لیرەی توركی گەورەترین دابەزین لە بەهاكەی تۆمار دەكات
راچڵەكین
بەهۆی لێدوانێكی وەزارەتی گەنجینەی توركیا، بەهای لیرە بۆ نزمترین ئاست لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی دابەزی.
ئەمڕۆ 7-2-2020، لەمیانەی ئاڵوگۆڕی دراو لە بازاڕە ئەلیكترۆنییەكانی توركیا، نرخی لیرە دابەزینێكی گەورەی لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی تۆماركردو بەرێژەی (0.6%) لە بەهاكەی كەمبووەوە.
بەگوێرەی ناوەندە ئابوورییەكانی توركیا، ئەمە گەورەترین دابەزینی نرخی لیرەیە، كە لەماوەی 9 مانگی رابردوودا لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی بەخۆیەوە ببینێت.
ناوەندە ئابوورییەكانی ئەو وڵاتە، هۆكاری ئەو دابەزینە گەورەیەی نرخی لیرەیان گەڕاندەوە بۆ كاریگەریی لێدوانەكەی وەزارەتی گەنجینەی توركیا لەسەر بازاڕەكان.
وەزارەتی گەنجینەی توركیا لە لێدوانەكەیدا رایگەیاندبوو، ئەگەری هەیە بانكی ناوەندیی توركیا جارێكی تر نرخی سوود كەمبكاتەوە.
مانگی ئایاری ساڵی رابردوو، بەهۆی كاریگەریی لێدوانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا كە هەڕەشەی وێرانكردنی ئابووری توركیای دابوو، بەهای لیرە دابەزینێكی گەورەی لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی و یۆرۆ تۆماركرد.