هەولێر؛ نرخی كارەبای موەلیدەی ئەهلی بۆ مانگی 7 دیاریكرا

کوردستان

02/08/2022     ژمارەی بینراو 644

راچڵەكین-

لەشاری هەولێر، نرخی موەلیدەی ئەهلی بۆ مانگی 7 دیاریكرا، بەرپرسی مۆلیدە ئەهلییەكانیش ئاماژە بەوە دەكات، كارەبای كەمتر دراوە، بەڵام نرخی گاز گران بووە.

قارەمان مەولوود، لێپرسراوی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەكان لە پارێزگای هەولێر، رایگەیاند: "نرخ و كرێی موەلیدە ئەهلییەكانی هەولێر بۆ مانگی حەوت بۆ هەر ئەمپێرێك لەنێوان 16هەزار و 500 دینار بۆ 20 هەزار دینارە".

مانگی شەش نرخی یەك ئەمپێر كارەبای مۆلیدەی ئەهلی لە هەولێر، لەنێوان 17 هەزار و 500 بۆ 19هەزار و 500 دینار بوو. جگە لەوە مانگی شەش بەتێكڕا مۆلیدەكانی هەولێر 320 كاتژمێر كارەبایان داوە، بەڵام بۆ مانگی حەوت پێدانی كارەبایان كەمتر بووە، لەگەڵ ئەوەشدا نرخەكە زیاتر بووە.

قارەمان مەولوود، لەوبارەیەوە دەڵێت، مانگی پێشوو موەلیدە كەمتر كارەبایان داوە و كارەبای نیشتمانی زیاتر بووە، بەڵام بەهۆی گرانیی گاز نرخەكە زیاتر بووە، وتیشی: "مانگی شەش لیتری گاز بە 850 دینار بوو، بەڵام مانگی حەوت لیتری بە هەزار بۆ هەزار و 10 دینار بووە، ئەوەش وای كردووە پارەكە زیاد بێت".

دوێنێ دووشەممە، لە ڕاگەیاندراوێكدا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی بڵاویكردەوە: "نرخی یەك ئەمپێر كارەبا لەنێوان 16 بۆ 17 هەزار و 500 دیناردا دەبێت و نرخی ئەمپێرێكیش لە گەڕەكێك بۆ گەڕەكێكی دیكە جیاوازە و بەپێی‌ ئەو پێوەرە هەژمار دەكرێت، كە بۆ مۆلیدەكان داندراوە و كاتژمێری كاركردنیان تۆمار دەكات".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن