فەتوای عەلی قەرەداغی دەربارەی سوجدەی سوپاسگوزاریی یاریزانان

هەمەڕەنگ

11/12/2022     ژمارەی بینراو 471

راچڵەکین – 

ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان رایگەیاند سوجدەی سوپاسگوزاریی یاریزانان کارێکی جوان و بانگەوازێکی نایابە بۆ ئایینی ئیسلام و کەس مافی نییە راخنەیان لێ بگرێت.

دوای ئەوەی شەوی رابردوو هەڵبژادەی تۆپی پێی مەغریب توانی بۆ خوولی چواری جامی جیهانی سەربکەوێت، یاریزانانی مەغریب لە نێو یاریگادا سوجدەی سوپاسگوزارییان برد، ئەوەش بووە هۆی دروستبوونی را جیایی و هەندێك بە کارێکی باش وەسفیان کرد و هەندێکیش رەخنەیان لێ گرت.

ئەمڕۆ یەکشەممە عەلی قەرەداغی، ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان بە پشت بەستن بە کۆمەڵێك بەڵگە رایگەیاند بەدڵنیایی كە بردنی سوجدەی سوپاسگوزاریی لە كاتی هاتنی نیعمەتێك یان نوێبوونەوەیدا، یان لابردنی بەڵاو ناڕەحەتییەك، یان بینینی كەسێكی توشبوو و بەركەوتەدا، یان هاوشێوەیان لە نیعمەتەكانی خوای گەورە كە لە ژمارە نایەن كارێكی ویستراو و چاكە.

وتیشی: ئەو كارە كە تیپی مەغریبی ئەنجامیاندا كارێكی جوان بوو، بانگەوازێكی نایابە، دەرخستنی گەورەیی خوای گەورەیە، خوای گەورە پاداشتی خێریان بداتەوە.

دەقی راگەیەندراوەکەی عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان: 

حوكمی شەرعی سوجدەی سوپاسگوزاریی لە كاتی هاتنی نیعمەتێك، یان نەمانی ناڕەحەتی و بەڵایەكدا
ئەو سوجدەی سوپاسگوزارییە كە تیپی مەغریب بۆ تۆپی پێ‌ لە كاتی سەركەوتنیان بەسەر هەر سێ تیپی بەلجیكا و ئیسپانیا و پرتوگالدا پێی هەستان، ڕاجیایی لەسەری هاتەكایەوە، منیش وەك خۆم ئەو كارەم پێباش بوو، بەڵام هەندێكیتر ڕەخنەیان لەو كارە گرت، وتیان: ئەوان بەبێ‌ دەستنوێژ و بێئەوەی ڕوو بكەنە قیبلە ئەو سوجدەیەیان بردووە، یان و یان...

لەبەرئەوە لێرەدا حوكمی شەرعی سوجدەی سوپاسگوزاریی لە سوننەتی پیرۆزدا، هەروەها لە لای پێشینانی چاكەكار و چاكەخواز ڕووندەكەمەوە.

سوجدەی سوپاسگوزاریی لە سەرەتاوە بە وتنی (الله أكبر) دەستپێدەكات، پاشان ئەو كەسە یان ئەو دەستەیە سوجدەیەكی سوپاسگوزاریی دەبات، ئینجا تەسبیحاتی خوای گەورە و سوپاسی خوا دەكات، لە خوای گەورە دەپاڕێتەوە بە بەردەوامبوونی ئەو نیعمەتە كە خوا بەخشیویەتی پێی، پاشان بە وتنی (الله أكبر) سەر بەرزدەكاتەوە، ئینجا بەبێ‌ وتنی شایەتومان و تەحییات سەلام دەداتەوە، هەندێك لە زانایانی پێشین سەلامدانەوەشیان بە مەرج نەگرتووە.

ژمارەیەك لە فیقهناسان هەموو مەرجەكانی نوێژیان لە پاكوخاوێنی و داپۆشینی عەورەت و ڕووكردنە قیبلەیان لە سوجدەی سوپاسگوزاریدا بە مەرج گرتووە، بەڵام ڕای بەهێز ئەوەیە كە ئەو مەرجانە لە سوجدەی سوپاسگوزاریدا بە مەرج ناگیرێن، واتە پاكوخاوێنی و ڕووكردنە قیبلە و داپۆشینی شەرمگا -لە نێویشیاندا باڵاپۆشیی بۆ ئافرەت-، بەڵام گومانی تێدا نییە كە ئەگەر ئەنجامبدرێن ئەوا سوجدەكە باشتر و تەواوترە. ئەوەش گوتەی ژمارەیەكی زۆرە لە زانایانی پێشین، لەوانەش: ئیبن جەریری تەبەری، ئیبن حەزم، ئیبن تەیمییە، ئیبن قەییم، شەوكانی و صەنعانی، هەروەها ژمارەیەك لە زانایانی مالیكی، لە زانایانی هاوچەرخیش ئیبن باز و ئیبن عوسەیمین و زانایانی تریش.

بەڵگەشیان لەسەری ئەوەیە كە پێغەمبەری خوا (صلی الله علیە وسلم) سوجدەیەكی سوپاسگوزاریی بردووەو -هەروەك لەمەوپاش باسدەكرێ‌- لێیەوە نەهاتووە كە دەبێت ڕووبكرێتە قیبلە، هەروەها پاكوخاوێنی و هاوشێوەیان پێویست بێت، لای جێنشینە ڕاشیدەكانیش هەر بەهەمانشێوە بووە، ئەبی بەكر لە فەرموودەیەكدا كە بەم لەفزە هاتووە وتوویەتی: ((پێغەمبەری خوا (صلی الله علیە وسلم) كاتێك كە ڕووداوێكی دڵخۆشكەری بۆ هاتبێت یان مژدەیەكی پێدرابێت سوجدەی بۆ خوای گەورە بردووە)) ئەبو داود بە ژمارە (2774) گێڕاویەتەوە، بێدەنگ بووە لەوەش كە فەرموودەكە فەرموودەیەكی باش و گونجاو بێت یان نا، ئەلبانی لە صەحیحی ئەبو داود ژمارەی فەرموودە (2774)، هەروەها ئەڕناۆوگ بە ڕاست ناوزەدیان كردووە، ترمزیش فەرموودەكەی بە ژمارە (1578) گێڕاوەتەوە، هەروەها ئیبن ماجە بە ژمارە (1394) بە كەمێ‌ جیاوازییەوە گێڕاویەتەوە، ئەحمەدیش بە ژمارە (20455) بە درێژی گێڕاویەتەوە.

ڕواڵەتی فەرموودەكە ئەوە دەگەیەنێ‌ كە ئەو شتانەی پێشتر بە مەرج ناگیرێن، چونكە باسكردن و ڕوونكردنەوەی شتێك كاتێ‌ كە پێویست بكات زەرورەتە. 

لە لایەكیتریشەوە لەوانەیە هۆكارەكانی سوجدەی سوپاسگوزاریی لە كتوپڕدا بێت و بەدواخستنی ئیتر مەبەست و حیكمەتەكەی نامێنێ‌. 

لەلایەنی سێیەمەوە ئەو پاكوخاوێنی و هاوشێوانەی كە لە مەرجەكانی نوێژدا هاتوون، دەریدەخەن كە سوجدەی سوپاسگوزاریی وەك نوێژ نییە، چونكە لە شەرعدا ناونەبراوە بە نوێژ، ئەوكاتیش ئەوا پێوانەكردنی بە نوێژ پێوانەگیرییەكی نادروستەو ڕاست نییە.

لە (مجموع الفتاوی)ی ئیبن تەیمییەدا لاپەڕە (21/277) دا هاتووە دەڵێ‌: (پێغەمبەری خوا نەیفەرمووە كە نوێژە، ڕیزبوون نەكراوەتە مەرجی ئەنجامدانی... پێغەمبەر خوا -صلی الله علیە وسلم- سەلامدانەوەی بۆ دانانەوە، لەمبارەیەوە هیچ لێیەوە نەگێڕدراوەتەوە، نە بە سەنەدی ڕاست و دروست و نە بە سەنەدێكی لاوازیش).

لە كتێبی (الشرح الممتع علی زاد المستنقع) لاپەڕە (4/107-108) كە لەدوای باسی قەدەغەكردنی سوجدەی سوپاسگوزاریی لە نوێژدا) هاتووە، دەڵێ‌: (ئەوەی كە نوسەر باسیكردووە ڕاستە چونكە -سوجدەی سوپاسگوزاریی- هیچ پەیوەندییەكی بە نوێژەوە نییە). هەر لەسەر ئەم باسە سەیری (گۆڤاری لێكۆڵینەوە ئیسلامییەكان -مجلە البحوپ الإسلامیە-) ژمارە 36/267-309) بكرێ‌.

بەڵگەكانی چاكیی بردنی سوجدەی سوپاسگوزاریی: 
بەڵگەی زۆر هەن لەسەر بردنی سوجدەی سوپاسگوزاریی كە كارێكی باشە، لەوانەش: مەعلومە كە پێغەمبەری خۆشەویستمان (صلی الله علیە وسلم) هەركات شتێكی دڵخۆشكەری بۆ هاتبێت سوجدەی سوپاسگوزاریی بۆ خوای گەورە بردووە. مەسائیل حەرب كە لە ساڵی (280ك) مردووە لە فەرموودەی ژمارە (1057)، هەروەها ئەبو داود لە فەرموودەی ژمارە (2774)، ترمزیش لە فەرموودەی ژمارە (1587) گێڕاویانەتەوە، هەروەها بەیهەقی لە بەشی ڕاجیاوازیدا لە فەرموودەی ژمارە (2204) بە سەنەدی خۆی لە عەبدوڕەحمان كوڕی عەوفەوە گێڕاویەتەوە كە وتوویەتی: (چوومە ناو مزگەوت لە كاتێكدا كە پێغەمبەری خوا (صلی الله علیە وسلم) لە دەرەوەی مزگەوت بوو، منیش كەوتمە شوێنی و لەدوایەوە دەڕۆیشتم، ئەو (صلی الله علیە وسلم) هەستی پێم نەكرد تا چووەناو باخێكی دارخورماوە، ئینجا ڕووبە قیبلە وەستا، پاشان سوجدەی سوپاسگوزاریی برد، سوجدەكەی درێژكردەوە، منیش هەر لەدوایەوە بووم...ئینجا فەرمووی: مژدەت دەدەمێ‌ كە خوای گەورە دەفەرموێ‌: ((هەركەس سڵاوت لێبكات منیش سڵاوی لێدەكەم، هەركەسیش صەڵەواتت لەسەر بدات صەڵەواتی لەسەر دەدەم)) ). حاكمیش لە كتێبی (المستدرك) دا دەریهێناوە بە ژمارە (1/585).

بەیهەقی دەڵێ‌: (ئەم فەرموودەیە ڕاستە، لەبارەی بردنی سوجدەی سوپاسگوزارییەوە فەرموودەیەكی لەمە ڕاستتر شك نابەم، بەرا‌و كوڕی عازب دەڵێ‌: عەلی (خوا لێی ڕازی بێت) كاتێك دەربارەی موسڵمانبوونی خەڵكی هەمەدان نامەی بۆ پێغەمبەری خوا (صلی الله علیە وسلم) نوسی و هەواڵی پێدا، پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) سوجدەی سوپاسگوزاریی برد و فەرمووی: ((سڵاو و ئاشتی لەسەر هەمەدان، سڵاو و ئاشتی لەسەر هەمدان))، زەهەبی لە كتێبی مێژووی ئیسلام لاپەڕە (2/690) بە ڕاست ناساندوویەتی، هەروەها كەسانیتریش، بەیهەقیش هەمان سەرچاوەی پێشووی بە ژمارە (2216) بە سەنەدی خۆی گێڕاوەتەوە كە ئەبوبەكر (خوا لێی ڕازی بێت) كاتێك هەواڵی ڕزگاركردنی یەمامەی پێگەیشتووە سوجدەی سوپاسگوزاریی بردووە، ئیبن ئەبی شەیبە لە موصەننەفدا بە ژمارە (17/464) هەروەها بە ژمارە (2217) بە سەنەدی خۆی لە ئەبی موسای ئەشعەریەوە گێڕاویەتەوە كە: عەلی (خوا لێی ڕازی بێت) كاتێ‌ بینی كە موخدەج (ناسراو بوو بە كەسێكی مەمكدار -واتە مەچەكێكی وەك مەمكی ئافرەت وابوو) كوژراوە و ئەو نیشانانەی تێدایە كە بۆ هاوەڵەكانی خۆی باسیكردووە سوجدەی سوپاسگوزاریی بردووە، مەروزی لە باسی گەورەیی ڕێزی نوێژدا (1/255)، هەروەها ئیبن ئەبی شەیبە لە موصەننەفدا بە ژمارە (8500)، بەیهەقیش لە سونەنی كبری دا بە ژمارە (3939)، هەریەكەیان بە سەنەدی خۆی گێڕاویانەتەوە كاتێ‌ كەسێك كە نەخۆشییەكی درێژخایەنی هەبووە تێپەڕیوە بەلای پێغەمبەری خوادا (صلی الله علیە وسلم) پێغەمبەر سوجدەی سوپاسگوزاریی بردووە، ئەبوبەكر و عومەریش (خوا لێیان ڕازی بێت) لەگەڵیدا سوجدەیان بردووە، بوخاریش لە فەرموودەی ژمارە (4156)، هەروەها موسلیم بە ژمارەی (2769) گێڕاویانەتەوە كاتێك كە كەعبی كوڕی مالیك مژدەی قبوڵبوونی تەوبەكەیی پێدراوە ئیتر لە خۆشیدا سوجدەی سوپاسگوزاریی بردووە.        
   
قازی ئەبو یەعلی لە كتێبی (التعلیق الكبیر)، چاپی دار النوادر دیمەشق ساڵی 1435ك لە لاپەڕە (1/313) دا، زۆرێك لە فەرموودەو گێڕدراوەكانی لەبارەی سوجدەوە هێناوەو بەم گوتەیەی كۆتایی پێهێناوە كە دەڵێ‌: (هەموو ئەمانە بەڵگەن لەسەر سەلماندنی هەبوونی سوجدەی سوپاسگوزاریی لە نێوان پێشیناندا و باوبوونی)، لەپێش ئەمیشەوە زۆرێكی تر لە زانایان هەمان شتیان وتووە، لەوانە ئیمامی حەرەمین لە كتێبی (نهایە المگلب)، لێكۆڵینەوەی د. الدیب، چاپی ئەوقافی قەتەر.

پوختە:
بەدڵنیایی كە بردنی سوجدەی سوپاسگوزاریی لە كاتی هاتنی نیعمەتێك یان نوێبوونەوەیدا، یان لابردنی بەڵاو ناڕەحەتییەك، یان بینینی كەسێكی توشبوو و بەركەوتەدا، یان هاوشێوەیان لە نیعمەتەكانی خوای گەورە كە لە ژمارە نایەن كارێكی ویستراو و چاكە، ئەوكات ئەو كەسە یەكجار الله أكبر دەكات، پاشان سوجدە دەبات و تەسبیحاتی خوای گەورە دەكات، هەروەها سوپاسی خوای گەورە دەكات و لێی دەپاڕێتەوە كە نیعمەتی زیاتری پێببەخشێ‌، ئینجا سەری بەرزدەكاتەوە و الله أكبر دەكات، هیچ پێویستشی بە سەلامدانەوە نییە، ئەمەش ڕای ژمارەیەك لە زانایانە، ئەگەریش سەلامبداتەوە هەر دروستە وەك لە فەرموودەی پێشووی بەرا‌و كوڕی عازب دا هاتووە، ئەگەریش بە دەستنوێژەوە سوجدەی بردوو و ڕووبە قیبلەش بێت و شوێنی شەرمگای داپۆشراو بێت ئەوا باشترەو گومانی تێدا نییە كە تەواوترە.

لە سەر بنەمای ئەمەی پێشەوە ئەوا ئەوانەی كە ڕەخنەیان گرتووە مافی ئەوەیان نییە ڕەخنە بگرن، بەڵكو هەروەك وتم: لە ڕاستیدا ئەو كارە كە تیپی مەغریبی ئەنجامیاندا كارێكی جوان بوو، بانگەوازێكی نایابە، دەرخستنی گەورەیی خوای گەورەیە، خوای گەورە پاداشتی خێریان بداتەوە.
درود و سەلام لەسەر گەورەمان موحەممەد و لەسەر ماڵبات و تەواوی هاوەڵە بەڕێزەكانی.
 

 نوسینی: پ. د. عەلی محێدین قەرەداغی
ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن