ژنە سەربازەكانی ئۆكراینا لە بەرەی پێشەوە دەجەنگن

ڕاپۆرت

16/08/2022     ژمارەی بینراو 317

راچڵەكین –

لە یەكەم رۆژی دەستپێكی جەنگی نێوان رووسیاو ئۆكراینا، كە لەرۆژی 24ی شوباتی ئەمساڵ بەرپابوو، ژنە سەربازیەكانی ئۆكراینا، شان بە شانی پیاوان چەندین مانگە لە هەموو هەلومەرجێكدا لە بەرەی پێشەوەی جەنگەكەدان.

لە بەرەی دۆنباس لە ناوچەی دۆنێتسك (رۆژهەڵاتی ئۆكراینا) كە پێكدادانەكانی نێوان رووسیاو ئۆكراینا چڕبووەتەوە، ژماریەك لە ژنانی سەربازی ئۆكراینا كە لە ناوەندی كۆبوونەوەی سەربازیی لە خاڵێكی نزیك شاری سڵۆڤیانسك دەمێننەوە، لەگەڵ سەربازانی خۆبەخشدا ئەركەكانیان بەڕێدەكەن.

ئەو ژنە سەربازانە كە لە دەستپێكی جەنگی ئۆكرایناوە لە بەرەكانی جەنگدا دەمێننەوە، ماوەی چەند مانگێكە نەچوونەتەوە بۆ ماڵ و لە هەموو شوێنێك و لە هەموو هەلومەرجێكدا، چەك بەدەستن بۆ بەجێگەیانی ئەو ئەركەی فەرماندەكانیان پێیان دەدەن.

لە كاتێكدا ژمارەیەك لەو ژنانەی لە بەرەی دۆنێتسك-دا ساڵانێكە وەك سەرباز لە سوپادا خزمەت دەكەن، ژمارەیەكیشیان بڕیاریانداوە خۆبەخشانە خزمەت بكەن.

ئەو ژنە ئۆكراینییانەی لە ناوەندی كۆبوونەوەی سەرباز دەمێننەوە، رۆژانە چەكەكانیان پاكدەكەنەوە و لە پاڵ ئەركەكانیشیاندا، هاوكاری چێشتلێنەرەكان دەكەن لە ئامادەكردنی خواردن بۆ سەربازەكان.

سڤیتلانا-ی تەمەن ٢٨ ساڵ لە كەتیبەیەكی سەربە سوپای ئۆكراینا كار دەكات كە لە بەرەی دۆنێتسك جێگیركراوە، باسی لەوەكرد كە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تا ئێستا، وەك ئەفسەر كار دەكات.

ئەو ژنە سەربازەی ئۆكراینا، كە پلەی نەقیبە لە سوپای وڵاتەكەی، باسی لەوە كرد ساڵانێكە لەناو سوپادایە، بەڵام بەهۆی جەنگەوە راستەوخۆ لە بەرەی پێشەوەی جەنگەو وتی: ''ئێستا رەوشەكە قورسترە، چونكە لە بەرەی پێشەوە كار دەكەم''.

سڤیتلانا هەروەها ئاماژەی بەوە كرد كە پێشتر لە ناوچەی لوهانسك بووە و ئێستاش لە بەرەی جەنگە لە دۆنێتسك، رایگەیاند: ''ئێمە ژنان و پیاوان شان بە شانی یەك دەجەنگین و دەبینە پشتیوانی یەكتری''.

ژن و پیاوێكی خۆبەخش لە هەمان كەتیبە كار دەكەن

ساشای تەمەن ٣٦ ساڵان لەگەڵ هاوسەرەكەیدا لە هەمان كەتیبەی سڤیتلانایە و لەگەڵ دەستپێكی جەنگەكەدا بڕیاریانداوە رووبكەنە بەرەكانی جەنگ.

ساشا وتی: ''جەنگ دەستی پێكرد. بەخەبەرهاتین و بڕیارماندا بچینە بەرەكانی جەنگ. چونكە ئەگەر ئێمە نەچین كێ بەرگریی لە وڵات دەكات. كەسێك بۆ بەرگریكردن لە نیشتمانەكەی پێویست ناكات سەربازێكی شارەزابێت، لێرەدا بوێری گرنگە. كوڕێكی ٢٠ ساڵمان هەیە، ناردومانە بۆ شوێنێكی سەلامەت و هاتووین بۆ ئێرە، لەگەڵ هاوسەرەكەم پێشتر مەشقی جەنگمان بینیوە، ماوەی چەند مانگێكە لە بەرەكانی جەنگین''.

ساشا باسی لەوە كرد كە كاتێك تۆپبارانی چڕ هەیە، لەگەڵ هاوسەرەكەم ئاگامان لە یەكتر دەبێت و وتی: ''هەندێك كات لە جەنگدا دیوار و شتی دیكە مرۆڤ ناپارێزێت، لێرەدا چانسیش دەوری هەیە، بەڵام كاتێك لەگەڵ هاوسەرەكەمم هێزی ئاگاداربوونمان لە یەكتری رزگارمان دەكات. بەیەكەوە پێكدادانی چڕمان تێپەڕاندووە''.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن