سلێمانی.. نرخی ئەمپێری موەلیدە بۆ مانگی 11 دیاریكرا

کوردستان

04/12/2022     ژمارەی بینراو 596

راچڵەكین –

بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی، نرخی ئەمپێرێك كارەبای موەلیدەی ئەهلی بۆ مانگی 11 دیاری دەكات و  بەرنامەی كاركردنی موەلیدەكانیش بۆ مانگی 12 گۆڕانكاری بەسەردا دێت.

ئەمڕۆ یەكشەممە،‌ لیژنەی دیاریكردنی نرخی موەلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی كۆبووەوەو بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی، بەگوێرەی نرخی گازوایل، نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری موەلیدە بە (57) دینار بۆ مانگی (11) دیاریكرا، كە بە تێكڕایی موەلیدەی ئەهلیی گەڕەكەكان لەنێوان (220) بۆ (255) كاتژمێر كاریان كردووە، بەمەش نرخی ئەمپێرێك كارەبا لەنێوان 13 هەزار دینار بۆ 14 هەزارو 500 دینار دەبێت.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، هەندێك موەلیدەی ئەهلی كە بەرنامەی كاركردنیان لە كاتژمێر 7ی بەیانی بۆ 1ی شەو بووە، نرخی ئەمپێریان لە نێوان 15 هەزار دینار بۆ 16 هەزارو 500 دینار دەبێت، هاوكات بەهۆی جیاوازی كارپێكردنی موەلیدە ئەهلییەكان و دابینكردنی كارەبا بۆ هاوڵاتیان، نرخی یەك ئەمپێر كارەبا لەگەڕەكێك بۆ گەڕەكێكی دیكە جیاواز دەبێت.

كارەبای سلێمانی ئاماژەی بەوەشكردووە، بەرنامەی كاركردنی موەلیدەكان بۆ مانگی 12 گۆڕانكاری بەسەردا دێت، بەجۆرێك لە كاتژمێر (6:30) ی بەیانی بۆ (8)ی بەیانی و كاتژمێر (1)ی پاشنیوەڕۆ بۆ (1)ی شەو دەبێت، لەو ماوەیەشدا هەركاتێك كارەبای نیشتمانی كوژایەوە، موەلیدە ئەهلییەكان كارەبا بۆ هاوڵاتیان دابین دەكەن‌.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن