حكومەت نەوتی خێرخوازێك بە پارە بە خەڵك دەفرۆشێتەوە

کوردستان

26/03/2020     ژمارەی بینراو 570

راچڵەكین

پەرلەمانتارێكی یەكێتی داوا لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و پارێزگای هەولێرو بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی ئەو پارێزگایە دەكات، ئەو پارەیە بگەڕێننەوە كە لە بەرامبەر دابەشكردنی نەوتە بێ بەرامبەرەكەی فاروقی مەلا مستەفا، لە دانیشتوانی شاری كۆیەیان وەرگرتووە.

عەباس فەتاح ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان، لە پەیامەكەیدا كە ئاراستەی ئەو سێ لایەنەی كردووە، رایگەیاندووە:" ئەگەر مافی تەواوی كۆیە نادەن، دیارییەكانیان پێ مەفرۆشنەوە".

ئەو پەرلەمانتارە، ئاشكرایكردووە، فاروقی مەلا مستەفا وەك كارێكی خێرخوازی، بڕی یەك ملیۆن لیتر نەوتی وەكو دیاری و بێ بەرامبەر بۆ خەلكی كۆیە دابین كردووە، كە پێویست بوو بگاتە دەست خەڵكی كەم دەرامەت  بەبێ بەرامبەر.

راشیگەیاندووە، بەڵام بۆ هەر بەرمیلێك، بڕی 46 هەزار دیناری لێ وەرگیراوەو كۆی گشتی پارەكە دەكاتە 230 ملیۆن دینار، لەكاتێك بەشە نەوتی كۆیە شەش ملیۆن لیترە.

عەباس فەتاح داوای لە سامانە سروشتییەكان و پارێزگای هەولێر كردووە پێش ئەوەی خەڵكی كۆیە بانگهێشتی بەردەمی داواكاری گشتییان بكات، پارەی ئەو نەوتە بگێڕنەوە بۆ هاوڵاتیان، بۆ ئەوەی پارەكە بدرێت بە 920 ماڵە هەژاری ئەم شارە بۆ هەر یەكە 250هەزار دەكات، كە لەم بارودۆخە ناهەمواری ئەمڕۆ، ئەم بڕە بۆ خەلكی هەژار زۆر زۆرە.

پەرلەمانتارەكەی یەكێتی باسی لەوەشكردووە، ناكرێت لە سلێمانییەوە خەڵكی خێرخواز هاوكاری بۆ كۆیە بنێرێت و بەرپرسان لەهەولێر لێی بخۆن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن