قادر ئەسعەد بەرهەمێكی نوێ بڵاودەكاتەوە

هەمەڕەنگ

26/12/2022     ژمارەی بینراو 363

راچڵەكین-

هونەرمەندی گۆرانیبێژ (قادر ئەسعەد) نوێترین بەرهەمی خۆی بەناوی ( گوڵفرۆش) بڵاودەكاتەوە.

قادر ئەسعەد لەبارەی ڤیدیۆكلیپەكە رایگەیاند، ناوەڕۆكی ئەم بەرهەمە باس لە چاوەڕوانییەكی بێهودە و تەنیایی دەكات، وەك ئەوە وایە چاوەڕوانی گۆدۆ بیت.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، جگە لەم بەرهەمەی سەرقاڵی چەند پڕۆژەیەكی هونەرییە و بۆ سەری ساڵی نوێ هیچ ئاهەنگ و كۆنسێرتێكی نابێت وەك هاوسۆزییەك بۆ كوردانی رۆژهەڵات.
 
دوایین بەرهەمی ئەو هونەرمەندە حەیران و لاوكی 'تەیراوە' بوو كە لە تێكست و ئاوازی خۆی بوو و بەشێوەی ڤیدیۆكلیپ لە 30ـی تشرینی دووەمی 2020 بڵاوكرایەوە.
 
قادر ئەسعەد، لە 4ـی نیسانی 1967 لە هەولێر لە دایكبووە، گۆرانیبێژ، ئاوازدانەر، تێكستنووسی گۆرانی و بەرهەمهێنەرە، باندی جالای لە ھەولێر دامەزراندووە كە یەكەم ئەلبوومی بە ناوی 'جالا' لە 1985 و ئەلبوومی 'جالا 2' لە 1988 بڵاوكردەوە.
 
لە 1991 یەكەم ئەلبوومی خۆی بەناوی 'قادر ئەسعەد' بڵاوكردەوە و لە 10 تراكی گۆرانی پێكهاتبوو، بەهۆی دۆخی باشووری كوردستان و عێراق لە نەوەدەكاندا رووی لە ئەوروپا كردووە و لە سوێد نیشتەجێبووە.
 
لە 1996 ئەلبوومێكی گۆرانی بەناوی 'ئازیزان'، لە 1998 ئەلبوومی 'سەفەری عیشق'، لە 2001 ئەلبوومی 'لاوە لاوە'، لە 2003 ئەلبوومی 'ببوورە'، لە 2005 ئەلبوومی 'نۆستالجیا'، لە 2008 ئەلبوومی 'كەركووك'، لە 2012 ئەلبوومی 'شایی' و لە 2018 ئەلبوومی 'گوڵی تەمەن' بڵاوكردووەتەوە.

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن