تەندروستی جیهانی: تووشبوون بەئاوڵەی مەیمون زیادیكردووە

تەندروستی

18/08/2022     ژمارەی بینراو 301

راچڵەكین-

رێكخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) رایگەیاند، بڵاوبوونەوەی پەتای ئاوڵەی مەیموون خێرا بووە و ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوونی هەفتانە لە سەر ئاستی جیهاندا 20% زیادیكردووە.

بەڕێوەبەری گشتیی رێكخراوی تەندروستیی جیھانی، تیدرۆس ئادھانۆم گیبریسیۆس لە گۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا كە لە ناوەندی رێكخراوەكە لە جنێڤ ئەنجامیدا هەڵسەنگاندنی بۆ دوایین پێشهاتەكانی پەتای ئاوڵەی مەیموون ئەنجامدا.

گیبریسیۆس ئاماژەی بەوەكرد، لە سەرەتای ساڵەوە بۆ ئێستا لە ٩٣ وڵات ‌حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیموون دەستنیشان كراوە و لە ١٦ی ئابەوە كۆی گشتیی ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوون بە ٣٦ هەزار و ٤١٢ حاڵەت تۆمار كراوە و ١٢ كەسیش بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیانیان لەدەستداوە.

بەڕێوەبەری گشتیی WHO، سەرنجی بۆ ئەوە راكێشا كە زۆرترین حاڵەت لە ماوەی هەفتەی رابردوودا تۆماركراوە و جەختی لەوە كردەوە كە لە ماوەی حەوت رۆژی رابردوودا نزیكەی حەوت هەزار و ٥٠٠ حاڵەتی نوێ تۆماركراوە و ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوونی هەفتانە سەدا ٢٠ زیادیكردووە.

تیدرۆس ئادھانۆم گیبریسیۆس ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەری هەیە ڤاكسینەكانی دیكەی ئاوڵە كە لە بەردەستدایە كاریگەری لەبەرامبەر ئاوڵەی مەیموون هەبێت بەڵام ئامارەكانی سەبارەت بە دابینكردن و رێژەی كاریگەرییان زۆر سنووردارە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن