لە ٢٠٢٢دا شەش ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە

ڕاپۆرت

03/01/2023     ژمارەی بینراو 255

راچڵەکین –

 وتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند لە ساڵی ٢٠٢٢دا، شەش ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و بە پێی ئامارێکی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم، داهاتی گەشتیاران لەمساڵدا لەسەدا ٥٥ زیادی کردووە.

لە هەرێمی کوردستان، سێ هەزار و ٩٢٧ بنکە و ناوەندی گەشتیاریی هەیە کە ساڵانە گەشتیارێکی زۆر سەردانیان دەکەن و بەپێی داتا و ئامارەکانی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە میانی ساڵی ٢٠٢٢دا، شەش ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.

هەرچەندە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عیراق سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٠دا بەهۆی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێکارەکانی خۆپارێزییەوە، هیچ گەشتیارێک سەردانی هەرێمی کوردستانی نەکرد و تەواوی شوێنە گەشتیارییەکانیش داخرابوون، بەڵام ماوەی دوو ساڵە رێژەی هاتنی گەشتیاران روو لە هەڵکشاندایە و گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستانیش رایدەگەیەنێت کە بەپێی پلانەکانییان توانیوویانە لە ساڵی ٢٠٢٢دا ژمارەیەکی زۆر گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان رابکێشن.

وتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ئیبراهیم عەبدولمەجید رایگەیاند: "لە ساڵی ٢٠٢٢دا، ئامانجی پلانەکەمان پێکا، چونکە مەبەستمان بوو بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١دا، رێژەی گەشتیاران بەرز بکەینەوە و کارمان لەسەر راکێشانی گەشتیاران کرد و توانیمان ئامانجەکەمان بپێکین".

لەبارەی داتا و ئامارەکانی ساڵی رابردووش، ئیبراهیم عەبدولمەجید وتی: "لە ساڵی ٢٠٢١دا، ژمارەی ئەو گەشتیارانەی سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردبوو بریتیی بوو لە چوار ملیۆن و ١٨٩ هەزار گەشتیار، هاوکات ژمارەی ئەو گەشتیارانەی لە میانی ساڵی ٢٠٢٢دا، سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە بریتییە لە شەش ملیۆن گەشتیار و بەمەش توانمان لە رێگای پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکان و ئاسانکاری بۆ هاتنیان، ژمارەی گەشتیاران بەرز بکەینەوە".

هاتنی شەش ملیۆن گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان هاوکاتە لەگەڵ داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان تایبەت بە ژمارەی دانیشتووان کە بە زیاتر لە شەش ملیۆن هاووڵاتی خەمڵێنراوە.

بەپێی داتاکانی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان، ٦٨٠ کۆمپانیا و نووسینگەی بواری گەشتیاریی هەیە، هاوکات ٤٧٣ هۆتێل هەیە کە توانای لەخۆگرتنی نزیکەی ٨٥ هەزار کەسی هەیە و ھۆتێلەکانیش بەپێی ئەستێرەکان پۆڵینکراون کە ٣٥ هۆتێلی پێنج ئەستێرەیی، ٦٩ ھۆتێلی چوار ئەستێرەیی، ٩١ ھۆتێلی سێ ئەستێرەیی، ١١٢ ھۆتێلی دوو ئەستێرەیی و ١٦٦ھۆتێلی یەک ئەستێرەیی هەیە کە توانای لەخۆگرتنی ٨٥ ھەزار کەسیان هەیە.

ئەگەرچی پێشووتر گرانی نرخی شوێنە گەشتیارییەکان ببووە جێی گلەیی و گازاندەی گەشتیاران و کۆمپانیا گەشتیارییەکان، بەڵام دواتر دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان چەند رێنماییەکی تایبەت بە باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزاریی و پاک و خاوێنی لە شوێنە گەشتیارییەکان دەکرد و ئەمەش وایکرد کە شوێنە گەشتیارییەکان بتوانن گەشتیاری زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان رابکێشن و خزمەتگوزاری باشتر پێشکەش بکەن.

هاوکات بەبۆنەی سەری ساڵی زانییەوە، ژمارەیەکی زۆر گەشتیار روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر، تەنیا لە بازگەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، ٦١ هەزار و ٦٥٨ گەشتیار هاتوونەتە هەولێر، بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی-یش لە شەوی سەری ساڵدا، ٤٠ هەزار گەشتیار روویان لە شارەکە کردوو، هەرچەندە تا ئێستا گەشتوگوزاری دهۆک ژمارەی گەشتیارانی بۆ شەوی سەری ساڵ رانەگەیاندووە، بەڵام پێشبینی دەکرێت ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیارانیش روویان لە پارێزگای دهۆک کردبێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، ساسان عەونی بە ماڵپەڕی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی راگەیاندووە کە داھاتی سەرجەم فەرمانگەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە میانی ساڵی ٢٠٢٢دا، بریتیی بووە لە ٣٠٦ ملیار و ٢٥٠ ملیۆن دینار و ئەوەیش بەراورد بە داھاتی ساڵی ٢٠٢١، سەدا ٥٥ زیادی کردووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن