێک لەو هەشت لێهاتووییە دایەقەڵەم کە پێویستە هەموو هاوڵاتییەکی ئەوروپی تیایدا وەستا بێت.

دەیەم: بیری منداڵەکەی بخەرەوە کە "چوار" نهێنییە گەورەکەی چینی مەزن بۆ شەڕکردن لە گەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا بریتین لە: دەستشتن، دورکەوتنەوە لەیەکتر، ماسک بەستن و چوارەمیش بەکارهێنانی ژیری و زانیاریی راستە؛ با منداڵەکە بزانێت زانیاریی راست بەشێکی سەرەکییە لە بردنەوەی یارییەکە و گەڕانەوەی بۆ لای هاوڕێکانی.  

ئا: سەلام عومەر
ڕاهێنەری ڕۆژنامەوانی - سەرنوسەری کەرکوک ناو
کاری هونەری: ئالان علی

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن