زانكۆی سلێمانی: خوێندكارانی تازە وەرگیراو دەرفەتی شوێن گۆڕینیان پێدەدرێت

کوردستان

30/10/2022     ژمارەی بینراو 278

راچڵەكین-

زانكۆی سلێمانی رایدەگەیەنێت، خوێندكارانی تازە وەرگیراو لە زانكۆی سلێمانی بۆ ساڵی خوێندنی 2022-2023 دەرفەتی دابەزین و شوێن گۆڕینیان پێدەدرێت لە نێوان زانكۆكان و بەشەكان بۆ سەرجەم سیستەمەكانی خوێندن.

بەڕێوەبەرایەتی تۆماری گشتی زانكۆی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە رێگەی سیستەمێكی ئەلیكترۆنی تایبەت تەنھا بە خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی، لە ڕۆژی دووشەممە 31ـی 10 بۆ 15ـی 11ـی 2022 لە رێگای لینكێكی تایبەتی ئۆنلاین لەسەر سایتی تۆماری گشتی زانكۆی سلێمانی دەتوانن داواكاری تۆمار بكەن.

ئاماژە بەوەشكراوە:"دابەزان و شوێن گۆڕینەكە بە ڕەچاوكردنی كۆنمرەی خوێندكار وكۆنمرەی ئەو بەشەی داوای دەكات و بە ڕەزامەندی هەردوو بەشەكە وتۆماری گشتی، بەجۆرێك تەنها دەرچووانی قۆناغی شەشەمی ساڵی خوێندنی 2021-2022 سودمەند دەبن لەم دەرفەتە نەك ساڵانی رابردوو ."

ئەوەش خراوەتەڕوو، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە خوێندكار ئەم كارانە بكات پێش داواكردنی دابەزاندن و شوێن گۆڕین:

1. پێویستە خوێندكار تۆماركردنی تەواو كردبێت بە سەركەوتویی و فۆرمی زانیاری خوێندكاری بەدەست ھێنابێت.

2. دڵنیابوون لە كریدتی خوێندكار بۆ بەشی داواكراو و كەمترین كۆنمرەی ورگیراو لە بەشی دووھەم لە سیستەمی زانكۆلاین.

3. خوێندكار تەنھا یەك جار بۆی ھەیە داوای دابەزین و شوێن گۆڕین بكات و داوكاری دووھەمی رەتدەكرێتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن