هەولێر.. 12 بەنزینخانەی تر بەهۆی سەرپێچییەوە سزادەدرێن

کوردستان

01/09/2022     ژمارەی بینراو 310

راچڵەكین –
 
لەهەولێر 12 بەنزینخانەی تر بەهۆی دەستكاریكردنی كوالێتی بەنزین و خراپی جۆرەكەی، سزادران و خاوەنەكانیشیان رووبەڕووی رێكاری یاسایی دەكرێنەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی پارێزگای هەولێر، لیژنەی پشكنین و چاودێریكردنی بەنزینخانەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی هەولێر، لەماوەی ئەم هەفتەیە، پشكنینی بۆ 48 بەنزینخانە لەناو شاری هەولێرو دەوروبەری كردووە، 12 بەنزینخانە بەهۆی دەستكاریكردنی كوالێتی بەنزین و خراپی جۆرەكەی، سزادراون.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لەسەرەتای مانگی (6)ی ئەمساڵ تاكو ئەمڕۆ پێنجشەممە، كۆی گشتیی ئەو بەنزینخانەی كە لەهەولێرو دەروبەری سزادراون، بۆ 254 بەنزینخانە بەرزبووەتەوە، سێ بەنزینخانەش بەهۆی زیاتر لەجارێك سەرپێچی و دەستكاریكردنی كوالێتیی و فرۆشتنی بەنزینی خراپ بەهاوڵاتییان، ناوەكانیان بڵاودەكرێنەوە، كە بریتین لە: وێستگەی ئارام محەمەد، وێستگەی باواجی و وێستگەی هەڵگورد.

ئاماژە بەوەشكراوە، لەئێستادا بەرھەمی بەنزینی جۆری 800 دیناری نۆرماڵ، بە كوالێتییەكی باش لەبەنزینخانەكاندا دەست دەكەوێت و لیژنەكانی بەدواداچوون و چاودێرییكردنی بەنزینخانەكانیش ھەوڵەكانیان چڕتركردۆتەوە بە مەبەستی كۆنترۆڵكردن و پاراستنی خەسڵەت و كوالێتیی بەنزین.

پارێزگای هەولێر داواشی لەهاووڵاتیان كردووە، هاوكاریان بن و لەكاتی تێبینیكردنی هەر جۆرە سەرپێچییەك، بەزووترین كات ئاگاداری قائیمقامیەتی ناوەندی هەولێر بكەنەوە، بۆئەوەی رێكاری یاسایی بەرامبەر بەنزینخانە سەرپێچیكارەكان بگرنەبەر.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن