راچڵەكین –
وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، ناوی سێ كەس لە لیستی دامەزراندن لەهەردوو سەنتەری ئۆتیزم و شیاندنی خاوەن پێداویستی تایبەت لەسنووری پارێزگای هەڵەبجە، دەردەهێنێت و ئەو كەس و دامەزراوانەش دەخاتە بەردەم لێپرسینەوە كە پشتگیری نیشتەجێبوونیان بۆ كردوون.
وەزارەتەكە لە روونكردنەوەیەكدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویكردووەتەوە، هۆكاری دەرهێنانی ناوی سێ كەسی لەكۆی ئەو 30 كەسە ئاشكراكردووە لە لیستی دامەزراندن لەهەردوو سەنتەری ئۆتیزم و شیاندنی خاوەن پێداویستی تایبەت لە پارێزگای هەڵەبجە، راشیگەیاندووە، ئەو سێ كەسە نیشتەجێی هەڵەبجە نین و پشتگیری ناڕاستیان بۆ كراوە كە دانیشتووی ئەو پارێزگایەن.
وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، ئاماژەی بەوەشكردووە كە بەپێی ڕیزبەندی شوێنی ئەو سێ كەسە بە كەسانی دیكە پڕدەكرێتەوە.
دەقی روونكردنەوەكە:
ڕوونكردنەوەیەك بۆ ڕای گشتی
سەبارەت بە دامەزراندنی سی كەس بۆ هەردوو سەنتەری ئۆتیزم و شیاندنی خاوەن پێداویستی تایبەت لە پارێزگای هەڵەبجە لە ڕێگای ئۆنلاین و بە خاڵ و بە شێوەیەكی زۆر دادپەرەوەرانە پڕۆسەكە بەڕێوەچوو، بەڵام بە داخەوە ئەمڕۆ زانیاریمان پێگەییشت كە سێ كەس لەوانەی بەپێی خاڵبەندی دامەزراون، ناڕاستیان لەگەڵ كردوین و دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجە نین، لەوەش خراپتر ئەوەیە پشتگیریشیان بۆ كراوە كە دانیشتوی هەڵەبجەن، هەر بۆیە لێرەوە ڕای دەگەیەنین:
۱/ هەر بەڕێزێك سكاڵای هەیە لەوەی كە ناوی نەهاتۆتەوە، سەردانی دیوانی وەزارەت بكات تا هەموو بەڵگەنامەكانی بخەینە بەردەست.
۲/ ئەو ناوانەی كە دانیشتوی هەڵەبجە نین، ڕۆژی یەكشەممە ناوەكانیان لادەبرێت و بەپێی ڕیزبەندی شوێنەكانیان پڕدەكرێتەوە.
۳/ ئەو كەس و دامەزراوانەش كە پشتگیری ناڕاستیان كردووە، دەیانخەینە بەردەم لێپرسینەوە.
راگەیاندنی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی